ئەلتەرناتیڤ ئەوەیەدەبێ خەڵک بایکۆتی ئەم هەڵبژاردن بکەن وخۆیان بەهێزو ئیرادەی خۆیان یەکگرتوانە بێنەمەیدان ولەدەوری یەک کۆبنەوەبۆدروستکردنی دەسەڵاتی شورایی کە سەرجەم خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەران هتد، تێیدا خۆشگوزەران بێت، ئەمە تاقە ڕێگەیە کە بتوانی خەلکی کوردستان لەم ئەزمەیە دەربێنئ و ژیانێک بژین کە شایستەیان بێت.
هاوڕێیانی ئازیز لەدۆسی یەی ئەم جارەی ماڵپەری ئەڵتەرناتیڤی شورایی بۆ گفتوگۆکردن چەند پرسیارێکمان ئاراستەی چەندین هاوڕێ کردووە، کەتایبەتە بە ( ئایا بەشداریی هەڵبژاردن دەکەی ؟ ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردنی پەرڵەمانی ؟ باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە ؟چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟ ئێمە ئامانجان ئەوەیە کە وەک سەکۆیەکی ئازادانە لیرەوە وەک خۆی بۆچوونی هەریەکە لەهاوڕێیان بڵاو بکەینەوە هەتاوەکو سەرجەم خوێنەران سوودمەندبن لەزانیاری بۆچوونە جیاوازەکان بە چەند بەشێک تەواوی وەڵامی هاوڕێیان بڵاودەکەینەوە .
ئامادەکردنی: ئاوات ڕەسوڵ
بەشی یەکەم
کاوە نادر قادر نووسەر وچالاکەوانی مەدەنی سەبارەت ئایا بەشداری هەڵبژاردن دەکەی دەڵێت :
بەڵێ بەشدار دەبم لە هەڵبژاردن، چونکە بە پێویستی دەزانم کە کوردستان بەڕلەمانی خۆی هەبێ بۆ ئەوەی دەرفەت نەدرێتە سەرۆکی حزبەکان بە ناوی کوردستانیان قسە بکەن و هەرچی بیانەوێ ئەنجامی بدەن بە ناوی بەرژەوەندی کوردستان کە لە بنەڕەتدا ، بەرژەوەندی خۆیانە .
کاوە نادر سەبارەت بە ئەوەی ئایا بەرلەمان لەو پێنج خولەی پێشتر چەندە کوردستانیان سودمەند بوینە لێی !؟ گوتی ئەو بەرلەمانە بە رواڵەت دەزگای یاسادانانی سەربەخۆ بووە ، بەڵام هەر لە کارەکانی گوزارشت لە خواستەکانی ئەو دوو حزبە باڵا دەستەی هەرێمی کوردستانی کردیە نەک بەرژەوەندی خەڵک ،
درێژکردنەوەی و هەڵوەشاندنەوەی لە لای داگای فیدراڵ ئەو قسەیەمان دەسەلمێنێ کە قازانجی حزبی لەسەروی بەرژەوەندی گەل دانراوە .
ئەو پرسیارە ، پێویستی بە کەمێك هەڵسەنگاندن و تەتڵە کردن دەبێت. هیچ کەس ناتوانێ نکوڵی لەو سیستەمە حزبییە تەسکە بکا، کە ئێستا لە هەموو جومگەو وێستگەکانی بارگەکراوەی کوردستان بە حزبایەتی تەسک کراوە و تا ئەو سیستەمە حزبییە بەڕێوە بچێ ، ئەوا بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی لەسەروی بەرژەوەندی نیشتیمانی کوردستانی دەبێ.
تا ئەو سیستەمە نەگۆڕدرێ و هەوڵی دامەزراندنی کۆمەڵگەیەکی مۆدێرن نەدرێ و هاوڵاتی هەست بە ماف و ئەرکی خۆی نەکاو هاوڵاتی لە سیستەمی گوێڕایەڵی دەسەڵات رزگارنەکرێ ، ئەوا زەحمەتە ئەو هەڵبژاردنانە بەکەڵکی ئەوە بێت کە دەزگایەکی یاسادانانی موکم دروست بەڕێوە بچێ.
بەڵام لێرەدا دەبێ ئەوە بزانرێ ، ئەو خولانەی لەوەو پێشی بەرلەمان هەندێ کاری لە خزمەت خەڵکدا بووەو ئەو یاسایانەی کە دەریان کردووە هەندێکی بە جۆرێکی رێژەیی لە بەرژەوەندی گشتیش رەنگی داوەتەوە .
– داگیرکەرانی کوردستان لە گژ ئەوەن ، کە کوردستان هیچ دەزگایەکی فەرمی و ئۆرگانێکی نیشتیمانی تێدا دروست نەبێ کە ببێتە دەزگایەکی بڕیاردەر بۆ بڕیارە چارەنووسسازەکانی کوردستان لە دەرفەتێکی گونجاو و ئەو نەریتە دیموکراسیەتە ببێتە نەریتێکی نیشتیمانی کوردستانی، هەر بەدەست بنەماڵە و خێڵەکیەت بێ بۆ داگیرکەران هاسانتر دەبێ پیلان و پلانەکانیان بە هاسانی بەڕێوە بەرن.
-وەکوو بە رۆژێک هیچ دامودەزگایەکی فەرمی و موکم دروست نابێ ، ئەگەر بناغەی نەبێ و سەرەتای بناغەی نەبێ . هەروەک هەموو وڵاتانی دونیا بە چەند قۆناخدا رەتبوون تا گەیشتینە ئەوڕۆکە. هەبوونی بەرلەمانێکی رواڵەتیش بی لە رووی نیشتیمانی سیمایەکی نیشتیمانی هەیەو لە بەرامبەر بە داگیرکەران دەکرێ چاوی لێ بکرێ .
بۆ ئەوەی کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدەست بهێنین کە هاوڵاتی کوردستانی خۆی تیدا ببینێتەوە، ئەوا دەبێ سەرەتا ئەو سیستەمە باوەی ئێستا لە حزبایەتی تەسک رزگاربکرێ ، ئەوجا دامودەزگا فەرمەیەکانی تیا رێڕەوی خۆی ببینێ.
شاعیرونووسەر بەندی عەلی لەوەڵامی ئەوەی ئایا بەشداری هەڵبژاردن دەکەی دەڵێت: نەخێر .. چونکە لەهەلومەرجی ئەمڕۆی هەرێمی کوردستاندا ، بەرانبەر بە دەسەڵاتێکی نادادپەروەرو مۆدێلێکی کۆنی دەسەڵاتدارێتیی سیاسی ، هیچ بەدیلێکی ئۆپۆزسیۆنی کارامە لەڕووی پێگەی کۆمەڵایەتییەوە وجودی نییەو بەشی زۆری لایەنە سیاسییەکان وەك هاوبەش و هاوسود دەچنە نێو ئەم پرۆسەیەوە
ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئایا باوەرت بە هەڵبژاردنی پەڕلەمانی نییە لەوەڵامدا بەندی عەلی گوتی :من وای نابینم کێشە باوەڕبوون و نەبوون بێت بە سیستمی پەڕلەمانی ، بەڵکو کێشەکە (بە ڕای من) نەبوونی بنەماکانی بەڕێوەچوونی ئەم پرۆسەیەیە ، وەك نەبوونی ئازادیی بیروڕاو سنووردارکردنی
– نە بوودادپەروەریی لە پێدانی هەمان فرسەت بە تاکەکان لەو پرۆسەیەدا
– کۆنترۆڵکردنی جومگە سەرەکییەکانی ژیانی ئابووری و کۆمەڵایەتی لەلایەن دوو بنەماڵەی خاوەن هێزی چەکدار – چەندین هۆکاری تر.
ئەڵتەرناتیڤی شورایی چۆن دەتوانرێت کۆمەڵگەیەکی باشتر بەدی بهێنرێت ؟
شاعیرونووسەر بەندی عەلی گوتی : خودی ئەم پرسیارە ڕەنگە پێویستی بە دەیان کتێب هەبێ لەسەری بنووسرێت ، بەشێوە تەقلیدییەکەی کە باوە لەنێو سیاسەتزانەکاندا دەکرێ چەندین فۆرمی کارو نەخشەڕێگای لەسەر باس بکرێت ، بۆ نموونە هاتنە مەیدانی حیزبێکی سیاسیی کەلەبەرژەوەندی خەڵکی بەشمەینەت خەبات بکات وبە میتۆدو بەرنامەی ڕۆشنی فیکری ، نەك هەڵگرتنی بەردی قورس کە ئاشکرایە نییەتی هاویشتین لەگەڵدا نابێ و پەرەپێدانی ڕێکخراوە مەدەنی و پیشەیی و فەرهەنگییەکان بۆ مەبەستی کۆکردنەوەو یەکخستنی خەڵک ((نەك وشیارکردنەوەی)) چونکە من وای نابینم کە کۆمەڵگەی کوردی ئەوەندە ناوشیاربێت تا ئەمڕۆ ، بەتایبەتی کە مێژوویەکی زۆر و هەرچی فۆرمە فیکرییەکانە لە ڕاستەوە بۆ چەپ وجودیان هەبووە لەم ناوچەیەدا
ئەڵتەرناتیڤی شورایی ئایا خەڵکی کوردستان سودمەند بووە لەپاش چەندین هەڵبژاردن ؟
بەندی عەلی لەم بارەیەوە دەڵێت بە ڕێژەیەکی بەرچاو نەخێر .. ئەگەرچی ئەم شێوازە لە هەڵسوکەوتی سیاسی لەنێوان ئەحزابی کوردیدا باشترە لە نانەوەی شەڕی ناوخۆو دابەشکردنی زیاتری خەڵکی بەشمەینەتی هەرێم لەنێوان ڕەنگەکاندا و پیماشە کە ئەوەی بەدوی فۆرم و مۆدێلێکی سیاسی تردا دەگەڕێت ، ناچارە هەلومەرجی جیهانی و ناوچەییش لەبەرچاو بگرێت ، گەر وا نەکات بێگومان هەم ناگات بە ئەنجامێکی باشترو هەم چیتریش نابێ هەوڵەکانی زیاتر لە هەندێ (ڕستەی شۆڕشگێڕی) ..
سەبارەت بەپرسیارەکانی ئەم جارەی دۆسییەی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دڵشاد جەباری کرێکارو هەڵسوراوی سیاسی دەڵیت : ئێمە ساڵانێکی دوور و درێژە وەک گەلی کورد شۆرش و خەبات دەکەین و چەنەها شەهید دەدەین لەپێناو ئازادکردنی خاک و نیشتیمان ، بەڵام ئەگەر ڕژێمی بەعس بەهۆی هەڵەیەکیەوە لە جەنگی کەنداو شکستی سیاسی و سەربازی پێنەهێنرایە ئەوا ئێمە هەتاکو سەد ساڵی تریش ئەو دەسەڵاتە بەعسیە بە دەیان جار کیمیاباران و ئەنفالی بکردینایە ئێمە نەئەبووینە خاوەنی یەک بست خاکی خۆمان هەتاکو بە ئازادی تیایدا بژین بەڵام ئەوە شکستی بەعس بوو لە جەنگی کەنداو قەدەر وایکرد ئێمە ببینە خاوەنی سێ شاری ڕزگاکراو لە کوردستانی باشوور ئەوەش بە ڕووحییەتێکی شۆڕشگێڕانە و کوردانە بوو کە خەڵکی کوردستان بەهۆی ئەو هەموو ستەمە زۆرەی لەژێر ڕژێمی بەعس بینیبووی بە فرسەتییان زانی کەوا ڕژێمی بەعس هێز و توانای لاواز بووە لە ناوچەکەدا وە خەڵکیش ڕاپەڕی و سێ شاریان لەدەست ڕژێنی بەعس ڕزگارکرد .
بەڵام بەداخەوە چەند حزبێک هاتن دەستان گرت بەسەر ئەو دەستکەوتەدا و لەبری ئەوەی کەوا کوردستان بکەن بە خاوەنی عەقڵێکی ڕێکخراوی موئەسەسی بەڵام نەک هەر نەیان کرد بەڵکو کوردستانی باشووریان کرد بە چەندین پارچەوە وە کردیانە مۆڵگە و تەراتێنی موخابەراتی وڵاتانی دوژمنی کورد وە لە هەموو شوێنێکەوە چەندین گرووپ و حزب و ڕێکخراوی بازاڕی پەیدابوو لە کوردستان هەر یەکێک عەقڵی تاک بە تاکی ئەم میلەتە ستەملێکراوە بەلای خۆیدا ڕادەکێشێت و ئەیگەوجێنێ تەنها لە پێناوی دەسکەوتنی پلە و پۆست و ماددی وە سی ساڵە ئەم کوردستانی باشوورەی ئێمە گیرۆدەی حیزبە ناسیاسییەکانە .
کە نەیانتوانیوە کار لەسەر یەکگرتنەوەی هەموو چین و توێژەکان بکەن لە باشووردا و بیکەنە ڕێکخراوێکی موئەسەسی لە ناوچەکەدا وە ئێستاش گرفتی ئێمە کە ڕۆژ بە ڕۆژ باج ئەدەین بەهۆی ئەوەوەیە کە ئێمە تاکو ئێستا نەمانتوانیوە پەرلەمانێک لە کوردستاندا دامەزرێنین کەوا ڕێز لە هەموو بیروڕا جیاوازەکان بگرێت.
بەڵکو بە عەقڵییەتێکی دیکتاتۆری بنەماڵە خۆیان سەپاندووە بەسەر کوردستاندا وە هەر شتێک لە بەرژەوەندی ئەواندابێت لە پەرلەماندا دەیکەن وە هەر شتێکیش لە بەرژەوەندی خۆیان نەبێت کاری لەسەرناکەن لە پەرلەماندا هەر بۆیە لای خەڵکانی ڕۆشنبییر و ڕەوشەن فکر ڕوون و ئاشکراییە کە ئەمڕۆ هەڵبژاردن تاکو ئێستا نەیتوانیوە گرفت و کێشەکانی خەڵک چارەسەربکات بەڵکو ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر شکست بە خەڵک دەهێنێت لە ڕووی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ناوچەکەدا .
سەبارەت بە پرسیارەکانی ئەڵتەرناتیڤی شورایی شیرین ئەحمەد چاالاکەوانی بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان دەڵێت / سڵاوتان لێبێت و دەستان خۆش بێت بۆ ئەو هەواڵنەتان بۆ هوشیارکردنەوەی خەلک سەبارەت بە ژیان و گوزەرانی داهاتویان.
لەراستیدا من تا ئیستا بەتەمەنی پەرلەمان کە هەڵبژاردن کراوە من نەچووم و ئامادەش نیم کە بەشداری هەڵبژاردن بکەم، چونکە بەرای من سیستمی پەرلەمانی هیچ کاتێک لە قازانجی زۆرینەی خەلک نیە. هەروەکو هەموان ئاگادارین بەشێکی زۆر لە خەلک ژیان و گوزەرانیان لە ئاستێکی زۆر خراپدایە، بەتایبەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش کە لەم جیهانی پێشکەوتنەدا، ئەوان بە شێوەیەکی تر ژیان بەسەردەبەن کەلە راستیدا هیچ ئاسایی نیە، بۆیە دەنگنەدان بەم دەسەاڵتە ئەتوانێت بەشێکی زۆر لەخەڵک بە داخوازیەکانیان ووشیار بکاتەوە ، ئەمە سەرەتایەکە بۆ هاتنە مەیدانی خەلکانی زەحمەتکێش و کرێکار، هەروەها بۆ رێکخستنی بزوتنەوە ی ناڕەزایەتی خەڵک کە تینوی ئازادی وژیانێکی باشترن لەم سەردەمەدا.
وەکو دەزانین لە کوردستاندا دوو حیزب دەستیان گرتوە بەسەر هەموو داهاتی کوردستاندا وهەر ئەو دوو حیزبە لەهەوڵدان هەمیشە براوە بن و یا چەند حیزبێکی بچوکتر لەهەوڵدان کە بچنە ناو پەرلەمان و دەسەاڵتەوە کە هەمان ماهیەتیان هەیە، کە دەتوانم بلێم ئەوانیش حیزبی کۆنەپەرستی دینی نەتەوەیین کە ناتوانن هیچ کات خۆشگوزەرانی بۆ ژیانی خەلک دابین بکەن.
تاقە ئەلتەرناتیڤ ئەوەیە دەبێ خەڵک بایکۆتی ئەم هەڵبژاردنە بکەن و خۆیان بەهێزو ئیرادەی خۆیان یەکگرتوانە بێنە مەیدان و لەدەوری یەک کۆبنەوە بۆ دروستکردنی دەسەڵاتی شورایی کە سەرجەم خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش و فەرمانبەران هتد، تێیدا خۆشگوزەران بێت، ئەمە تاقە ڕێگەیە کە بتوانی خەلکی کوردستان لەم ئەزمەیە دەربێنئ و ژیانێک بژین کە شایستەیان بێت.
من ئەگەر باسێکی کورتی ئەم سی و دوو ساڵەی تەمەنی پەرلەمان بکەم، دەبینین چۆن ژیانی زۆرینەی خەڵکانی زەحمەتکێش و کرێکار بەرەو خراپی رۆیشتوە. هەرلە دابینەکردنی ئاوو کارەباو خزمەتگوزاری رۆژانەیان کە بەتایبەتی لەگەرەکە هەژارنشینەکاندا بەڕوونی دەبینرێت.
خوێندنگاو نەخۆشخانەکان زۆربەی ئەهلی کراونەتەوەو تارادەیەکی زۆر حوکومیەکان تەواو
پشتگوێخراون، کە ئەمەش زەرەرێکی زۆر گەورەی داوە لە خەلکی هەژارو مام ناوەندی. بەسەدان کۆمپانیایان دروست کردوە کە بەرپرسەکان خاوەندارێتی دەکەن. لەم کۆمپانیانەدا کرێکاران زۆر دەچەوسێنەوەوموچەیەکی زۆر کەمیان هەیە، هیچ یاسایەک نیە کە پشگیریان لئ بکات، تەنانەت ئەگەر کرێکاران ناڕەزایەتی دەربڕن بەرامبەر بە خراپی مەرجی کارو نەدانی مووچە ئەو کات زۆر بە ئاسانی دەردەکرێن لەکار.
کاتێک خەلکی کار دەکات بۆ ئەوەی موچەیەک وەرگرئ تا ژیان و گوزەرانی ڕۆژانەی پێڕایی بکات لە خواردن و جل وبەرگ وکر ێی خانوو هتد ، کەچی لەم مەملەکەتەدا کە پئ دەڵێن کوردستان بەهەقی خەلکی ڕەوا نابینن کە لە پای کارەکەیاندا مووچەیان پێبدرێت.
خۆ ئەگەر بێینە سەر وەزعی کچان و ژنان هەر باس ناکرێت، کە چۆن کردویانەو دەیانەوئ ڕۆژ لەدوای ڕۆژ وەزع و ژیانیان بەرنەوە دواوە. لە کوردستاندا لەماوەی ئەم سی و دوو ساڵەی تەمەنی پەرلەمان و دەسەاڵتی کوردیەدا زیاد لە سی و پێنج هەزار ژن کوژراون بەناوی ناموسپەرستیەوە، ئاخر ئەمە لە کوێی دنیادا بووە، ئەبینن کە گۆڕستانی ژنانی بێ ناونیشانمان هەیە، کە
ئەمە بەڵگەیەکی حاشا هەڵنەگرە کە پیشانی دەدات چ وەحشیگەریەک دەکرێ بەهەقی ژنان لەژێر سایەی دەسەڵاتی دوو حیزبی خێڵەکی کۆنەپەرستی قەومی دینی کە نۆکەرایەتی دەکەن بۆ وڵاتانی دراوسێ یان.
دواتر هەرچی فەزای کوشتن و نائارامی و بێهیوای گەنجەکانمان و لەدوارۆژێکی ڕوناک کە زۆرینەی وڵاتی بە جێهێشت و سەری خۆی هەڵگرت، بوونی نەخۆشی زۆر لەو کۆمەڵگەیەدا لەئەنجامی هاوردە کردنی خۆراکی خراپی بەسەرچووی بێ کۆنترۆڵ و کوالیتی.
بەراستی نەهامەتیەکان ئەوەندە زۆرن مرۆڤ نازانێت لە کوێ وە دەست پێ بکات.
هاوکات دەستی ئەحزابی کۆنەپەرستیان ئاواڵەکردوە کە بەشێوەیەک بچنە ناو ژیان خەڵکەوە کە قابیلی قبوڵ نیە، بۆ نمونە مناڵان لە جیاتی فێری زانست بکرێن، پەلکێش دەکرێن بۆ ناو دین و خورافیات، یاخود کچانی مناڵی ژێر هەژدە ساڵ باڵا پۆش دەکەن، ئەمانەو دەیەها شتی تر کە تجاوەزە بە ژیانی مناڵان و خەلکی.
من داواکارم خەلکی کوردستان هوشیارانە بڕیاری خۆیان بدەن و نەچن بۆ دەنگدان و بایکۆتی بکەن، چونکە ئەمە هیچ لە بەرژەوەندی خەلکی کرێکارو زەحمەتکێش و مامۆستان و هتد نیە. تەنانەت ئەو ئەحزابانەی تریش کە پڕوپاگەندە دەکەن کە بچنە پەرلەمان وادەکەن کە ژیانی خەلک دەگۆرن، بڕوایان پێ مەکەن، چونکە هیچیان لە بەرنامەیاندا نیە کار بۆ ژیانی خەلک بکەن،
هەموویان یەک عەقلیەت و یەک بەرنامەیان هەیە کە بەس خزمەت بە خۆیان و حیزبەکەی خۆیان دەکەن واتە ئەوانە نوێنەری خەلکی هەژار نین و بەس بیر لە کەڵەکە کردنی سەروەت و سامانی خۆیان دەکەنەوە.