کاندیدی بێ ژمارەم …. متمانەم پێبدەن …
گوتارێکی تەنز ئامێز ـــ
گەر گوتارەکەم بەدڵتان نەبوو ئەوا ئینستاگرامەکەم بسوتێنن و فەیسبوکەکەم لێ داخەن و مەسنجەرەکەم هاک بکەن و ژمارەکەم بلۆک بکەن و پاسپۆرتەکەم لێ بسەننەوە و ناسنامەکەم بدڕێنن … جگە لە ڕێز و خۆشەویستی ئێوەو دڵسۆزیم بۆ گەل و خاکی نیشتیمانم، هیچم نییە بیدۆڕێنم .

((سروەی بەیان))
کاندیدی بێ ژمارەم ….
متمانەم پێبدەن …
بەڵێنتان پێدەدەم لەسەر هەموو مینبەرەکان دەنگم لەزەڕە زەڕی هەموو گوێدرێژەکان بەرزتر دەکەم و لە باعە باعی تاک بەتاکی مێگەلە مەڕی کوردستان ملهوڕانەتر شایەتمانی ناعەدالەتی دەدەم … لەبری هەر هەمووان دەزەڕێنم، گوێدرێژەکانی جیهان وەئاگادێنم و پێیان دەڵێم … کەئەوان چۆن تەمەنی بەهاری پتر لە سی ساڵەی گەلێکی ستەمدیدەیان بە گوڵ و خونچەی نەپشکوتووەوە هەڵپاچی و بە بەرچاوی کوێر و نابینای جیهان کاولستانێکیان لە گەندەڵی و نادادی و دزی و چەتەیی بۆ فەراهام کردین .
متمانەم پێبدەن …
لە هەموو کونجێکی هەژارنشینی شارو لادێ فەرامۆشکراوەکان ، باسی ئازادی خەسێنراو و باسی ڕوشانی کەرامەت و سفرکردنەوەی تاکی کوردتان بۆ دەکەم، بەرەو چ چارەنوسێکیان بردووین … باسی گەمژەیی و کۆیلەیی سەرکردەکانتان بۆ دەکەم کە غەرقی گۆمی خیانەت وخاک فرۆشی و خۆفرۆشی بوون … ئێوەش هێندە بەستەزمانن کوردایەتیتان پێ دەفرۆشنەوە … ئەوەی بێ مۆڕاڵە باسی نیشیمانپەروەری دەکاو ئەوەی خۆفرۆشە باسی کوردایەتی دەکا.
متمانەم پێبدەن …
پێتان دەڵێم چۆن سی ساڵە بێ دەستوور دەگوزەرێنین چۆن پەرلەمان بەجەمەدانی کورد بینەقاقای گیرا و خنکێنرا … چۆن یاسا وەکو تەراویلکه لەدوورەوە بریق و باقی دیارە و کەپێی دەگەی بوونی نییە ، چۆن داد لە قوڕگی دادپەروەران تاسا و بەربێنی گیرا تا بەدەردی پەرلەمان بردرا، ماف لەو ناوە پەلەقاژەی مەرگییەتی، چۆن پەروەردەو فێرکردن بووە قوربانی.
متمانهم پێبدهن
دهبمه چاوساغی دهستی داگیركهرو چی كچه كوردی تەواوی پارچهکانی كوردستان هەیە ڕادهستی داگیركهران دهكهم، لەژێر ڕکێفی جبە و کەواو سەڵتەو عەبای دووژمنان لاقە بکرێن، چی مەلاو بانگخوازی دووڕوو و درۆزن و پاشەڵ پیس و داعشی نووستوو هەیە، دەکەم بەشاهێدی مارەبڕینیان، بووکەشووشەی دەستی کچۆڵە شەش تا نۆ ساڵەکان فڕێ دەدەمە زبڵدانی مێژوو و بەماکیاژو چەواشەکاری ئاینی بیابان دەیانکەمە دیاری و خەڵات بۆ ئەمیرەکانیان، ئێوە بەس دەنگم پێ بدەن، حوشتر بە چیاکاندا سەردەکەوێنم و دەستی ئەتا تورکی دووژمن دەگرم قەندیلتان بۆ خاپوور بکا و ڕەشەبایەک هەڵدەکەم لەچکی کچان و ژنان بکاتە قەنارە بۆ لەسێدارەدانیان .
متمانەم پێبدەن ….
دەبمە زمانحاڵی منداڵە بێ باوکەکان و ژنە شەهیدەکان و دایکە جەرگ سووتاوەکان … هەرچی قوربانی و خەبات و تێکۆشانیانە دەیکەم بە ژەمێک خواردنی چێشتخانەی شاری جوان و … پیاسەیەکی قولغە بەناو سەرکردایەتیەکانیان لەسەری بڵند و قەلاچۆلان و گردەکە و کۆشک و تەلارە بەرزەکان ….گەشتێک لە کۆتایی هەفتەدا بۆ دوورگەی کەناری و … حیسابێکی بانکی لەهەر وڵاتێکی دیموکراسیخواز، تا ئەو کاتەی چاوی کزی هەژاران و نەدارانی پێ دەرپۆقێ و دەستی لەرزۆکی پیرەکانی پێ بەرزبێتەوە و نزا بکەن، تەخت و تاراجی شەرعیەتی بەناو شۆڕش و سەرمایەدار و دیکتاتۆر و سەرکردەکان ئا بەم دەنگدانە وەرگەڕێ و کۆتایی پێبێ .
من کاندیدی بێ ژمارەم….