بەتوندی سەرکۆنەی توندوتیژی و کوشتنی هاوڵاتیـیان دەکەین لە لایەن کۆماندۆ و چەکدارانی حزبەکانی دەسەڵاتەوە

0

کۆمیتەی سلێمانی / ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق
ماوەیەکە لە سلێمانی و چەند شار و شارۆچکەیەکی ئەو پارێزگایە، دیاردەی تەقە لێ کردن، بریندارکردنی بەمەبەست و کوشتن، پەرەی سەندووە، لە لایەن چەکدارانی ناسراو بە (کۆماندۆ)ی سەر بە هێزەکانی پێشمەرگەی حزبی دەسەڵاتدار لە زۆنی سەوز. (کۆماندۆ) لە چوار چێوەی هێزی (ئاسایش) و (پۆلیس)دا ڕێکـنەخراوە و لەژێر فەرمانی بەرپرسانی پلە باڵای حزبی و هێزی پێشمەرگەدان.

لە مانگی ڕابردوودا لە (تاسڵوجە) تەقە لە کەسێک دەکرێت و بریندار دەکرێت، و لە (گەڕەکی زانکۆی سلێمانی تازە) لاوێک لەلایەن ئەفسەرێکی ئەم هێزەوە دەکوژرێ. هەروەها، لە گەڕەکی ڕاپەرینی سلێمانی (ئاری ڕزگار چایچی) بەبەرچاوی خەڵکەوە شەوی (٢٧-٧-٢٠٢٤) بەر فیشەک دەدرێت و لە جێگادا گیان لەدەست دەدات. هەر لەم ڕاستایەدا، لە (بانی مەقان) لە قەزای (چەمچەماڵ)یش ڕۆژی (٢٨-٧-٢٠٢٤) قاچی دوو کەس بەمەبەست بریندار دەکرێت، و شەوی (٣-٨-٢٠٢٤) لە (گەڕەکی
زێڕێنۆک) لە سلێمانی هەر لە لایەن ئەم هێزەوە قاچی دوو کەس دەشکێنرێ. زنجیرەی ئەم کوشتن و بریندارکردنەی هاوڵاتیـیان دیاردەیەکی سیستماتیک پێکدەهێنی و پێدەچێ سیاسەتێک بێت کە هێزەکانی دەسەڵات گرتویانەتەبەر و پیادەی دەکەن.

دیارە، ئەم کۆشتن و تەقە کردنە، ئەم توندوتیژیـی نواندنە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان مێژویەکی دوورودرێژی هەیە، هەر لە دوای گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی لە لایەن ئەم حزبە ناسیونالیستیـیە میلیشیانەوە، و بۆ چاوترساندنی خەڵک دەستیان کرد بەکوشتنی ژنان و نەیارانی سیاسی خۆیان و ڕۆژنامەنووسان و چالاکەوانی بزووتنەوەی کریکاری و جەماوەری و کۆمۆنیستەکان.

هەتا ئێستاش ئەم دیاردەیە بەردەوامە، و کەم ڕۆژ هەیە گوێـبـیستی ئەوە نەبین کە بەدەستی (کۆماندۆ) و زێرەڤانی) گەنجێک یان هاووڵاتیـیەکی ئەم هەرێمە نەکوژرێ یا سوکایەتی پێ نەکرێت بەبێ ئەوەی هیچ ڕێگریـیەکی یاسایی هەبێت و تاوانباران سزای یاسای خۆیان وەرگرن.

ئەم تاوانانە کە لەم دوایـیانەدا ڕووی لە هەڵکشانە، هەم لە زۆنی سەوزی ژێر دەسەڵاتی (یەکێتی نیشتمانی کوردستان)

ئەنجام
دەدری و هەم لە "زۆرنی زەرد"ی ژیر دەسەڵاتی (پارتی دیموکراتی کوردستان) کە دەیان کەسیان لەسەر شەقامەکان، لەبەردەم خەستەخانەکان بەر شەق داوە، لەسەر فوڵ-لایت یا لەسەر ڕاگرتنی سیارە خەڵک کوژراوە، میدیاکاران کەلوپەلەکانی میدیاییان لێ سەندراوە و چەندین ڕۆژ نامەنووس بەتۆمەتی جۆراوجۆرەوە گیراون و دراون بەدادگا و زیندانی کراون.

پەرەسەندنی ئەم دیاردەیە لە کاتێکدایە کە پێگەی حکومەتی هەرێم لە هاوکێشە سیاسیـیەکانی عێڕاقدا تادێت لاواز دەبێ و هەردوو حیزبی دەسەڵاتداری هەرێمەکەش لەناو قەیرانێکی هەمەلایەنەی سیاسی-ئابووری و کارگێڕیدان و ڕووبەڕووی، نەفرەت و بێزاری و ناڕەزایەتیـیەکی جەماوەری بەرفراوان بوونەتەوە.

ئەم دەسەڵاتە لەم بارودۆخەدا بۆ پاراستنی مانەوەی خۆی، نەک هەر سیاسەتی سەرکوتی ئاگاهانە و ڕێکخراو پیادە دەکات لە لایەن دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیەوە، بەڵکو برەویش دەدات بە دروست کردنی یەکەی تایبەتی لە هێزی چەکدار بەناوی جۆراوجۆرەوە بۆ پەرەپێدان بە سیاسەتی توندوتیژی ئاشکرا لەسەر ئاستی کۆمەڵگە و بۆ چاوترسێنکردنی جەماوەر و پاشەکشە پێکردنی ناڕەزایەتیـیەکانیان.

ئەوە ڕێکخراو نەبوون و یەکگرتوو نەبوونی جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز و نەبوونیانە بە هێزێکی سیاسی چینایەتی سەربەخۆ و کاریگەر کە بواری ئاوەڵاکردۆتەوە بۆ ئەوەی هێزی چەکداری حزبەکانی دەسەڵات و دامودەزگا سەرکوتگەرەکانیان درێژە بەم تاوانانەیان بدەن، و بەقیمەتی جەزرەبەدان و تۆقاندنی خەڵک و کوشتوبڕی کردن، دەسەڵات و فەرمانڕەوایەتیـیان
بەسەر ئەم کۆمەڵگەیەدا بهێڵنەوە.

کۆمیتەی سلێمانی ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێڕاق، لە کاتێکدا بە توندی سەرکۆنەی ئەم دەستدرێژیـیانە و ئەم توندوتیژی و کوشتوبڕیـیە دەکات، داواش لە جەماوەری زەحمەتکێشی ناڕازی و ئازادیخوازان، لە ڕێکخراوە کریکاری و جەماوەریـیەکان دەکات دەنگی ناڕەزایەتی خۆیان هەڵبڕن دژ بەم تاوانکاریـیانە و لەپێناو داسەپاندنی پاشەکشە بەسەر حزبەکانی دەسەڵات و بنەبڕکردنی دەستدرێژی و تاوانەکانیان.

٧/٨/٢٠٢٤

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.