سەدام و ملازم موحسینەکان
عەبدوڵلا کەریم مەحمود
سەعات ٩ و٣٠ ی بەیانی ١٣ / ٦ / ٢٠٢٤تیمی گۆیژە بپارێزە ، لەگەڵ نووسەران و رۆژنامەنووسان و چەندمیدیاکارێک وکەسێتی دیاری شار ، لە ناوشاری سلێمانی یەوە روویان کردە ، دامێنی گردی دووەمی گۆیژە ،نزیک خاڵی پشکنینی تونێلی ئەزمڕ .
تیمەکە ی گۆیژە ، سەرقاڵی بەرنامەی کارەکانیان بوو ، لە ناکاو هێزێکی چەکدار ، بە جلی سەربازی و بە چەکەوەوە ، لەگەڵ چەند کەسێکی تر ی دەسەڵاتدار بە جلی مەدەنیەوە ، بە شیوەیەکی زۆر ناشرین و نەشیاو ،دوور لە شارستانیەت وبەهای مرۆڤ و مرۆڤایەتی ، بواریان بە میدیاکان نەدا ،هیچ چالاکیەک تۆمار بکەن.
بە توندوتیژیی و دوور لە هەموو بەهایەک ، بەزەبروزەنگی دیکتاتۆرانە ، پەلاماری ئەو رۆژنامەنوسانەیان دا ،بە مۆبایلەکانیان وێنەی خۆپیشاندەرانیان تۆمار دەکرد. وەک دڕندە پەلاماری موبایلەکانیان دان و دەستیان بەسەرداگرت ،ئازاری جەستەیان بە یەکێک لە خۆپیشندەران گەیاند . ئەو دیمەنە ی ئەم ملازم موحسینانە ی ئەمڕۆ ، بەجۆرێک ئازری بە ناخم گەیاند ، منی گەڕاندەوە،بۆ ٤٤ساڵ لەمەوبەر ، ساڵی ١٩٧٧بوو ، هەمان ئەمن و هەمان ملازم محسین و هەمان جەمال رینگۆی سەردەمی سەدام ی هێنامەوە یاد .
کە بینیم چۆن پەلامارو ئازاری سەنگەری کوڕم دەدەن ، هەمان ئازاری جەستەیی و دەروونی خۆم وهاوڕیکانم هاتەوە یاد ، کە شۆفڵ و حەفارەکانم بینی،چۆن ئەو گردانە خاپووردەکەن ، زانیم سەدام و ملازم موحسینەکان تر جارێکی تر ، جینۆسایدی شارو نیشتیمان و هاوڕێکانم دەکەنەوە .
