بۆ یادی گیان بەختکردووانی کۆمۆنیستی گوردانی شوان

0
هەینی ۲۵-۱۲-۱۴۰۲ | 15-03-2024
٣٦ ساڵ له‌مه‌وبه‌ر لە ڕۆژی ٢٦ی مانگی ڕەشەممەی ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا هاوكات له‌گه‌ڵ دوایین مانگه‌كانی شه‌ڕی كۆنه‌په‌رستانه‌ی ئێران و عێراق، ناوچه‌ی ده‌شتی شاره‌زوور له‌ كوردستانی عێراق بوو به‌ مه‌یدانی شه‌ڕێكی خوێناوی، كه‌ تێیدا هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی بێدفاعی دانیشتووی ئه‌م ناوچه‌یه‌، ژن و پیاو و منداڵ و پیر و لاو، به‌هۆی بۆمبارانی شیمیایی ئه‌رته‌شی جه‌نایه‌تكاری ڕژیمی عێراق، گیانیان به‌ختكرد.
له‌و نێوه‌شدا كۆمه‌ڵه‌ كه‌ له‌ ماوه‌ی ٨ ساڵ شه‌ڕی ماڵوێرانکەری ئێران وعێراقدا، دژ به‌م شه‌ڕه‌ كۆنه‌په‌رستانه‌یه‌ هه‌ڵوێستی گرتبوو و به‌رده‌وام هه‌وڵی ده‌دا خۆی له‌ مه‌یدانه‌كانی به‌دوور ڕابگرێ، ئه‌مجاره‌یان لەئاکامی سیاسەت و بڕیارێکی نادروستی ڕێبەریی ئەوکاتی کۆمەڵە واتە جێگرکردنی یەکێک لە گوردانە ڕەزمییەکانی تەشکیلاتی ناوچەی سنە لە ئاوایی سنووریی بیارە، گوردانی شوان نەخوازراو كه‌وته‌ داوی ئه‌و شه‌ڕه‌وه‌ و بەهۆیەیوە کۆمەڵە و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستان خه‌سارێكی قەرەبوونەکراوەی به‌ركه‌وت. ئاوایی بیارە لە ناوچەی هەورامان کە گوردانی شوان لەوێ جێگیر کرابوو لە خاکی عێراق دایە و لە نزیکیی سنووری کوردستانی ئێران هەڵکەوتووە. ئەو سەردەم بەشێک لە دانیشتووانی ئاوایی کە نیگەرانی هەڵگیرسانی شەڕ بوون ناوچەکەیان چۆڵ کردبوو. لە مەودای نێوانی شوێنی جێگربوونی گوردانی شوان و هێزەکانی کۆماری ئیسلامی، نە خەڵک، نە هێزەکانی ئەرتەشی عێراق و نە هێزەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق حزووریان نەبوو. بەرزاییەکانی ناوچەکە لەژێر کۆنتڕۆڵی ڕژیمی کۆماری ئیسلامیدا بوون، بەجۆرێک کە هێزەکانی ڕژیم دەیانتوانی بە خۆمپارە و چەکی نیوەقورسی دیکە نائەمنی پێک بێنن. لەڕاستیدا بیارە بە هیچ پێوەرێکی نیزامی شوێنێکی گونجاو نەبوو بۆ حەسانەوە و هێزگرتنەوەی پێشمەرگەکان.
نزیکەی حەوتوویەک بەرلە کارەساتی گوردانی شوان، هەم لەلایەن خەڵکەوە و هەم لەلایەن هاوڕێیانی خۆمان کە لە ناوچەکەدا بوون هەواڵ و ڕاپۆرت سەبارەت بە جموجۆڵی هێزەکانی ڕژیم بە کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە و ڕوونووسەکەی بە کۆمیتەی ناوچەی سنە دەگەیشت کە باسی هێرشی ئیحتمالیی ڕژیم بۆسەر ناوچەکەیان دەکرد. گوردانی شوان و فەرماندەییەکەی لەم جمووجۆڵانە ئاگاداربوون و لە حاڵەتی ئامادەباشی تەواودا بوون. دوو ڕۆژ بەرلە کارەساتەکە هەواڵەکان باسیان لەوە دەکرد کە جمووجۆڵەکانی ڕژیم لە بەرزاییەکانی ناوچەکە زیاتر بووە و جاروبارە دەورووبەر و خودی پردی “زەلم” واتە ڕێگای پەیوەندی بۆ پاشەکشە، خۆمپارەباران و تۆپباران دەکات.
بەیانیی ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەممە هاوڕێ شۆکێ خەیرئابادی فەرماندەی نیزامیی گوردانی شوان لەڕێگەی بێسیمەوە فەرماندەی نیزامیی تەشکیلاتی ناوچەی سنە ئاگادار دەکاتەوە کە هێزەکانی ڕژیم بەرەو بەرزاییەکانی شوێنی جێگیربوونی گوردانی شوان پێشڕەوییان کردووە. ئەگەرچی بەپێی بڕیار و قەراری پێشوو گوردانی شوان لەژێر فەرماندەیی ڕاستەوخۆی کۆمیتەی ناوچەی سنە و فەرماندەیی تەشکیلاتی سنەدا بوو، بەڵام هاوڕێ شۆکێ بە ڕاوێژ لەگەڵ هاوڕێی فەرماندەی نیزامیی تەشکیلاتی ناوچەی سنە (تیپی ١١ی سنە) بڕیاریان دا کە دەستبەجێ لە گوندی بیارە بڕۆنە دەر، بەڵکوو بتوانن لەڕێگەی پردی “زەلم”ەوە بەرەو ناوچەی سەید سادق پاشەکشە بکەن. بەڵام لە نزیکیی ئەم ناوچەیە ئاگادار بوونەوە کە هێزەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هاوکاری لەگەڵ هێزەکانی “بەرەی کوردستان”ی عێراق بەشێکی بەرین لە ناوچەکەیان خستووەتە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیانەوە و پردی سەرەکی کە بۆ درێژەدانی ڕێگای خۆیان دەبووایە لێی تێپەڕن، لەلایەن ئەم هێزانەوە تەقاوەتەوە. لەگەڵ ڕووخانی ئەم پردە هیچ ڕێگایەک بۆ پاشەکشە بێجگەلە تێپەڕین لە ڕووباری سیراون نەمابووەوە.
هاوڕێیانی گوردانی شوان کە ناچار بوون بەرەو ڕووباری سیروان حەرەکەت بکەن، لە ماوەی ڕۆژدا بەناچار هەر لەو نزیکانە دەچنە ناو ئاوایی “عەنەب” و بەنهێنی چەند شوێنی مانەوە دەدۆزنەوە، تا بەڵکوو لەگەڵ تاریکبوونی هەوا ڕێگای پاشەکشە بەرەو ڕووباری سیروان دیاری بکەن. بەڵام مانەوەی ئەوان لەماوەی ڕۆژدا لەو شوێنە، هاوکاتە لەگەڵ بۆمبارانی شیمیایی شاری هەڵەبجە لە پێنج کیلۆمیتریی ئەوێ کە بەهۆی بڵاوبوونەوەی گازە ژەهراوییەکان لە گشت ناوچەکە ژمارەیەک لە هاوڕێیان بەسەختی و ژمارەیەکیش تا ڕادەیەک مەسمووم دەبن. هاوڕێیانی گوردانی شوان کە تا تاریکبوونی هەوا لەو شوێنە دەمێننەوە لەلایەن فەرماندەیی نیزامیی تەشکیلاتی تیپی ١١ی سنەوە ڕێنمایی دەکرێن کە بەرەو ڕووباری سیروان حەرەکەت بکەن تا لەڕێگەی ئەو بەلەمانەی کە پێشتر ئامادە کرابوون ئەوان لە ڕووبارەکە بپەڕێننەوە. یەکێک لە گرفتە جیددییەکان بۆ ئەم هاوڕێیانە ئاشنانەبوونیان لەگەڵ ناوچەکە بوو، کە ئەوەش بوو بەهۆی ئەوەیکە مەودایەکی کورت لەماوەیەکی زۆردا بپێون. هاوڕێیانی گوردانی شوان مەسیری دوو سەعاتە بۆ ڕووباری سیروانیان بە نزیکەی ٧ سەعات پێوا و سەرەنجام بەداخەوە نەیانتوانی بگەنە شوێنی دیاریکراو.
هاوکات له‌و به‌ری دیكه‌ی ڕووبارەکەوە، چەند واحیدێکی دیكه‌ له‌ پێشمه‌ره‌گه‌كانی كۆمه‌ڵه‌ له‌ تیپی ١١ی سنه‌وه‌ و ژماره‌یه‌ك له‌ به‌رپرسانی نوێنه‌رایه‌تیی كۆمه‌ڵه‌ له‌ عێراق دڵسۆزانە و بێسەبرانە هەوڵیان دەدا تا لە هەر ڕێگەیەکەوە بووبێت پێداویستییەکانی دەربازکردن و پەڕاندنەوەی هاوڕێیانی گوردانی شوان لە ڕووباری سیروان دابین بکەن. لەو باروودۆخەدا به‌ مه‌به‌ستی په‌یوه‌ندی و یارمه‌تیدانی زیاتری هاوڕێیان، به‌له‌مێك به‌ ٥ سه‌رنشینه‌وه لەوانە هاوڕێیەک کە ئاشنایی کامڵی لەگەڵ ناوچەکە هەبوو‌ به‌ره‌و ئه‌و به‌ری ڕووبارەکە ده‌نێردرێ. به‌ڵام پێش ئه‌وه‌ی ئه‌م به‌له‌مه‌ بگاته‌ لێوارئاوه‌كان، ده‌كرێته‌ ئامانجی هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی. به‌له‌مه‌كه‌ تێكده‌شكێت و ٤ كه‌س له‌ هاوڕێیان گیانیان به‌خت ده‌كه‌ن و یه‌كیشیان له‌ لایه‌ن هێزه‌كانی ڕژیمه‌وه‌ به‌دیل ده‌گیرێ.
كاتێك هاوڕێیانی واحیدی کۆمەکی ئاگادار ده‌بنه‌وه‌ كه‌ به‌له‌مه‌كه‌ تووشی دەرگیری بووە و نه‌یتوانیوه‌ به‌ سڵامه‌ت خۆی بگه‌یه‌نێته‌ ئه‌وبه‌ری ده‌ریاچه‌كه‌، ئەمجارەیان هاوڕێیانی گوردانی شوان کە لەگەڵ ڕووناکبوونی هەوا نەیانتوانیبوو ڕێگایان بەرەو ڕووباری سیروان درێژە بدەن و لەناو پۆلێک داردا پەنایان گرتبوو، ڕێنماییان دەکەن کە لەگەڵ تاریکبوونی هەوا خۆیان بگەیەننە خاڵێکی دیکە لە لێوارئاوەکە تا لەوێوە بەو بەلەمانەی کە ئامادە کرابوون عەمەلیاتی گواستنەوە و پەڕاندنەوەی هاوڕێیان لە ڕووبارەکە لە ئێوارەی ئەو ڕۆژەدا ئەنجام بدەن. بەڵام نزیکەی سەعات دووی دوای نیوەڕۆ هاوڕێ شۆکێ خەیرئابادی فەرماندەی گوردانی شوان لەڕێگەی پەیوەندییەکەوە هاوڕێیان ئاگادار دەکاتەوە کە دیدەبانەکان دەڵێن کە ژمارەیەک کەسی چەکدار بەخێرایی لە شوێنی ئێمە نزیک دەبنەوە و چەند دەقیقە دواتر ڕایدەگەیەنێت کە دیدەبانەکان و واحیدهایەک لە گوردانی شوان کە لە کەمیندا بوون دەرگیر بوون. زۆر ناخایەنێت کە هەموو هاوڕێیانی گوردانی شوان دەرگیری شەڕ دەبن. دوای تێپەڕینی نزیکەی بیست دەقیقە و لەگەڵ دوایین قسەکانی هاوڕێ شۆکێ خەیرئابادی کە خەریکی ئەمری فەرماندەهی بوو، پەیوەندی لەگەڵ هاوڕێیانی گوردانی شوان بۆ هەمیشە دەپچڕێت.
بەرەبەرە و له‌گه‌ڵ تێپه‌ڕینی كات مه‌علووم بوو كه‌ هاوڕێیانی گوردانی شوان له‌و باروودۆخه‌ یه‌كجار سه‌خت و دژواره‌دا به‌تایبه‌ت له‌به‌ر مه‌سمووم بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ هاوڕێیان به‌هۆی بۆمبارانی شیمیاییه‌وه‌، نه‌یانتوانیبوو خۆ بگه‌یه‌ننه‌ لێواری ده‌ریاچه‌ی سیروان و شوێنی دیاریكراو و هه‌ربۆیه‌ له‌ناو قامیشه‌ڵانه‌كانی ده‌ورووبه‌ری ده‌مێننه‌وه‌. له‌و كاته‌دا هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی كه‌ به‌له‌مه‌كانی یارمه‌تیدان ده‌بینن، به‌وه‌ ده‌گه‌ن كه‌ ڕه‌نگبێ واحیدێك له‌ هاوڕێیان له‌و ناوچه‌یه‌دا گیریان كردبێ.
به‌و هۆیه‌وه‌ ژماره‌یه‌كی یه‌كجار زۆر له‌ هێزه‌كانی دوژمن له‌ ده‌ورووبه‌ری شوێنی جیگیربوونیان كۆده‌بنه‌وه‌ و پاشان له‌گه‌ڵ هاوڕێیانی گوردانی شوان تووشی تێكهه‌ڵچوون دێن و ئه‌و كاره‌ساته‌ ده‌خوڵقێت. به‌مجۆره‌ خوێنی هاوڕێیانی گوردانی شوان له‌گه‌ڵ خوێنی هه‌زاران كه‌س له‌ خه‌ڵكی سته‌ملێكراوی هه‌ڵه‌بجه تێكه‌ڵ بوو کە لە ڕۆژی ٢٥ی ڕەشەممەدا بەهۆی بۆمبارانی شیمیایی ڕژیمی فاشیستی عێراق گیانیان بەخت کردبوو‌ و لاپه‌ره‌یه‌كی دیكه‌ی به‌ مێژووی پڕ له‌ جه‌نایه‌تی حاكمانی سه‌رمایه‌ زیاد كرد.
لە جەرەیانی ئەم کارەساتە سەخت و دڵتەزێنەدا کە لە ٢٦ی ڕەشەممە ساڵی ١٣٦٦ی هەتاویدا ڕوویدا، ١٢ كه‌س له‌ هاوڕێیانی گوردانی شوان له‌ لایه‌ن دوژمنه‌وه‌ به‌دیل گیران. ١١ كه‌سیان پاش چه‌ند مانگ ئه‌شكه‌نجه‌ی فراوان و موقاومه‌ت و خۆڕاگری له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌شكه‌نجەده‌ران و دیفاع له‌ ئامانجه‌ كۆمۆنیستییه‌كانیان، سه‌ره‌نجام له‌ جه‌ره‌یانی كوشتار و قه‌تڵوعامی سه‌رتاسه‌ریی به‌ندكراوانی سیاسی له‌ هاوینی ساڵی ١٣٦٧دا له‌ زیندانی سنه‌ ئێعدام كران. ٢ کەس لە هاوڕێیانی گوردانی شوان کە گیانیان بەسڵامەت بەدەر بردبوو بەیارمەتیی خەڵکی ناوچەکە دەرباز کران. له‌و كاره‌ساته‌دا، سه‌رجه‌م ٦٨ كه‌س له‌ ئازیزترین هاوسه‌نگه‌رانمان گیانیان به‌خت كرد. ئه‌و هاوڕێیانه‌ له‌ زومره‌ی لایه‌قترین ئه‌ندامان و كاده‌ركانی پێشڕه‌وی كۆمه‌ڵه‌ و حیزبی كۆمۆنیستی ئێران بوون كه‌ له‌ جه‌ره‌یانی شۆڕشی ساڵی ١٣٥٧ و یان ساڵه‌كانی پێشتر هاتبوونه‌ ناو گۆڕه‌پانی خه‌باته‌وه‌ و به‌ دڵێكی پڕ له‌ خۆشه‌ویستی‌ بۆ ئامانجی ڕزگاری كرێكاران و بێبه‌شان و دامه‌زراندنی دونیایه‌كی بێ سته‌م و چه‌وسانه‌وه‌ و بێ عه‌داڵه‌تی و به درووشمی “بژی سۆسیالیسم” گیانی ئازیزیان به‌خت كرد.
ناوی گوردانی شوان له‌ناو بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران و چالاكییه‌كانی كۆمه‌ڵه‌دا‌ هه‌تا بەئە‌مڕۆ، وه‌بیرهێنه‌ره‌وه‌ی بوێری و خه‌باتكاری بووه‌ و ده‌شبێ. ڕێباز و ڕه‌وشت و هه‌ڵسووكه‌وتی سه‌میمانه‌ و شۆڕشگێڕانه و گیانفیدایی و خه‌باتی لێبڕاوانه‌ی ئه‌م گوردانه‌ ڕه‌زمه‌نده‌یه‌ی كۆمه‌ڵه‌، له‌ مێژووی بزووتنه‌وه‌ی شۆڕشگێڕانه‌ی كوردستان و بزووتنەوەی کۆمۆنیستیی ئێران دژبه‌ ده‌سه‌ڵاتی ڕژیمی ئیسلامیی سه‌رمایه‌، له‌ ئێران جێكه‌وتووه‌. له‌ ٣٦مین ساڵیادی گیان به‌ختكردنی ئه‌م هاوڕێیانەدا‌، یاد و بیره‌وه‌ریی هه‌ر هه‌موویان وێڕای نوێ كردنه‌وه‌ی په‌یمانی وەفاداربوون بە ئامانجەکانیان لەگەڵ یادی هه‌موو گیان به‌ختكردووانی ڕێگای سۆسیالیسم به‌رز ڕاده‌گرین. له‌و ڕۆژه‌دا، بۆ جارێكی دیكه‌ سڵاو و دروود ده‌نێرین بۆ بنه‌ماڵه‌ و كه‌سوكاری ئه‌م هاوڕێیانه‌ كه‌ له‌ماوه‌ی ئه‌و ساڵانه‌دا به‌ تەحەمولی ڕەنجی له‌ده‌ست دانی ڕۆڵه‌كانیان، بوونه‌ته‌ مایه‌ی دڵگه‌رمی و ئومێد‌واریی زیاتری ئێمه‌ بۆ خه‌بات و درێژه‌دانی ڕێگای ئازیزانیان.
وتەی ڕۆژ: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
Leave A Reply

Your email address will not be published.