ڕاگەیاندنی کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بەبۆنەی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن

0
هەینی ۱۱-۱۲-۱۴۰۲ | 01-03-2024
٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن بەرابەر لەگەڵ ١٨ی ڕەشەممە لە کاتێکدا دێت کە نزیک بە یەک ساڵ و نیو لە ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی جەماوەری ئێران بە پێشەنگایەتیی ژنان تێپەڕیوە. ئەو ئاخێزەی کە قەتڵی دەوڵەتیی ژینا ئەمینی بەخاتری ڕەچاونەکردنی حیجاب چەخماخەکەی لێدا. ئەگەرچی هەر لە سەرەتای بەدەسەڵات گەیشتنی دژەشۆڕشی ئیسلامییەوە دەرکەوتنی مووی سەری ژنان لەژێر ڕووسەرییەوە هێرش بۆسەر بنەماکانی ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئایینیی سەرمایە هەژمار دەکرا، بەڵام ئەمجارەیان ژنانی ئازادیخوازی ئێران لە پێشەوەی جەماوەری ڕاپەڕیوەوە هاتنە سەر شەقامەکان تا بە دروشمی “ژن، ژیان، ئازادی” و “مەرگ بۆ خامنەیی”، بە کردەوەی سەمبۆلیکی وەک فڕێدانی ڕووسەرییەکان لەسەر شەقام و سووتاندنیان، بە ژێرپێنانی یاساکانی هەڵاواردنی ڕەگەزی لە زانکۆکان، پایەکانی دەسەڵاتی سیاسی و ئایدیۆلۆژیی حکوومەتی ئیسلامی تێکبشکێنن و بیساتی ئەم ڕژیمە تێکەوەپێچن.
ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بەهۆکاری ئەوەیکە هێزی کۆمەڵایەتیی چینی کرێکار و خەڵکی ناڕازیی بەرانبەر وەزعی مەوجوود لەئاستی جەماوەریدا نەهێناوەتە مەیدان و پێداویستییەکانی ئاڵوگۆڕی شۆڕشگێڕانەی لە کۆمەڵگادا دابین نەکردووە، نەیتوانیوە ئامانجە ڕوونەکانی خۆی واتە ڕووخاندنی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە شێوە جۆراوجۆرەکانی هەڵاواردن و ستەم دەستەبەر بکات. بەڵام بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ژینا ئەگەرچی نەیتوانی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ، بەڵام ئاڵوگۆڕێکی مەزن و هەمیشەیی لە وشیاری و زەینیەتی ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش و بێبەشی کۆمەڵگادا پێکهێناوە. ئەم بزووتنەوە شۆڕشگێڕانەیە بە دروشمەکان، هێماکان و مشتە گرێدراوەکانی ژنان لەسەر شەقام نیشانی دا کە ژنان یەکێک لە پایە سەرەکییەکانی هەر ئاڵوگۆڕێکی سیاسی و کۆمەڵایەتی لە ئێرانن. ئەم بزووتنەوەیە، پاشەکشەی بە لیبرالیسمی بورژواییی ئێران کرد کە لەژێرناوی سنووربەندی کردن لەگەڵ توندوتیژی، لە هەوڵی بەڵاڕێدابردنی چەمکی شۆڕشدا بوو. ئەم بزووتنەوەیە زەینیەتی شۆڕشگێڕانەی بەهێز کرد و بۆ جارێکی تر باسی شۆڕشی خستەوە سەر زارەکان.
ئەم بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییە دەرکی پێویستیی ڕێکخستن و پێکهێنانی ڕێبەریی لەناو هەموو بزووتنەوە ڕادیکاڵە کۆمەڵایەتییەکاندا بەهێز کرد. ئەم بزووتنەوەیە زیاتر لە هەموو کاتێک بە خەباتی ژنانی ئێران بەرانبەر بە هەڵاواردنی ڕەگەزی، هۆگرایەتیی کۆمەڵایەتی و جیهانیی بەخشی. ژنان بە پێشەنگایەتیی خۆیان، بە گڕوتین و بێ باکییان لە گرتنەوەی شەقامەکان نیشانیاندا کە ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی و کۆتایی هێنان بە هەڵاواردن و نایەکسانی بابەتێکی مومکینە. ٨ی مارسی ئەمساڵ لە جەرگەی ئەم پێشڕەوییانەدا بەڕێوەدەچێت.
بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی بە پێشەنگایەتیی ژنان بەجۆرێک مۆری خۆی بەسەر کۆمەڵگای ئێراندا کوتاوە کە تەهاجوم و هێرشی کیمیایی بەرنامەڕێژیکراوی ڕژیمی ترساوی کۆماری ئیسلامی بۆسەر خوێندنگاکانی کچان، هێرشی ڕێکخراو بۆسەر زانکۆکان و کچانی خوێندکار، هێرش بۆسەر ژنانی بێ حیجاب لەسەر شەقامەکان و لە شوێنە گشتییەکان، شەپۆلی یەک لە دوای یەکی ئێعدامەکان و کوشتنی بەندکراوان،
نەیتوانیوە کۆمەڵگای ئێران بۆ قۆناغی بەرلە ئاخێزی ژینا بگەڕێنێتەوە. ئەم بزووتنەوە سیاسی و شۆڕشگێڕانەیە، بزووتنەوەی ژنان و باقیی بزووتنەوە کۆمەڵایەتی و ناڕەزایەتییەکانی خستووەتە پێگەیەکی باشترەوە. بەڵام بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن بۆ سەقامگیرکردنی دەستکەوتەکانی پێویستە پێگەی کۆمەڵایەتیی خۆی لەناو جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش پەرەپێبدات و ڕێکخراوتر بێتە مەیدانی نەبەردەوە. بەشداریی بەرچاوی ژنان لە بزووتنەوە ناڕەزایەتییەکانی خانەنشینان و مامۆستایان وەک بەشێک لە بزووتنەوەی کرێکاری و لە بزووتنەوەی خوێندکاری و دەورونەخشی ئەوان لە ڕێکخستنی سەرتاسەری و ڕێبەریی ئەم بزووتنەوانە تواناکانی بزووتنەوەی ژنانی لە بواری سازماندان و ڕێبەری نیشان داوە.
بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن لە گەڕەکە هەژارنشینەکانی پەراوێزی شارەکان بە ڕێکخستنی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێشی ئەم گەڕەکانە لەناو ئەنجومەن و شۆراکانی ژنان دەتوانێ بەشێکی تر لە هێزی مەزنی خۆی بێنێتە مەیدان. بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن پێویستە ئەم بەشە لە هێزی کار لەگەڵ هێزی ڕێکخراوتری چینی کرێکار لە کارخانەکان و ناوەندە سەنعەتییەکان، لەگەڵ ئیعتڕازاتی خانەنشینان و مامۆستایان و لەگەڵ باقیی بزووتنەوە ناڕەزایەتییە پێشڕەوەکان هاوڕێ بکات. بۆ زمانەت کردنی پێشڕەویی بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن، هێنانە مەیدانی جەماوەری ملیۆنیی ژنانی کرێکار و زەحمەتکێش زەروورییە. چونکە ستەم بەرانبەر ژنان و هەموو ئەو هەڵاواردنانەی کە بەسەریاندا دەسەپێ ڕەگ و ڕیشەیان لە پێکهاتە و پەیوەندییە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی سەرمایەداریی زاڵ بەسەر کۆمەڵگادایە.
بەشە جۆراوجۆرەکانی ئۆپۆزیسیۆنی بورژوازی و لەناویاندا ڕەوتەکانی نیولیبڕاڵی لائیک و کۆماریخواز بۆ کۆنتڕۆڵکردن و بەلاڕێدابردنی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتیی ژنان فریوکارانە باس لە یەکسانیی یاسایی ژنان لەگەڵ پیاوان دەکەن.
ئەمانە بەرابەریی ڕواڵەتی لەگەڵ نابەرابەریی ئابووری و کۆمەڵایەتی تێکەڵ دەکەن. ئەمانە دەیانهەوێ بەرابەریی یاسایی ژنان ئاوێتەی بەرنامەی سەرمایەدارانە و نیولیبڕالیسمی ئابووری بکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەبێ لەناوبردنی موناسباتی سەرمایەداری، بە بێ هەڵوەشاندنەوەی خاوەنداریەتیی تایبەت و بە بێ یەکسانیی ئابووری هیچ کات تەنانەت بەرابەریی یاسایی و یەکسانیی مافی ژنان و پیاوان لە بوارە جۆراوجۆرەکانی ژیانی کۆمەڵایەتیش نایەتە دی. لە ڕاستیدا بزووتنەوەی ڕزگاریی ژن هەتا کاتێک کە نەتوانێ لەڕێگەی ئیتحادی ستراتێژیک لەگەڵ بزووتنەوەی کرێکاری و باقیی بزووتنەوە پێشڕەوە کۆمەڵایەتییەکان ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بڕووخێنێ و هەتا کاتێک کە هێزی مەزنی کۆمەڵایەتیی بەرهەمهێنەران بنەماکانی نیزامی سەرمایەداری نەگۆڕێ و کۆمەڵگا بەرەو ئابووری سۆسیالیستی و ئیدارە و بەڕێوەبردنی شۆرایی هەنگاو هەڵنەگرێت، ستەم بەرانبەر بە ژنان لە کۆمەڵگادا ڕیشەکێش نابێت و کۆمەڵگاش ئازاد نابێت.
حیزبی کۆمۆنیستی ئێران وێڕای ستایشی ئەو هەوڵ و تێکۆشانەی کە بۆ بەڕێوەبردنی هەرچی شکۆدارتری ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، ڕۆژی هاوپشتیی نێونەتەوەیی بزووتنەوەی ژنان، لە خەبات بەدژی زوڵم و ستەم و هەڵاواردنی ڕەگەزی لەئارادایە، ٨ی مارس لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب پیرۆزبایی دەکات. حیزبی کۆمۆنیستی ئێران داوا لە هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز دەکات کە لە جەرگەی هاوسەنگیی هێزی ئێستادا، کە بە قازانجی بزووتنەوەی ئازادیخوازی و یەکسانیخوازی گۆڕاوە، ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن هەرچی شکۆدارتر بەڕێوەبەرن.
پیرۆز بێ ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بەرابەری، حکوومەتی کرێکاری
کۆمیتەی ناوەندیی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
ڕەشەممەی ١٤٠٢ی هەتاوی
مارسی ٢٠٢٤ی زایینی
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
Leave A Reply

Your email address will not be published.