٨ی ئازار دەبوایە ڕاچڵەکینێک بێت بۆ گۆڕانکاری بە تێکۆشانی هاودەنگی بۆ هێنانەدی ئازادی ویەکسانی !
ئاوات ڕەسوڵ
لەئێستا ئەوەی تێکۆشانی لەبارەوە ناکرێت لە کوردستان هاوپشتی و هاودەنگی ڕێکخراو و حیزبە کۆمۆنیست وشیوعی وچەپەکانە هەریەکەیان تەنها لەنووسینی پرۆگرام وبەرنامەکانیاندا باسی تێکۆشانی ئازادی و یەکسانی بەگوێی کۆمەڵگادا دەدەن بەڵام لەمەیدانی کرداریدا هەریەکەیان لەپاشکشەیەکی کوشندەدان لەڕوویی کاریگەربونیان لە ئاراستە کردنی کۆمەڵگادا .
ئەم ڕێکخراوانە بە جۆرێک تووشی ڕکوت بوون کە هەستانەوەیان خەریکە لەمحاڵ دەچێت لەکاتێکدا بەردەوام کۆمەڵگا تەشنە دەکات لەڕوویی چەوسانەوە وئازاردانی ژنان و ملهوڕی چەوسانەوەی چینانەتی دا دەبوایە لەئێستادا یەک هەڵوێستی وهاوخەباتیان بۆ دژایەتی کردنی چەوسانەوەونایەکسانی وئازاردانی ژنان تەواوی کۆمەڵگایان ئاراسان کردبایە لە هێزی ملهوڕانی چەوسێنەرانی ژنان وکرێکاران بەڵام وەک دەبیندرێت هەریەکەیان لەبێ ئیرادەیی شۆڕشگێریدا بەتەواویی لەپاشەکشە و چمانەوەدان لەئاست زاڵبونی بەرژەوەندییە ڕێکخراوەیی وحیزبی یەکانیاندا دەرک بە پێویستی وگرنگ بوونی تێکۆشانی هاودەنگی ژنان وپیاوانی ئازادیخوازویەکسانیخواز ناکان لەم قۆناغەی ئێستادا هەربۆیە خۆیان بەدەستی خۆیان بزوتنەوەی ژنان وکرێکاری کۆمۆنیستی زیاتر توشی ڕکود ولاوازی پێدەکەن !
کاتێک باس لە گرنگی ڕۆژانی مانگی ئازار دەکرێت ڕاستەوخۆ خەیاڵ وبیرکردنەوەمان دەچێتە سەر یادکردنەوەی ڕۆژانی تێکۆشانی ژنان وپیاوانی ئازادیخوازویەکسانیخواز بۆ هێنانەدی ئازادی ویەکسانی لەوەش گرنگ تر ئەوەیە کە ئاراستەی بیرکردنەوەوئەندێشەمان بەرەو پچڕاندنی زنجیری چەوسانەوەو هەموو جۆرە یاسایەکی کۆیلایەتی و زۆرەملیانە بەچالاکی کرداری ڕۆژانەمان پیادە و ئەنجام بدەین.
ئەگەر توانایی کرداری بەگژداچوونەوەی کۆنەخوازی وچەوسانەوە وئازارەکان ونایەکسانی یەکانمان نەبێت کەوایە ئێمەی مرۆڤ خۆمان بەژن وپیاوەوە خۆمان بەشێکی کاریکەرین لە هاڕینی درێژدانی جۆری چەوسانەوەی خۆمان و هاوچینەکەمان. لێرەوەیە گرنگی وڕاستگۆی بۆچوونەکانی کاڕڵ مارکس بەشێوەی زانستی کرداری دەردەکەوێت کەدەڵێت فەیلەسوفان گرنگی بەشیکردنەوی بابەت و ڕووداوەکانی جیهان دەدەن بەڵام لەگەڵ شیکردنەوەوباسکردندا گرنگ ئەوەیە گۆڕانکاری بکرێت لەجۆری ژیانی مرۆڤەکان ئازارو چەوسانەوەیان کەم بێتەوە وبەرەوکۆتایی بچێت لەم بۆچوونەوە ئەوه باشتر دەسەلمێندرێت کە تیشکخستنەسەر ئازارو چیرۆکە ئازاربەخشەکان بەتەنها بەس نییە .
هەریەکەمان بەجۆرێک ئاشناین بەژان و ڕووداو و چیرۆکە ڕۆژانەیەکانی ژنان کە لەڕوویی جەستەیی و دەرونی یەوە فشاریان دەخرێتە سەرو شکۆی ئینسانی بوونیان ڕۆژانە دەهاڕدرێت بەڵکو هەنگاوی دروستر ئەوەیە دەست بەرین بۆ ئاڵوگۆڕی ڕیشەی لەگۆڕانکاری کردن بۆ هێنانەدی ئازادی و یەکسانی ئەمەش لەگرەوی بەهێزبوونی هێزی هاوپشتی جەماوری ناڕازی لە چەوسانەوە ونایەکسانی دا یە کەئاراستەی کۆمەڵگایەکی باشتر دەدرەوشێنێتەوە لەهێنانەدی خۆشگوزەرانی ماف وئازادی و داپەروەری ویەکسانی دا.