هەڵاواردن بەرانبەر ژنان، بۆ ئازادی و بەرابەری!

0
ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
بەبۆنەی ٨ی مارس؛ بەدژی نابەرابەری و هەڵاواردن بەرانبەر ژنان، بۆ ئازادی و بەرابەری!
هەشتی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن، بۆ جارێکی دیکە پێگەی نایەکسانی ژنان دەخاتە بەردەم کۆمەڵگا. لە جیهانی سەرمایەداریی هاوچەرخدا، سەرەڕای خەباتی بەرفراوان دژبە توندوتیژی و ستەم بەرانبەر بە ژنان، بەڵام هێستاش ئەوان بەشێوەی بەرین لە پێگەیەکی نابەرابەر و ژێردەست دان.
لەماوەی دەیەکانی ڕابردوودا لەگەڵ پەرەسەندنی ڕەوتە ڕاستەکان، هێرش بۆسەر دەستکەوتەکانی ژنان بەتایبەت لە ئەمریکای باکوور و ڕۆژهەڵاتی ئورووپا توندتر بووەتەوە. بەڵام هاوتەریب لەگەڵ ئەوە، خەباتی ژنان لەدژی پێکهاتەی سوڵتە و ستەمی باوک / پیاوسالاری لە ئەمریکای باشوور، ئاسیا و ئەفریقا، بەتایبەت لە بەرازیل، ئارژانتین، هێند و ئێران و ئەفغانستان بەشێوەی بەرچاو گەشەی کردووە.
لە ئێران، هەژاری، بێکاری و نادادپەروەری هیچ کات وەک ئەمڕۆ لەسەر شانی کرێکاران و بەشێکی بەرین لە خەڵک، و بەشێوەی چەند بەرابەر لەسەر شانی ژنان قورسایی نەکردووە. ژنانی کرێکار بەشێک لە هێزی کار لە ئێران پێکدەهێنن. بەتایبەت ئەو ژنانەی کە تەنیا سەرپەرستی بنەماڵەن لە بارودۆخێکی کاری و ئابووری و کۆمەڵایەتیی خراپتردا بەسەر دەبەن. ئەم دۆخە لەگەڵ ستەمی جنسیەتی و نایەکسانیی کۆمەڵایەتی، پێگەیەکی تایبەتی بۆ ژنانی ئێران لەچاو باقیی ژنانی تر پێکهێناوە.
زیاتر لە چوار دەیەیە کە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی بە هەموو ئامراز و یاسایەکی کۆنەپەرستانەی دژی ژن، بۆ داسەپاندنی حیجابی ئیسلامی بەسەر ژناندا هەوڵ دەدات. بەڵام بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی ژنان بەرەنگاری کۆماری ئیسلامی و یاساکانی ئاپارتایدی ڕەگەزیی ئەم دەسەڵاتە بووەتەوە و خەباتێکی بەردەوامی بۆ ئازادی و بەرابەری بەڕێوەبردووە. هەروەها شایەدی ئەوە بووین کە دەور و نەخشی ژنان لە بواری خەباتی کرێکاری، بەتایبەت لەو بەشانەی کە دابەشکردنی کار بەپێی ڕەگەز باوە لەوانە خەباتی پەرستاران، مامۆستایان و خانەنشیان وە یان بەشە غەیرە ڕەسمییەکانی کار، بەردەوام پەرەی سەندووە.
ئاخێزی شۆڕشگێڕانەی ساڵی ١٤٠١ی هەتاوی نیشانی دا کە خەبات بەدژی پێگەی ژێردەستی ژنان و هەڵاواردنی ڕەگەزی، یەکێک لە بوارە گرینگ و بەهێزەکانە بۆ ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی کۆماری ئیسلامی. درێژەی نافەرمانیی ژنان لەئاست یاساکانی حیجابی ئیسلامی و پشتیوانیی گشتی لەوان لە جەرگەی ئەم ئاخێزە شۆڕشگێڕانەیە و دواتری، نیشانی دا کە تاریک بیری و دژەژنبوونی ڕژیم نەیتوانیوە پاشەکشە بە ژنان بکات. هەر ئێستا کۆمەڵگای ئێمە شایەدی خەباتی ئەو ژنە بوێرانەیە کە هەموو ڕۆژێ لە شەقامەکان و شارەکان و لە هەموو شوێنێک، بەرەنگاری حیجابی ئسیلامی و هەڵاوردنی ڕەگەزیی زاڵ دەبنەوە.
بەرەنگاربوونەوەیەکی بێوێنە کە جیهانی سەردەمی ئێمە لەماوەی سەد ساڵی ڕابردوودا لەپێناو داکۆکی لە مافی ژن، مافی پۆشینی ئیختیاری و بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ فەرمانە ئایینییەکان بەخۆیەوە نەبینیوە. لەم خەباتە بەردەوامەدا زۆرێک لە ژنان گیانیان بەختکرد، چاویان کوێر کرا، دەستدرێژییان کرایە سەر، ئەشکەنجە دران و زیندانی کران، لە شوێنی کار، زانکۆ و خوێندنگاکان دەرکران بەڵام بەردەوام تێکۆشان و خۆڕاگرییان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا درێژەداوە.
مانگرتنی کۆمەڵێک لە چالاکانی ژن لەناو زیندانەکان بەدژی ئێعدام یەکێک لە نموونە بەرچاوەکانە. هەروەها شایەدی گەشەی خەباتی کوئیرەکان و پەرەسەندنی تێکۆشانیان لەپێناو وەدیهێنانی داخوازییەکانیان بووین.
خەبات و موقاومەتی ژنان لە ناڕەزایەتییە بەرینەکانی کرێکاران لە ناوەندە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان، ناڕەزایەتیی بەردەوامی خانەنشینان و باقیی توێژە بێبەشەکانی کۆمەڵگا بەدژی هەژاری و زەبروزەنگ، نیشانی داوە کە زۆربەی هەرەزۆری خەڵک، هێزی مەزنی کار و زەحمەت بە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی چاوترسێن نابن.
لە سەروبەندی ٨ی مارس – ڕۆژی جیهانیی ژن کە کۆمەڵگا بەشوێن ئاڵوگۆڕەوەیە، ئۆپۆزیسیۆنی ڕاست لەڕێگەی جۆراوجۆرەوە بۆ نموونە لەڕێگەی سێلێبریتی دروستکردن و ڕێبەرانی ساختەی دەستکردی میدیاکان هەوڵ دەدات ناڕەزایەتیی ژنان و ستەملێکراون زەوت بکات و بیخاتە مەسیری بەدیلێکی کۆنەپەرستانەی دیکەوە.
لەم بارودۆخە هەستیارەدا ئەرکی گەورە و گرینگ کەوتووەتە سەر شانی پێشڕەوانی بزووتنەوەی ژنان، ڕێبەران، چالاکان و پێشەنگانی خەبات بۆ مافی بەرابەری و ئازادی، بۆ ئاڵوگۆڕی بنەمایی و بۆ ڕیشەکێش کردنی هەمووجۆرە ستەمێک بەرانبەر بە ژنان. خەباتی بەکۆمەڵی خەڵک و بزووتنەوە جۆراوجۆرەکان لەماوەی ئەم چەند دەهەیەدا و بەتایبەت لەماوەی یەک ساڵ ونیوی ڕابردوودا نیشانی داوە کە خەباتی ژنان لە جەرگەی هەلومەرجی شۆڕشگێڕانە لە کۆمەڵگای ئێران، لە خەباتی کرێکاران و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی دیکە جودا نییە.
خەباتی هاوبەش و هاوشان بۆ ڕووخاندنی نیزامی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی لە خواستە گرینگەکانی بزووتنەوەی ژنانە. چونکە گەیشتن بە ئازادی و بەرابەری، یەکسانیی ماف لە هەموو بوارەکانی ژیان، گەشەی ژنان لە بوارەکانی ئابووری و سیاسی و کۆمەڵایەتی لەڕێگەی ڕزگاربوون لە یاسای پرتووکاوی ئیسلامی و لەڕێگەی ڕزگاربوون لە ئابووریی سیستمی سەرمایەداریی زاڵ بەدی دێت.
ڕۆژی هەشتی مارس پێویستە بکەینە بۆنەیەک بۆ دژایەتیکردن لەگەڵ ئێعدام، بۆ خەبات لەپێناو ئازادیی زیندانیانی سیاسی، بۆ داکۆکیکردن لە مافی ڕادەربڕین، مافی ئازادیی جلوبەرگ، بۆ حەقدەستی بەرابەر، بۆ دابینکردنی ژیانی کۆمەڵایەتی و ئابووریی ژنان.
ڕۆژی هەشتی مارس، ڕۆژی مارشی تینووانی ئازادی و بەرابەری و خۆشبژێوی و ئاسایشە. هەشتی مارس ڕۆژی ڕاگەیاندنی بەرابەریی کامڵی ژن و پیاو لە هەموو بوارەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و ئابووری و کلتوورییە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان، بانگهێشتی هەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، هەموو چالاکانی بزووتنەوەکان و ڕێکخراوەکان دەکات بۆ بەشداریکردن لە ڕیزی ژنان لە ڕێوڕەسمەکانی ٨ی مارس و شێوازە جۆراوجۆرەکانی بەڕێوەبردنی ئەم ڕۆژە.
بژی ٨ی مارس ڕۆژی جیهانیی ژن!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی، بژی سۆسیالیزم
٢٥ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ – ١٤ی فێوریەی ٢٠٢٤
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت
بڵاوکردنەوەی دووبارە: تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
Leave A Reply

Your email address will not be published.