بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی ئەخلاقی و سیاسیمانە.

0
ڕاگەیەندراوی کۆمیتەی ناوەندیی کۆمەڵە؛
بایکۆتی بەناو هەڵبژاردنەکانی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی، ئەرکی ئەخلاقی و سیاسیمانە.
کۆمەڵانی ئازادیخوازی خەڵکی کوردستان،
هەروەک ئاگادارن، ڕژیمی کۆماری ئیسلامی جارێکی دیکەش دەزگای پروپاگەندەی سواو و درۆیینەی خۆی بەمەبەستی بەشداریپێکردنی جەماوەر لە بەناو هەڵبژاردنەکانی هەردوو مەجلیسی شورای ئیسلامی و مەجلیسی خوبرەگان خستوەتەگەڕ. ڕژیم هەوڵدەدات ئەوەندەی بۆی بکرێت، ڕێژەی بەشداریی خەڵک لە شانۆگەرییە چەواشەکارانەکەی ١١ی ڕەشەمە بەرێتە سەرێ تا بەڵکوو لەم ڕێگایەوە بتوانێت ڕەوایی سیاسی خۆی بەرز بکاتەوە.
مێژووی زیاتر لە چوار دەیەی ڕژیم و کارنامەی ٤٥ ساڵەی سەرجەم شانۆگەرییە جۆربەجۆرەکانی هەڵبژاردن دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە نەتەنیا دەستکەوتێکیان نەبووە و هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنییان لە سەر ژیان و گوزەرانی خەڵک بەجێ نە‌هێشتووە، بەڵکوو تا هاتووە، سەرجەم کۆمەڵگای ئێرانیان تووشی کێشە و نەگبەتیی و بێدەرەتانیی زیاتر کردووە.
ڕواڵەت و ناوەرۆکی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هەرلە ڕۆژە سەرەتاییەکانی بەدەسەلاتگەیشتنیەوە لە خەڵکی کوردستان شاراوە نەبوون و ڕژیم بەدرێژایی تەمەنی خۆی، جگە لە ولامی نا و نەرێنیی لە هەڵوێست و کردەوەی خەڵکی کوردستاندا، چیتری پێنەبڕاوە. ئێستاش پاش ٤٥ ساڵ لە تۆمارکردنی مێژوویەکی پڕکارەسات و جەنایەتی کاربەدەستانی ورد و دریشتی ڕژیم، هیچ جۆرە بەشداریی، یان خۆپاڵاوتن و بەربژێرکردنێک بۆ گاڵتەجاڕییەکی لەوچەشنە پاساوهەڵگر نییە.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ئەگەر توانیبێتی لەسەرەتای دەستبەکاربوونیدا و لەڕێگای سەرجەم ئامرازە سیاسیی و ئابوریی و کۆمەڵایەتیی و کەلتوورییەکانی تۆسقاڵێک ڕەوایی بۆ خۆی و دەسەڵاتەکەی (ئەویش نەك لە نێو خەڵکی کوردستان بەڵکوو لە چەند ناوچەیەکی دیکەی ئێران) بەدەست بێنێت، کە بەدرێژایی ساڵانی پێشوو ئەمەش ڕوو لە کاڵبوونەوە بووە، ئێستا و پاش ئاخێزە سەرتاسەریی و جەماوەرییەکانی ساڵی پێشوو و شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیی، هەر بەتەواویی سڕاوەتەوە. شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی ڕووی ڕاستەقینەی کۆماری ئیسلامیی بەتەواویی هەڵماڵیی و ناوەرۆکی گەندەڵ و جەنایەتکاری ڕژیمی نەک هەر بۆ گەلانی ئێران، بەڵکوو بۆ بیروڕای گشتیی سەرجەم وڵاتان و نەتەوەکانی جیهان، ئاشکراتر کرد.
کارنامەی ڕەش و پڕکارەساتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی هێند قورس و بەرینە کە تەنانەت ئاماژەیەکی بەپەلەش لە تاقەت و توانای ئەم ڕاگەیاندنەدا نییە وبەڵگە و دۆخەکان ئەوەندە ڕوون و حاشاهەڵنەگرن کە پێویست بە دووپاتکردنەوەیان نەکات، بەلام تەنیا بە ئاوڕدانەوەیک لە زەبروزەنگ و ئەو ئاستە لە دڕندەییەی کە هێزە سەرکوتگەرکانی ڕژیم لە شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادیدا نواندیان، کە بەدەیان هەزار دەستبەسەر و هەزاران بریندار و سەدان گیانبەختکردووی لێکەوتەوە، تەواوە بۆ ئەوەی بێ هیچ چەشنە گومان و دڕدۆنگییەک ” نا”یەکی گەورەتر لە هەمیشە بە دەزگای پڕوپاگەندەی ڕژیم و شانۆگەرییە چەواشەکارانەکەیان بدرێتەوە.
خەڵکی خۆڕاگری کوردستان،
کارەساتی بەرەبەیانی ٩ی ڕێبەندان کە چوار پێشمەرگەی کۆمەڵە و تێکۆشەری کوردستان لەسێدارە دران نوێترین جەنایەتی ڕژیم بوو کە داستانی کەموێنەی ١٠ی ڕێبەندانی لێکەوتەوە. مانگرتنی گشتی لە١٠ی ڕێبەندان و پێشوازیی و داکۆکیی بەرینتان لە بانگەوازی کۆمەڵە و حیزبەسیاسییەکان و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ نوێترین هەڵوێست و شێوە ڕێفراندۆمێکی ” نا” وتنتان بوو بە کۆماری ئیسلامی و سەرجەم لق و دامودەزگاکانی. دڵنیاین کە ١١ی ڕەشەمە، ڕۆژێکی ڕەش بۆ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی و لەبەرانبەریشدا شانۆیەکی شکۆدار و هێمایەکی نوێی خەبات و خۆڕاگریی بۆ
خەڵکی کوردستان تۆمار دەکرێت.
کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی
کوردستانی ئێران
٣٠ی ڕێبەندانی ١٤٠٢ی هەتاوی
١٩ی فێبریەی ٢٠٢٤ی زایینی
Leave A Reply

Your email address will not be published.