کۆمەڵەی مارکسی- لینینی یان کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەرئەنجامەکەی بۆ خزمەتی بۆرژوازی بوو نەک هەژار و کرێکاران !!

0

ئاوات (عبدالرحمن رسول )

ئارام  واتە شاسوار جەلال کە تائێستاش لەلایەن هاوڕێ کیانی وەک سەرکردەیەکی لێهاتوو وبەتوانا و خاوەن فکرێکی ڕادیکاڵی کۆمۆنیست وچەپێکی نوێ دەی ناسێنن بەگرینگی یەوە باسی دەکەن !!
هەروەها کەباس لەمێژوویی کۆمەڵەی مارکسی ولینینی یان کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان دەکرێت . بەجۆرێک باسی دەکەن دەڵێی شۆڕش و گۆڕانکاری کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی و سیاسی لە سەر دەستی ئەو ڕێکخراوە ئەنجام دراوە بۆ گەشەدانی بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و بزوتنەوەی کرێکاری لەکوردستاندا !!
لەو کاتەی ئەو ڕێکخڕاوە دامەزرا هەتا ئەو کاتەی نوزەی لەبەرمابوو هیچ جۆرە سوودێکی بە بزوتنەوەی کرێکاری نەک نەگەیاند بەڵکو زیانیشی هەبوو بەوەی پێیان وابوو ئەو سەردەمە چینی کرێکار لە کوردستان دروست نەببوو !
من هیچ جیاوازێک نابینم لەنێوان قوربانی یەکانی کۆمەڵە و قوربانی یەکانی حیزبەکانی وەک یەکێتی و پارتی و حیزبە ڕاستڕەواکاندا لەبەرئەوەی دەرئەنجامەکەی هەموویان هەر ئەومان لەقۆناغی ئێستادا پێ دەڵێت کە کۆی سیاسەتکردن و حیزبایەتییان بۆ سوود و بەرژەوەدی بۆرژوازی و سەرۆکی خێڵەکان و سەرۆکی حیزب و سەرکردەکانیانی خۆیان بوو ، دەر ئەنجامەکە پێمان دەڵێت بەدرێژایی سیاسەت و حیزبایەتییان بۆ زیان گەیاندن بوو بە ڕەوتی ئازادیخوازی ویەکسانیخوازی و بزوتنەوەی کۆمۆنیستی و بزوتنەوەی کرێکاری بوو لەکوردستاندا . !
ئارام واتە شاسوار جەلال و کۆمەڵە ئەی بەرهەمەکەی کوا؟ ئەی بۆچی زۆر بەئاسانی وبەبێ هیچ ڕەتکردنەوەو بۆچوونێکی جیاواز ڕێکخراوەکەی کۆمەڵە لەدوایی گیان بەختکردنی ئارام (شاسوار جەلال ) ڕاستەوخۆ نوشیروان مستەفا کرایە سکرتێر و سەرۆکی ئەو ڕێکخڕاوەیە کە دواتر هەر خۆی نۆشیروان گوتویەتی من بەهیچ جۆرێک کۆمۆنیست و چەپ نیم و نەبووم !!
ئەگەر ڕێکخراوێک بانگەشەی کۆمۆنیست بوون و چەپی نوێ بکات لەکوردستان بەڵام سکرتێرەکەی دەڵێت من چەپ و کۆمۆنیست نەبووم ئەمە ڕێک نیشانەی نەبوونی کۆمۆنیست بوونی کۆمەڵە دەردەخات کە لەکاتێکدا نۆشیروان لە پێشتر یەکێک بووە لە سەرکردایەتی کۆمەڵە و هاوڕێی ئارام هەر ئەمەش بووە هۆکاری ئەوەی کە تەواوی کۆمەڵە تەسلیم بەیەکێتی کرا ؟
تەنانەت یەک کادری ئەو ڕێکخراوە هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو کە ڕێکخراوەکەیان تێکەڵ بەیەکێتی کرا !!
کە دەڵێم هەڵوێستیان نەبووە مەبەستم نووسین و قسە نییە بەڵکو زیاتر مەبەستم ئەوەیە کاتێک نۆشیروان دەبێتە سکرتێری کۆمەڵە هیچ هاوڕێ یەکیان گرووپی جیاواز تر ڕانایەگەیەنێت و بڵێت ئێمە درێژه پێدەری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستانین و لەسەر فکرو ڕێبازی ئارام بەردەوام دەبین !!
لەجیاتی تێکۆشانی هاوپشتی بۆ ڕزگاری چینی کرێکارو ڕەنجدەرانی کوردستان نۆشیروان مستەفا کە سکرتێری کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بوو هەستا بەئەنجامدانی کۆمەڵکوژی دژ بە ژنان وکچان و کوڕان ولاوانی شیوعی یەکانی حیزبی شیوعی لەکاتێکدا ئەو شیوعی یانە لەدژی فاشیزمی بەعسی دەسەڵاتدار تێکۆشانیان ئەنجام دەدا .
لەدوایی ساڵی ١٩٩١ یەکەمین هەنگاوی نۆشیروان مستەفا کەسکرتێری کۆمەڵە و جێگری جەلال تاڵەبانی کەسکرتێری یەکێتی بوو بوو شەڕ کردن بوو لەگەڵ بزوتنەوەی شوراکان چەندین هەڵسوڕاوی تێکۆشەری شوراکانی کردە قوربانی .
هەر چەند ساڵ دواتر لەساڵی ٢٠٠٠ بەسەرپەرشتی نۆشیروان مستەفا هێرش کرایه سەر نوسینگەو بارەگاکانی حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری ی هەر لەو کاتەدا لەناو بازاڕی شاری سلێمانی پێنچ ٥ کادیری تیرۆر کران .
ئەگەر کەمترین کاریگەری کومۆنیست بوون و چەپوون لەسەر نۆشیروان مستەفا هەبایە کە هاوڕێی ئارام و سکرتێری کۆمەڵە بوو ئە جۆرە کۆمەڵکوژییانە دژ بە شیوعی و کۆمۆنیستەکان لەلایەن یەکێتی نیشتمانی کوردستانەوە ئەنجام نەدەدرا !
بەڵکو ڕێک کۆمەڵەی مارکس ولینین یان کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان ناوی ئارام ( شاسوار جەلال ) کرانە بانگەشەی سیاسەتی بۆرژوازی و بنەماڵەیی لەناو یەکێتی نیشتمانی کوردستاندا .
هەر ئەمەشە بەهۆی بەرژەوەندخوازی یەوە هاوڕێ کانی ئارام و هەڵسوڕاوان و ئەندامانی سەرکردایەتی کۆمەڵە زۆر ترسنۆکانە بێ هەڵوێست بوون لەئاست چۆنێتی گیان بەختکردنی ئارام ( شاسوار جەلال ) دا ، واتە تا ئێستا بۆ خەڵکی کوردستان ڕووننییە کە ئایا ئارام بە پلان ڕێژی تیرۆر کراوە لەلایەن دوژمنانی یەوە یان وەک هەر پێشمەرگەیەکی تری حیزبەکانی تر لەشەڕدا لەگەڵ حکومەتی بەعسی فاشی دا گیانی بەختکردووە !!
پرسیارێکی جدی ئەوەیە بۆچی ئەو جۆرە پەروەردە ڕێکخراوەیی کۆمەڵە نەیتوانی کاریگەری ئەرێنی لەسەر یەک بەرپرسی ناو دەسەڵاتی یەکێتی بەتایبەتی و وەرگرتنی بەرپرسیارێتی لەحکومەتی هەرێمی باشووری کوردستان دانەنا؟!
هاوڕێ گیان جگە لە سوودی بازرگانی کە بەناوی کۆمەڵە و مارکس و لینین و دواتر ئارام و فڵان وفیسار بۆ هاوڕێکانی و هاوڕێ بازانی هەبوو هیچ جۆرە سوودێکی بۆ خەڵکی کرێکارو جوتیارو زەحمەتکێشی کوردستان نەبووە ئەم ڕێکخراوەی کە بەناوی کۆمەڵەوە دامەزراوە!
ئەوەی ئێستاش باسی دەکەن و بەشان وباڵی مێژووی کۆمەڵە هەڵدەدەن تەنها وەک ڕیکلامێکی ئاساییە بۆ بەرژەوەندی کەسەکان و حیزبەکانە نەک سوود وبەرژەوەندی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێشی کوردستان .
دەگوترێت ئارام و کۆمەڵە چەپێکی و جیاوازە لەسەردەمی خۆی باوەڕی بە وە هەبووە کە کرێکاران و ڕەنجدەران نابێت تێکەڵاوی هێزە بۆرژوازییەکان ببن بەڵام ئەو(ئارام) وئەو هاوڕێیانەی خۆی وڕێکخراوەکەی خۆی کەبانگەشەی بۆ دەکرد ڕێک بەپێچەوانەبۆوە کەوایە ئارام خۆی کراوەتە وەهمێک کەوەک ڕابەرێکی فکری نمائیش دەکرێت نەک کۆمۆنیست بوونی چونکە هیچ جۆرە کاریگەرێکی ئەرێنی لەپێگەی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناو ئەوڕێکخراوەی کۆمەڵەو ئەوناوچەیەش لەکوردستان کە تێکۆشانی لێ دەکرد بەجێ نەهێشت کە جیاوازتربێت لەچەپ و شیوعی یەکان پێکەی سۆسیالیزم لەڕوویی کرداری کۆمەڵایەتی وسیاسی کۆمەڵگەوە بەجێ بهێڵێت بەڵکوبەپێچەوانەوە هەم هاوڕێ کانی وهەم ڕێکخراوەکەی ئابڕوی چەپ و مارکسی بوونیشان برد هێندە بەپێچەوانە و دژ بە بزوتنەوەی کرێکاری وبزوتنەوەی چەپ وکۆمۆنیزم هەنگاویان ناوە،کەوایه ئارام وئەو ڕێکخراوە خودی سیاسەتکردنیان بۆ دژایەتی کردنی کۆمۆنیزم و چینی کرێکارو ڕەنجدەران بووە چونکە ئەنجامەکەی ئەوەمان پێ دەڵێت.
Leave A Reply

Your email address will not be published.