نـوێـنـەرایـەتـی کــردنـی مـامـۆســتـایــان لـە نـێـوان ( یـەکـێـتـی مـامـۆسـتـایـانـی کــوردســتــان ) و (مـامـۆسـتـایـانـی نــاڕازی )!

0

نـووسـیـنـی / مامۆستا مغدید حاجی.

ئەگەر یەکێتی مامۆستایانی کوردستان لە ماوەی 30 ساڵی ڕابردوودا، وەکو ڕێکخراوێکی پیشەیی سەربەخۆی مامۆستایان کاری بکردایە، هەڵوێستی پێویستی لە بەرانبەر پێشێلکردنی مافەکانی مامۆستایان و پاشەکشەی پڕۆسەی پەروەردە هەبوایە.

 

بـبـوایە بە ڕێکخراوێکی فشار بەری ڕاستەقینە، لە پێناو ماف و داواکارییە ڕەواکانی مامۆستایان. نە دەسەڵات دەیتوانی بەردەوام مافەکانی مامۆستایان پێشێل بکات و گوێ لە هاوار و داواکارییەکانیان نەگرێت، تەنانەت گوێ لە بەیاننامەو یاداشتنامەکانی خودی یەکێتی مامۆستایانی کوردستان یش نەگرێت!!

 

نە بزووتنەوەی مامۆستایانی ناڕازیش دروست دەبوو، کە ئێستا زۆرینەی مامۆستایان لە نیوە زیاتری هەرێمی کوردستان بە نوێنەری ڕاستەقینەی خۆیانی دەزانن بڕیار و ڕێنماییەکانی جێبەجێ دەکەن، چونکە گوزارشت لە داواکارییە ڕەواکانیان دەکەن و لە مەیدانەکانی خەباتی مەدەنی پێشڕەوایەتی جەماوەری مامۆستایان دەکەن.

پێم وایە کاتی ئەوە هاتووە هەموو لایەنەکان و بێلایەنەکان،

( یەکێتی مامۆستایانی کوردستان ) بۆ ( پارتی و یەکێتی ــ لیستی زەرد و لیستی سەوز )!!

جێبێلن و سەندیکایەکی سەربەخۆی مامۆستایان ڕابگەیەنن.

چونکە دیاره کە زۆرینەی جەماوەری مامۆستایان ناڕازین لە سیاسەتەکانی دەسەڵات و ناڕازین لە یەکێتی مامۆستایانی کوردستان.

بۆیە بوونی سەندیکایەکی پیشەیی سەربەخۆی مامۆستایان زۆر گرنگ و پێویستە. بێگومانم ئەگەر کاری بۆ بکرێت بە بەرژەوەندی مامۆستایان تەواو دەبێت.

بە بۆچوونی من یەکەم جار سەندیکایەکە وەکو ئەمری واقع ڕابگەیەنرێت.

دوایی داوای هەموارکردنەوەی یاسای تایبەتمەند بەم هەنگاوە،

لە پەرلەمانی کوردستان بکرێت. بێگومان دوای ئەنجامدانی هەڵبژاردنی ئایندەی پەرلەمان.

 

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.