لەدرێژەی ناڕەزایەتی کوردستاندا ،خاوەن نانەواخانەكانی هەولێر :قرقرتۆكمان گیراوە ناهێڵن كار بكەین!! ئەمڕۆ ١٨٣٠ كرێكار كاریان نەبووە!
بەیاننامەیەك لە خاوەن نانەواخانەكانی هەولێر
بۆ بەڕێز/ سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان ئێمە وەكو خاوەنی ٦١٠ نانەواخانەی هەولێر كە ئەمڕۆ كارمان نەكردوە ! بەهۆی ئەو هەموو فشارەی لەسەرمانە.
دەست خراوەتە گیرفانمان و چاو بڕاوەتە نانی دەمی منداڵەكانمان،
تكامان وایە ئەو بڕیارە بە بەرپرسانی هەولێر رابگرە چونكە بەڕاستی ئەوان رێنادەن كار بكەین.
ئێمە دەمانەوێت كاری خۆمان بكەین راستە ئێستا ئارد هەزران بووە، بەڵام كاتێك شەڕی ئۆكراینا و رووسیا بوو فەردەیەكی ئاردمان بە ٤٥ هەزار دینار دەكڕی ئەو كات بۆ ئەوەی كاریگەری لەسەر هاوڵاتیان نەكات ئێمە لە فرۆشتنی نان بە نرخی خۆی بەردەوام بووین،
ئێستاش خاوەن نانەواخانە هەیە زیاتر لە ٤٠ ملیۆن دینار قەرزی ئەو كاتەیە، بە نرخی ئاردی ئێستاش نە قازانجە نە زەرەرە.
بەپێی ئەو بڕیارەی پارێزگاری هەولێر و قائیمقامی هەولێر جێ بەجێ دەكەن دەیانەوێت ئێمە پێشێلی یاسای بكەن، چونكە بەو نرخەی نان دەبێت ئێمە كرێكاری خۆمان دەربكەین و كرێكاری تر بهێنین بۆ شوێنەكانیان ئەمەیش پێشێلی یاسای كار و دەستەبەری كۆمەڵایەتییە كە نازانین بۆچی هێندە دژی كرێكاری خۆمان كار دەكەن و رقیان لێیان دەبێتەوە. بەڕێز سەرۆكی حكوومەت،
ئەمڕۆ ٦١٠ نانەواخانە كارمان نەكردووە واتا ١٨٣٠ كرێكار كاریان نەبووە، ئێمە دژی شاری خۆمان نین، دژی هیچ كەسێك نین، بەڵكو قرقرتۆكمان گیراوە ناهێڵن كار بكەین،
ئەو هەموو هەڕەشەیەی لەلایەن بەرپرسانی هەولێر لێمان دەكرێت بەناوی بەڕێزت كە خۆمان بڕوا ناكەین ئەوە قسەی تۆ بێت و تۆ هێندە لەگەڵ ئێمە توند بیت بۆیە تكامان وایە خۆت بیانوەستێنە چیتر بێزارمان نەكەن.


