تاکەی گرتن و ڕفاندن و ئەشکەنجە و برسی کردن …؟!!

0

چەند پرسیارێک ئاڕاستەی حزبەکانی بزوتنەوەی کوردایەتی قەومجی بورجوازی ، دەکەین ..
– تاکەیی گرتن و ڕفاندن و ئەشکەنجەدان وبرسی کردنی چینی چەوساوە و زەحمەتکێشی بەردەوامی پێ دەدەن ؟!
– ئایا سەرکردە فاشست و دیکتاتۆرەکانی جیھان ، وەک مۆسۆلۆنی و ھیتلەر و سۆھارتۆ وسەدامی عەفلەقی و حسنی مبارک و علی عبداللە ساڵح و شایی ئێران و عمر بشیری ئیخوانی ..ھتد ..چیان لێ بەسەر ھات ؟!
ئایا ئێوەش لەوان زیاترن ،بروانە ئاغاکانتان لە ناتۆیی فاشیزم و ئیمپریالیستی ئەمریکی ئیرھابی ؟!
– ئایا ووردبینی ئابووری ووڵاتانی ئیمپریالیستی جیھانیتان نەکردووە بەرەو داڕمان دەروات و سەرکردە فاشیەکانی ئەوانیش وەک ئەوانەی باسمان کردن لە پێشتر داھاتوویان وەک ئەوان لێ دێت ،کە ئێوەی جێ بەجێکاری سیاسەتی رەشبگیری ئەو دەوڵەتە داگیرکەرانە باشتر نابێت لە ئاغاکانتان ؟!
– ئایا ڕووبارێک خوێنی چەوساوانی گەلەکەمان بەخۆڕایی ڕژا لەژێر ناوی شۆرشی نوێ و ئەیلول و گوڵان ،بۆ ئەوە بوو ئێستا نەوەکانی لەسایەی دەسەڵاتتان بیگیرێن و بفڕێندرێن و ئەشکەنجە بدرێن ؟!
– ئایا ھەر ئەو چینە چەوساوە و زەحمەتکێشە نەبوو ،بە درێژایی شۆڕشی چەواشەتان ماڵ و موڵک و سامانی تاڵان دەکرا و دەسوتێنرا ،لە لایەن دەسەڵاتە قەومجیە عەرەبیە فاشیەکانەوە ،
کەئیوەی دژە شۆرش دەتانگووت ،دەسەڵات بگرینە دەست ھەموو مافەکانتان بۆ قەرەبوو دەکەینەوە ،ئەی کوا؟!
– کوا ئەو یەکسانیەی بەدرێژایی ساڵانی دژە شۆرشتان لەساڵی ١٩٤٦ەوە تاکو ئێستای دەسەڵاتتان باستان دەکرد و زوڕناتان بۆ لێدەدا و لایەنی ترتان بە تحریفی و ھەڵپەرست دا دەنا ؟!
ئەمەو چەندین پرسیار ،بۆتان کاتی ئەوە ھاتووە ،بە خۆدا چونەوەیەک بکەن بە خۆتان و سیاسەتی چەوسێنەرانەتان ،چونکە چەواشەکردنی میللەتی چەوساوەو برسی ھەتا سەر بۆتان ناڕواتە سەر چونکە وەک پێشینان دەڵێن :
جام پڕ بوو ساتێک دەبێت ھەرلێی بڕژێت …
«ئەحمەد دڵزاری »شاعیری پێشکەوتوو خوازی گەل ، لەتەمەنی 101 ساڵیدا چەند رۆژی پێشوو كۆچی دوایی كرد، هۆنراوەیەكی تایبەتی نوسیوە و تیایدا دەردی بێدەرمانی كوردی تێدا خستووەتە ڕوو بەناونیشانی تاكەی…
هیوادارین بە وردی بیخوێننەوە…
تاکەی؟
ئەی کوردە تاکەی خەریک تاڵانی
خەریکی ماڵی خوێش و خزمانی
تاکەی حەز ئەکەن بە زەللەی یەکتر
تاکەی ھەر تینوون بە کەللەی یەکتر
تاکەی تێناگەن تاکەی پێناگەن
تاکەی بە پەند و بێژی کەس ناکەن
تاکەی فەسادی تاکەی کەسادی
ھەتاکەی تیژن لەسەر عینادی
تاکەی مەینۆشی تاکەی بێھۆشی
تاکەی وڵات و میللەت فرۆشی
تاکەی خەریکی ڕامی و پۆکەری
تاکەی مەراقی و کاری جۆکەری
تاکەی حەقنێژی تاکەی خوێنڕێژی
گڵۆڵەی ژینت وا کەوتە لێژی
تاکەی لە وەقتی مەینەت چەقیوون
لەناو میللەتان ھەروەک ھەتیون
تاکەی مەحکوسمی تەکیە و خانەقان
تاکەی بۆ وەتەن بێ وەعد و بەقان
تاکەی ھەر ڕازین بە نیری ملتان
تاکەی ھەست ناکەن بە زامی دڵتان.
کۆسەڵان حەمە ڕەشید
Leave A Reply

Your email address will not be published.