ڕاگەیەندراوێک لە دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەرەوە:

0
مامۆستایانی سەربەز و بەهەڵوێست و خۆڕاگر سڵاوتان لێبێت، وەك هەمووتان ئاگادارن دوای کۆتایی هاتنی وەرزی یەکەمی خوێندن بەتەواوەتی و بەردەوام بوونی خەباتی مەدەنی مامۆستایان، لەئێستادا لە قۆناغێکی زۆر هەستیار داین و زۆر نزیكین لە بەدەستهێنانی دەسكەوتەكانمان، خۆشتان دەزانن دەسەڵاتی تاڵانکار لەم قۆناغەدا هەموو ڕێگاو شێوازێک دەگرێتەبەر بۆ لەباربردنی خەباتی مەدەنی و شکاندنی بایکۆت بێ دەستکەوت!!!
ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر و لەسۆنگەی بەرپرسیاریەتیمانەوە بۆ ئەو ئەرکە ئەخلاقی و پەروەردەییەی لەسەر شانمانە و ئێوەی مامۆستایانی سەربڵند پێتان سپاردووین بەردەوام بەدواداچوون بۆ ئەگەر و پێشهاتەکان دەکەین و لەگەڵ سەرجەم ناوچەکانی تر هەماهەنگیمان هەیە و بەووردی ئاگاداری هەموو جوڵەکانی دەسەڵاتین،
لەئێستاشدا دەزانین و ئاگادارین کە بۆ سبەی داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرە بەڕێز و بەهەڵوێستەکان کراوە کە ئامادەیی کۆبوونەوەیەک بن کە بە تەوجیهی حزبێکی دەسەڵات بڕیارە ئەنجام بدرێت و تیایدا داوا لە بەڕێوەبەرەکان بکرێت بە کۆمەڵێک بەڵێنی هەڵخەڵەتێنەر و بێ بنەما بایکۆت بشکێنن و دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بکەنەوە بۆیە ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر
داواکارین لە سەرجەم بەڕێوەبەرە بەهەڵوێست و خۆڕاگرەکانی دەڤەرەکەمان:

 

یەكەم/ بایكۆتی ئەو كۆبوونەوەیە بكەن و نەچن چونكە ئێمە كادری پەروەردەین پێویستە هەر كۆبونەوەیەك هەبێت پێویستە لە بینای پەروەردەبێت نەک لە بارەگای حزب و ڕێکخراوەکان.
دووەم/ مەیل و ئینتیمای سیاسی مافی هەموو كەسە بەڵام لەوە گرنگتر قوت و ژیانی خۆمانە بۆیە دواكارین لەو بەڕێوەبەرانەی کەوا بایكۆتی کۆبوونەوەکەی بەیانی ناكەن و دەچن با لەوێ بەناوی مامۆستاکانیانەوە قسە نەکەن و بڕیار نەدەن، تەنها وەک خۆیان قسە بکەن.
سێیەم/ تكادەكەین مەبنە شەریك لەو ئۆباڵە مێژووییە كە بەرپرسانی دەسەڵات کەوتۆتە سەر شانیان چونکە دەبێ ئۆباڵی ئەو شكستە هەڵبگرن ئەگەر بچنە ژێر هەر بڕیارێك كە لەوێ دەدرێت.
لەکۆتایدا ڕایدەگەیەنین ئێمە بەردەوامین لە بایکۆت و خەباتی مەدەنی تا جێبەجێکردنی سەرجەم داواکاریەکانمان و پێتان دەڵێین بایکۆت زۆر لەوە مەركەزیترە كە لەسنورێكی بچوك بشکێندرێت،
هەروەها بەدەسەڵات و سەرجەم داردەستەکانی دەڵێن خاوەنی ڕاستەقینەی بایکۆت و خەباتی مەدەنی مامۆستایانن و هەر لە سەرەتای ئەمساڵەوە بەدروشمی (ئەمساڵ بایکۆتمان کردووە تا هیچ کاتێک و ساڵێکی تر پێویستمان بە بایکۆت نەبێتەوە) لەبەر ئەوە جگەل لە مامۆستایان هیچ کەسێک ناتوانێت بڕیار لە کردنەوەی دەرگای ناوەندەکانی خوێندن بدات و تاکە ڕێگە و دەرچەش بۆ شکاندنی بایکۆت لەلایەن مامۆستایانەوە جێبەجێکردنی داواکاریەکانمانە.
لەگەڵ ڕێزمان
دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر
٢٠٢٤/١/٥
Leave A Reply

Your email address will not be published.