ئێران :سزای ٧٤ قامچی به‌سه‌ر ڕۆیا حیشمەتی، كچه‌کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی شاری تاران، لە خانەی دادیی ناوچەی ٧ی تاران جێبەجێ کرا!

0

ئەڵتەرناتیڤی شورایی /

 زۆر جار لایەنگرانی ڕژێمی ئیسلامی ئێران پڕوپاگەندەی ئەوە بڵاو دەکەنەوە کە ،لەقۆناعی ئێستا ڕژێمی ئیسلامی ئێران لە هەوڵی ئەوەدایە کە چاکسازی و ڕیفۆرم لەو سیستەمە چەوسێنەرو نایەکسانەدا ئەنجام بدات کەبتوانێت ئازادییەکان بۆ خەڵک فەراهەم بکات بەڵام بەدڵنیایی هەتا ئەو ڕژێمە لەدەسەڵاتدابێت هەرگیز چاکسازی و ڕیفۆرمێک ئەنجام نادات کە لەبەرژەوەندی خەڵکدابێت .
ئەوەتا ڕۆیا حیشمەتی، کە كچه‌ كوردێکی  خه‌ڵكی شاری سنه‌، بەڵام لە شاری تاراندا نیشتەجێ یە لە پێگەی ئینستاگرامی خۆی چیرۆکی کاتی جێبەجی کرانی سزاکەی دەگێرێتەوە و ده‌ڵێ: لە كاتی چوونەژوورەوە کە تێپەڕبووین حیجابەکەم لابرد، چووینە ناو هۆڵەکە.
دەنگی هاوار و گریان لە قادرمەکانەوە دەهات کە خەریک بوون کەسێکیان دەبردە خوارەوە بۆ جێبەجێکردنی سزا.
رۆیا ده‌ڵێ: ڕۆیشتین بۆ لقی یەکی جێبەجێکرانی سزاکان.
فەرمانبەری ئەو لقە وتی لەچکەکەت لەسەر بکە تا کێشەت بۆ دروست نەبێت.
بە ئارامی و لەگەڵ ڕێزەوە پێم گوت هاتووم تا بەهۆی ئەو بابەتەوە قامچیم لێدەن، لەسەری ناکەم، پەیوەندییان كرد و فەرمانبەری جێبەجێکردنی سزاکە هاتە سەره‌وه‌، وتی لەچکەکەت لەسەر بکە و بە دوای مندا وەرە.
وتم لەسەری ناکەم. وتی لەسەری ناکەی؟!
بەشێوەیەک قامچیت لێدەدەم کە بزانی لە کوێی.
دۆسیەیەکی تازەت بۆ دەکەمەوە تا بۆ 74 قامچیی دیکەش میوانی ئێمە بیت.
دیسان لەسەرم نەکرد.
ڕۆیشتینە خوارەوە چەند کوڕیان بەهۆی خواردنەوەی شەراب هێنابوو.
دیسان پیاوێک بە توندی وتی مەگەر ناڵێم لەسەری بکە؟
لەسەرم نەکرد.
دوو ژنی چارشێوی هاتن و لەچکەکەیان کێشا بەسەرمدا.
دیسان لامبرد و ئەو کارە بۆ چەند جار دووپات بووەوە.
لە پشتەوە کەلەپچەیان لێم دا و دیسان لەچکەکەیان دا بە سەرمدا.
هەر لەو پلیکانانەی کە ژنەکەیان بردبوو، ڕۆیشتینە قاتی ژێره‌وه‌..
دادوەر و فەرمانبەری جێبەکردنی سزاکە و ژنێکی چارشێوی لە تەنیشتم ڕاوەستابوون.
ده‌شڵێ: پیاوەکە لە نێوان ئەو کۆمەڵە قامچییەی کە لە پشت درگاکە بوون قامچییەکی پێستی ڕەشی هەڵگرت.
دوو دەور لە دەوری دەستی ئاڵاند و هات بەرەو لای تەختەکە.
دادوەر گوتی زۆر بەتووندی لێی مەدە.
پیاوەکە دەستی پێکرد بە لێدان.
شانەکانم. پشتم. سمتم. ڕانم. لاقم.
و دیسان سەر لە نوێ…
ژمارەی قامچییەکانم نه‌ژمارد، تەواو بوو.
هاتینە دەرەوە.
تەنانەت نەمهێشت وا بیر بکەنەوە کە ئێشم پێ گەیشتووە.
ڕۆژانە کچان و ژنان و لاوانی ئازادیخواز ویەکسانیخواز لە ئێران و ڕۆژ هەڵاتی کوردستان  ڕوبەڕوویی زیندانیکردن و ئەشکەنجەدان و لەسێدارەدان دەبنەوە  بەهۆی هەبوونی سستەم ودەسەڵاتێکی سەرکوتگەر وچەوسێنەرەوە .

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.