ناڕەزایەتییەکانی مامۆستایان بۆ خواستەکانیان ڕووە و کوێ !

0
ئیبراهیم عمر
سەرەتا
ناڕەزایەتییەکانی ئەم ماوەیەی مامۆستایان لە سلێمانی و ناوچەکانی دەوروبەری بۆ: پێدانی مووچەی مانگانەکانیان لەکاتی خۆیدا، و دامەزراندنی وانەبێژان، دەرماڵە و شایستەداراییەکانی مامۆستایان، لە داواکاری و داخوازییەکانی مامۆستایان بوو. سەرەتا بە بایکۆتکردنی کارکردن و دواتریش گردبونەوەی هەزارەها مامۆستا لە بەردەم پەروەردەی ڕۆژئاوا و پەروەردەی گشتی و دادگای سلێمانی و پارێزگای سلێمانی کە تا ئێستاش بەردەوامە و کابینەکەی مەسرور بارزانی و دەسەڵاتدارانی سلێمانی هیچ وەڵامێکی ئەرێنییان بە داخوزییەکانی مامۆستایان نەداوەتەوە، و گوێێ خۆیان لێخەواندووە چاوەڕوانیش ناکرێ هیچ وەڵامێکی ئەرێنیان بدرێتەوە.
وا مانگی دوانزەش هاتووەتە پێشەوە و کارمەندانی کەرتی گشتی بە مامۆستایانیشەوە مووچەی مانگی١٠ی ٢٠٢٣ یان وەرنەگرتووە و چارەنوسی موچەی ٣ مانگی کۆتایی ساڵی ٢٠٢٣ بەهیچ جۆرێک دیار نییە و ئەگەری زۆەی ئەوەش هەیە مانگی یەکی ٢٠٢٤ وەرنەگیرێت.
گرفتەکانی پرۆسەی خوێندن
لە کوردستان پرۆسەی خوێندن لە ناوەندەکانی خوێندنی کەرتی گشتیدا پەکی کەوتووە و تا ئێستا دەرگای قوتابخانە و زانکۆکان نەکراونەتەوە، ئەمە لە کاتێکدایە کە یونیسکۆ لە دوایین ڕاپۆرتیدا لەسەر پرۆسەی خوێندن لە عێراقدا دەڵێت: ( دەیان ساڵ ململانێ و نەبوونی وەبەرهێنان لە عێراقدا سیستەمی پەروەردەی ئەو وڵاتەی لەناوبردووە، کە سەردەمانێک بە باشترینی ناوچەکە دادەنرا، هەروەها بە توندی ئاستەنگی بۆ منداڵان دروستکردووە بۆ دەستڕاگەیشتن بە خوێندنی بەکوالیتی و باش، ئەمڕۆ نزیکەی سێ ملیۆن و 200 هەزار منداڵی عێراقی کەلە تەمەنی خوێندندان لە خوێندن نەماون. دۆخەکە بە تایبەتی لە پارێزگاکانی زیانلێکەوتووی ململانێکان وەک سەلاح الدین و دیالە جێگەی نیگەرانییە، کە زیاتر لە ٩٠٪ ی منداڵانی تەمەنی خوێندن لە دەرەوەی سیستەمی خوێندنن، هەروەها نزیکەی نیوەی منداڵانی ئاوارە وکەلە تەمەنی خوێندندان، نزیکەی ٣٥٥ هەزار لە کوڕان و…
کچان، لە قوتابخانە نین. دۆخەکە بۆ کچان خراپترە، کە لە هەردوو قوتابخانەی سەرەتایی و ناوەندیدا نوێنەرایەتی کەمیان هەیە*.). ئەم ژمارانە ئەوەمان پێئەڵێن کە بارودۆخێکی ترسناک لە عێراقدا ئەگوزەرێت و ئەوە کوردستانیش لە نێو ئەم هەلومەرجەی بێ موچەیی و بڕین و دزینی موچەدا، هەموو جومگە سەرەکییەکانی کۆمەڵگەیەکی ناسراو و لێوەشاوەی خستۆتە بەر لێدانی کوشندە و هەلومەرجێکی دەرونی کۆمەڵایەتی زۆر نەشیاو و کوشندەی دروستکردووە.
ئەمە لە لایەک لە لایەکی ترەوە، خراپبونی باری ئابوری خێزانەکان و بێکاری و هەژارییەکی لە ڕادەبەدەر، هەلومەرجی خوێندنێکی بەکوالیتی بەرەو پوکانەوە بردووە و هەم حکومەتی ناوەندی و هەم دەسەڵاتدارانی هەرێم و حکومەتە (سەرکەوتووەکەی) بە گفتی مەسرور بارزانی، ژیانی مرۆڤەکانیان کردووەتە دۆزەخێکی ڕاستەقینە، و ئومێدی باشبونیشی ڕۆژ لە دوای ڕۆژ بەرەو کەمبوونەوە ئەچێت. خوێندکاران بێبەشبوون لە خوێندن و بەرەو ئەوە ئەچێت کە ساڵێکی خوێندنیان لەکیس بچێت، هەر ئەو خوێندکارانەی کە ڕۆڵەی ئەو مامۆستایانەن کە ژیانیان وێران بووە بەهۆی پێنەدانی مووچە و دەرماڵە و……هتد ەوە و نەبوونی و گرانی شتومەکی سەرەکی و ڕۆژانەش با لەولاوە بووەستێت و تا ئێستاش چارەنوسی پرۆسەی خوێندن و گرفتەکانی ئەو وانانەی کە لەدەستچوون و هاوتا نەبوونی پرۆسەی خوێندن لەگەڵ ناوچەکانی تری هەرێمی کوردستان کە نەیانتوانیووە بایکۆت بکەن بووەتە گرفتێکی تر و لێکەوتەیەکی تری بێباکی کابینەی حکومەتە سەرکەوتووەکەی مەسرور بارزانی کە لە مێژوی هاتنە سەرکاریەوە تا ئێستا کارنامەکەی بەردەوامی سکهەڵگوشین و بێکاری و بێبەشکردنی جەماوەری بەشمەینەتی کوردستان بووە و وەک کابینەکانی پێشوو نەک وەڵامی نەداوەتەوە بە داخوازییەکانیان، بەڵکوو زیاتر ستمکار بووە.
مامۆستایان بەرپرسنین بە پەککەوتنی پرۆسەی خوێندن !
دابینکردنی مووچە بۆ تەواوی فەرمانبەران ئەرکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە و دابینکردنی داخوازییەکانی مامۆستایانیش مافێکن کە پێویستە دەسەڵاتداران دابینی بکەن و هیچ پاساوێکی نییە، و موچە و ژیانی خەڵکی کوردستان و پرۆسەی خوێندن نابێت ببێتە قوربانی بێباکی دەسەڵاتداران و کێشمەکێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی ناوەند و پاراستنی قازانج و بەرژەوەندییەکانی خۆیان و کۆمپانیاکانیان و پارتەکانیان. حکومەت و دەسەڵاتداران، هەمیشە لە ڕاگایاندنەکانیان و ووتەفەرمییەکانیان ئۆباڵی دوکەوتنی پرۆسەی خوێندن و دواکەوتنی ئەو پرۆسەیە ئەخەنە پاڵ مامۆستایان و دوکەوتن و نەدانی موچەش ئەخەنە پاڵ حکومەتی ناوەند لە بەغداد و شانی خۆیان خاڵی ئەکەنەوە لە بەرامبەر هەموو ئەو نایەکسانی و دزینەی قوتی خەڵکی و بازاڕی کۆمپانیا نەوتییەکانیان زیاتر گەرمکردووە.
بایکۆت وەک شکڵێکی ناڕەزایەتی !
بایکۆتکردن لە کارکردن و “دەوامنەکردن” لە فەرمانگە و قوتابخانە و دامەزراوە حکومییەکان لەم چەند ساڵەی دوایدا بووەتە ئامرازێک بەدەست کارمەندان و مامۆستایانەوە و بووەتە شێوەیەکی ناڕەزایەتی دەربڕین، بەڵام ئاستێکی لاوازی ناڕەزایەتییەکانە و دەستنابات بۆ جومگە سەرەکییەکانی وەستانەوە بەرامبەر بە ستەم و چەوساندنەوە و لە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگاکان و پەرلەمانی کوردستان و نوێنەرانی عێراقتشدا، بایکۆتکردن بەهەمان شێوە بووەتە دیاردەیەک و ئەو خۆجیاکردنەوە چینایەتییە فراوانەی کە خوارەوە بەم شێوەیە دەڵێ نەخێر بۆ دەسەڵاتدارێتی و چەواشەکاری !.
بایکۆتکردن تەنها ئامرازێکی لاوازە و لە ئاستێکی زۆر نزمدایە و تا ئێستاش نەیتوانیووە لە وەستانیدا هەنگاوی دواتری بەرەوپێش بەرێت، بە تایبەتی ئەم جارەیان تەنها مامۆستایان دەستیان بۆ بایکۆت بردووە ئەویش لە ناوچەکانی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین، و باقی کارمەندانی کەرتی گشتی پێیانەوە پەیوەست نەبوون، بەتایبەتیش ئەو فەرمانگا و دامەزراوانەی کە سەرچاوەیەکی سەرەکین بۆ داهاتی زۆر و زەبەن بۆ حکومەت و پارتە دەسەڵاتدارەکان، وەک ( فەرمانگەکانی باجەکان و بانکەکان و زۆری تریش) ئەمەش داهاتەکانی بۆ گیرفانی دەسەڵاتداران نەبڕیووە.
بۆیە بایکۆت و ناڕەزایەتی و گردبوونەوەکانی ئەمجارە نەیتوانیووە ئامانجەکان و داواکارییەکانی بپێکێت، و ئەگەر ئەم قۆناغی گیربوونەش تێنەپەڕێنێت و باقی کارمەندانی تریش بۆ ناو پرۆسەی ناڕەزایەتییەکان ڕانەکێشێت و پەیوەست نەبن بەم ناڕەزایەتیانەوە ئەوا ناتوانێت بەردەوامبێت یاخوود بەرەو پوکانەوە ئەچێت.
ناڕەزایەتیەکان و دەستکیسەیە !
هەر لە سەرەتای دەستپێکردنی ناڕەزایەتییەکانی ئەمجارەوە (بایکۆتکردن و گردبونەوکان) کۆمەڵێک لەو مامۆستایانەی کە سەر بە دەسەڵاتدارانی سلێمانین و پارتە ئیسلامی و ئۆپۆزیسیۆنەکانیش خۆیان تێکەڵکرد لە ڕابەرایەتیکردن و کێشمەکێشکردن بۆ ئاراستەکردن و جڵەوگیرکردنی ئەم ناڕەزایەتیانە، و خۆیانکردە بەشێکی بەرچاوی نوێنەرانی مامۆستایان و هەوڵیاندا ئاراستەی بگۆڕن بە خۆشخەیاڵیکردنی مامۆستایان و فەرمانبەران ڕووە و بەغداد و وەک ئەوەی حکومەتی ناوەندی بەشێک و هاوبەشێک نەبێت لەو بێچارەییانەی بەسەر کارمەندان و تەواوی خەڵکی کوردستاندا هێناویانە.
بۆیە هانگاوێکی تری دەرچون لەم قۆناغە وەدەرنانی ئەو مامۆستایانەیە کە سەر بە پارتەکانن و ئەیانەوێت سودمەندبن لە نوێنەرایەتیکردنی داسەپاویان بەسەر هەزارەها مامۆستا کە تەنها بۆ دابینکردنی داواکارییەکانیان هەتوونەتە شەقام و بایکۆتیانکردووە.
ئەم بابەتەی کە لە سەرەوە باسمانکرد، ناگەیەنێتە ئەوەی کە ئەو چەندەها هەزار مامۆستایەی کە بایکۆتیان کردووە و ناڕەزایەتی دەرئەبڕن بخەینە ژێر پرسیارەوە و ڕەوایی مافەکانیان تەمومژوی بکرێت، یاخود وەک قسەکەران و کادیرەکانی دەڤەری زەرد بڵێین دەسکیسەیە و پیلانە! سەرەڕای ئەوەی کە هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پاریزگاکانیش ئەنجامدرا و ئۆپزیسیۆنەکانی وەک نەوەی نوێش وەک دەرفەتێک بۆ پرۆسەکە بەکاریان هێنا و وەک پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن ویستیان سودیان لێ ببینن وەک پیشەی هەمیشەییان.
بۆیە ئەو ووتانەی کە لەبارەی ناڕەوابوونی بایکۆتی مامۆستایانەوە ئەوترێت و بە پیلانی بەشێکی دەسەڵات و دەسکیسە دانەقەڵەمی هیچ نییە جگە لە قسەیەکی بێمانا و بۆش، سەرەڕای کاریگەرییان لەسەر پەیوەستنەبوونی تەواوی کارمەندان .
کەواتە یەک خاڵی گرنگ بۆ ئەم جوڵانەوەیەی مامۆستایان و سەرکەوتنی پەیوەستە بە پەیوەستبوونی تەواوی کارمندانی کەرتەگشتییەکان بەم ناڕەزایەتیانەوە و وەستاندنی هەموو جومگەکانی داهات پەیداکردن بۆ دەسەڵاتداران و چۆن ئێمە چینەکانی خورەوەی کۆمەڵگە بێبەشکراوین لە سەرەتایترین مافەکانمان وا پێویستە دەسەڵاتدارانیش بلەرزن بە سەرتاسەریبوونەوەی وەستانەوە بە جوڵانەوەی دژی ستەم و مووچە بڕین.
ئەم مووچە بڕینەی ئەمساڵ ٢٠٢٣ هیچ ئومێدێکی نەهێشتەوە بۆ گەڕاندنەوەی مووچە دزراوەکان و چارەکە مووچە و لێبڕینە زۆر و زەبەندەکانی حکومەتی هەرێم و تەنها ڕێگاش بۆ دابینکردنی داخوازیی و داواکارییەکانمان و گەڕاندنەوەی موچە دزراوەکانی کارمەندان و مامۆستایان هاتنە دەنگی تەواوی جەماوەری بێبەش و خوارەوەی کۆمەڵگەیە و ناڕەزایەتی دەربڕینی سەرتاسەری و گشتییە و لە ڕێگەی ئەو گردبوونەوانەوە هەڵبژاردنی نوێنەرانێکە کە جگە لە داخوازییەکانی مامۆستایان و فەرمانبەران هیچ مەبەستێکی تری نییە.
٢١/١٢/٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.