ڕاگەیەندراوی کۆبوونەوەی دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر بەڕێز و بە هەڵوێست، سڵاوی بوێری و خۆڕاگریتان لێبێت

0


خۆتان دەزانن ئەمڕۆ (١٠٠) ڕۆژ تێپەڕی بەسەر خەباتی مەدەنی و بایکۆتی ناوەندەکانی خوێندن لەلایەن مامۆستایانەوە لەپێناو جێ بەجێکردنی داواکارییە ڕەواكانمان و داکۆکیکردن لە مافی خوراو و موچەی دزراوی مامۆستایان و سەرجەم چین و توێژەکانی تری کۆمەڵگە، بەڵام تاوەکو ئێستا دەسەڵاتی بێباک و خەمساردی هەرێم هیچ وەڵامێکی بۆ داواکانمان نەبووەو بەڵکو لەبری وەڵامدانەوەمان ئەوەتا ڕۆژ بەڕۆژ ناوی تازە بۆ دزینی مووچەکانمان دەدۆزنەوە و ئەمساڵیش لەبری هەوڵدان بۆ سەرپێ خستنەوەی پڕۆسەی پەروەردە دوای تێپەڕینی وەرزێکی خوێندن بەتەواوی هاتن بەناوی (شایستەی دارایی خەرجنەکراو )!مووچەی سێ مانگی ئەمساڵمانیان خستە سەر خەرمانی دزییەکانیان …

 

لەبەر ئەوە ئێمە وەک دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوە ڕایدەگەیەنین:

 

کە بەردەوام دەبین لە درێژەدان بە بایکۆتکردنی ناوەندەکانی خوێندن و فراوانکردن چالاکیە مەدەنیەکان و دەربڕینی ناڕەزایەتیەکانمان، لەئەگەری وەڵام نەدانەوەی حکومەت و بەردەوامبوونیان لەم بێدەنگی و خەم ساردیە لە وەرزی دووەمدا توندتر و گەرم و گوڕتر دەگەڕێینەوە سەر شەقام و شەقام دەکەینە ناوەندی پەروەردەکردنی کرداری بۆ دەسەڵاتدارانی هەرێم و پەروەردەی مۆڕاڵ و هەستکردن بە بەرپرسیاریەتیان پێدەڵێین،

وە لێرەوە ڕایدەگەیەنین بە هاماهەنگی لەگەڵ هاو پیشە و برایانمان لە سەرجەم ناوچەکانی تر پلانی جیاوازمان هەیە بۆ توندکردنی فشارەکانمان بۆسەر دەسەڵات بە ڕێگاو شێوازی خەباتی مەدەنی جۆراو جۆر و جیاواز کە لە داهاتودا و لەسەرەتا و دەستپێکی وەرزی دووەمدا دەسەڵاتدارانی پێ شۆک دەکەین.

 

وە لە ئێستادا و بەهۆی تەواو بوونی وەرزێکی خوێندن و وەستانی چالاکیەکانی شەقام لە سەرجەم ناوچەکانی بایکۆت و وەک پێدانی دەرفەتێكی زەمەنی دیاریکراو بە دەسەڵات، ئێمەش چالاکیەکانی شەقاممان هەڵپەسارد تا سەرەتای وەرزی دووەم و ساڵی تازە، بەڵام لەئەگەری هەر هەوڵێکی دەسەڵات بۆ فشار خستنەسەر مامۆستایان و شکاندنی بایکۆت لەم ماوەیەدا بەبێ دەستکەوت ڕاستەوخۆ دێینەوە سەر شەقام و بەچالاکی بەرفراوان وەڵامیان دەدەینەوە.

 

 

لەکۆتایدا دەڵێین بەردەوامی و خۆڕاگری و کۆڵنەدان زامنی بەدیهێنانی ئامانج و داواکاریەکانمانن بۆیە دەڵێین بەپشتیوانی ئێوەی بوێر و ماندوو نەناس بایکۆت بەردەوامە و بەردەوام دەبێت و ئێمە جگە لە وەڵامدانەوەی داواکاریەکانمان هیچ شتێکی تر نامان باتەوە ناوەندەکان خوێندن و بەهیچ جۆرێک سازش لەسەر مافەکانمان ناکاین و تا دوا هەنگاو لەپێناویاندا دەجەنگیین…

 

دەستەی سەرپەرشتی مامۆستایانی ناڕازی پشدەر
شەممە ٢٠٢٣/١٢/٢٣

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.