بەیاننامەی مامۆستایانی ناڕازی:بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانمان ناکەین و درێژە بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەدەین و بە هەمان گڕوتینی ڕابردوەوە.

0
بە ناوی خوای گەورەی میهرەبان ..
مامۆستایان و فەرمانبەران، هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان، چین و توێژە جیاوازە ستەملێکراوەکان.
لە ئێستادا خەباتی مەدەنی مامۆستایان و فەرمانبەران پێی ناوەتە قۆناغێکی نوێی کاریگەرەوە ، ئەم کاریگەربوونەش وایکردوە دەسەڵاتە شکستخواردووەکە هەموو ڕێگاکان بگرێتەبەر بۆ لاوازکردنی ئەم خەباتە مەدەنییە .
ئێمەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازیی ، لێرەوە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە ، هەرگیز سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانمان ناکەین و بەردەوامیی بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکانمان دەدەین ، چونکە پێمان وایە ئەگەر لە ئێستادا پرسی مووچە لە بەغدادەوە چارەسەر نەکرێت ، ئەوا لە ئایندەدا قەیرانەکان و بێ مووچەیی زیاتر دەبێت و ژیانی خەڵك ڕووبەڕووی سەختیی زیاتر دەبێتەوە .
ئێمە وەک چۆن پێشتر باکمان بە فشار و چەواشەکاریی و سزادانی ئیداریی و دارایی و هەڕەشەکانی دەسەڵات نەبووە، بۆ لەمەودواش ئاوڕیان لێنادەینەوە و بە ورەیەکی بەهێزترەوە بەردەوام ئەبین لەم خەباتە مەدەنییە فراوانە. لێرەشدا جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو بەڕێوەبەرە بەڕێزانەش بکەین ، کە لەسەر هەمان رێبازیی هاوپیشەکانیان، نەچوونە ژێر باری فشارەکانی رۆژانی رابردووی دەسەڵاتەوە و پەیمانی بایکۆتییان نوێ کردەوە.
دوای ٨٦ ڕۆژ لە بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندن و خۆپیشاندان و ناڕەزایەتییە فراوانەکان ، ئەوە ڕوون بۆتەوە کە دەسەڵاتدارانی هەرێم باکیان بە پەکەوتنی پرۆسەی پەروەردە و خوێندن نییە، بەتایبەت لە سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی ڕاپەڕین و گەرمیان و قەزای کۆیەی سەربە پارێزگای هەولێر.
بۆیە داواکارین حکومەتی عێراقی پەنا بەرێتە بەر جێبەجێکردنی بڕگەی هەشتەمی مادەی ١٣ی پڕۆژە یاسای بودجەی عێراق کە زامنی مووچەی مووچەخۆرانی پارێزگای ناڕازیی دەکات، بۆ ئەوەی چیتر پرۆسەی پەروەردە و مووچەی مووچەخۆران نەبێتە قوربانی بێ باکیی و گەندەڵیەکانی دەسەڵاتدارانی هەرێمی کوردستان.
هەرلێرەشەوە، جارێکی تر، جەخت لە داواکارییە هەمیشەییەکانمان دەکەینەوە کە ئەم داوایانەی لای خوارەوەن :
١. دەسپێکردنەوەی پلەبەرزکردنەوەی مامۆستایان و فەرمانبەران
٢. دامەزراندنی مامۆستایانی وانەبێژ
٣. دیاری کردنی چارەنوسی مووچەی سێ مانگی کۆتایی ئەمساڵ
٤. دیاریکردنی چارەنووسی مووچە پاشەکەوتکراوەکان
٥. دابەشکردنی مووچەکانمان بەشێوەیەکی ڕاستەوخۆ لەلایەن بانکە حکومیەکانی وەزارەتی دارایی عێراقەوە.
لە کۆتاییشدا ڕایدەگەیەنین درێژەدان بە ناڕەزایەتیەکان زامنی چارەسەر بوونی ڕیشەیی کێشەکانمانە ،بۆیە بەهیچ شێوەیەک سازش لەسەر ماف و داواکارییەکانمان ناکەین و درێژە بە بایکۆت و ناڕەزایەتیەکان دەدەین و بە هەمان گڕوتینی ڕابردوەوە.
هەوڵەکانمان لە بەغداد چڕتر دەکەینەوە تا خواستەکانمان دەبنە خەمی بەرپرسانی وڵات و چارەسەر دەکرێن.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی ناڕازی
۱٤ / ١٢ / ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.