کولتوری وەدوکەوتن (ولاء)ی سیاسی ، کولتوری دۆگماو چەقبەستویی سیاسی، چەند سەرنجێکی ڕەخنەگرانە

0
بەختیار موستەفا
١- بەرجەستەکردن و برەودان بەڕۆڵی خێڵ ، تیرە، بنەماڵە، مەرجەع، سەرۆک، کاریزما ،فریادڕەس،لەژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی کۆمەڵگاکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاستا، زەمینەی ئابوری و پاشخانی مێژووی – کولتوری هەیە . ئەم جۆرە لە بیرکردنەوە ، ڕۆژانە لەلایەن دەسەڵاتداران و بەرژەوەندخوازاندا بەرز دەنرخێنرێت و زیندوو ڕادەگیرێت.
ئەم عەقڵییەتە وەدوکەوتو “ولاء”ییە، لەڕووی سیاسی ،کاری حیزبی و ڕێکخراوییەوە، کەڵکی لێوەردەگیرێت و بەکاردەهێنرێت.
سەرۆک و لێپرسراوە حیزبییەکان، ئەم بەهاو کولتورە کۆمەڵایەتییە بەرز ڕادەگرن ، وەک هێڵی سور بە خەڵکی دەناسێنن .
ئەوان دەیانەوێت خەڵکەکە کۆیلە ئاسا ، پابەندی سیاسەتەکانی ئەوان بێت.
سەرۆک و لێپرسراوە گەورە حیزبییەکان ، پێکهاتەی کۆمەڵایەتی ، ئاست و شێوەی بیرکردنەوەی خەڵکەکە دەخوێننەوە،لێزانانەوئاگایانە مامەڵە لەگەڵ عەقڵییەت و ئاستی بیرکردنەوەی جەماوەردا دەکەن.
٢-زۆربەی گروپ وڕێکخراوە چەپەکان،واتێگەیشتبوون و وایان لێکدەدایەوە ، ئەوان دەتوانن بەڕە لەژێر پێی سیاسییە “تقلید”ییەکان دەربهێنن و لەسیاسەتکردندا کەناریان بخەن .
ئەوەی لەگۆڕەپانەکەدا مایەوەو کاریگەری لەسەر بیرکردنەوەی خەڵکی کوردسان دانا،لایەنە سیاسییە کوردییەکان بوون .
ئاستی هۆشیاری کۆمەڵایەتی ،جیاکاری و ستەمی نەتەوایەتی زەمینەی فکری و سیاسی پێکهاتن وشکڵگرتنی هێزە ناسیونالیستە چەکدارەکانی پێکهێنا ، بارودۆخەکەو دەرهاویشتە سیاسیەکان بوو ئەو هێزانەی هێنایە پێشەوە، لەناو شارو گوندو چیاکاندا دەرکەوتن و ڕۆڵی سەرەکییان گێڕا .
سەرجەمی ڕێکخراوو گروپە چەپە جۆر بەجۆران ،کەنارکەوتن و هەڵوەشانەوە.
پارت و ڕێکخراوە چەپەکان، خوێندنەوەیەکی دروستیان بۆ بارودۆخەکە نەبوو .
مەشغەڵە ، ڕوئیا ، بەرنامەو هەڵسەنگاندندنەکانیان لەگەڵ پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، بارودۆخی سیاسی و ئاستی فەرهەنگی ئەو کۆمەڵگایانەدا نەدەهاتەوە.
٣- بۆئەوەی کۆمەڵگا خۆرهەڵاتییەکان و کۆمەڵگا دواکەوتووەکان ڕووەو ، کۆمەڵگایەکی کراوەو ” ئازاد” هەنگاوبنێن و بچنە پێشەوە ، ڕووەو کۆمەڵگایەکی “پێشکەوت “و بەختەوەر بجوڵێن، کە تیایا خواستە ئازادیخوازو سروشتیەکانیان بەدەستبهێنرێت ،زەمینەی جێبەجێکردنیان فەراهەم بهێنرێت و جێبکەوێت،
گرنگە پێبەپێی هاوکێشە سیاسیی و پێکهاتە کۆمەڵایەتییەکان ، بیر لە کاری سیاسی و میکانیزمی خۆڕێکخستن بکرێتەوە .
گرنگە لێکدانەوەو خیتابی سیاسی ڕێکخراوو گروپە چەپ و ئازادیخوازەکان، گۆڕانکاری تیابکرێت .
ناکرێت بەو میکانیزمە ئەزمونکراوە بەسەرچووە بەردەوامی بە کاری سیاسی بدرێت.
نادروستە ستراتیجی گرتنە دەستی دەسەڵاتی سیاسی و گۆڕینی سروشتی موڵکییەت، لەمولکییەتی تایبەتییەوە بۆ موڵکییەتی گشتی، لەم هەلومەرج و بارودۆخەدا بەرزبکرێتەوە ، بۆ بەدەستهێنانی “فوری” ئەو ئامانجە ستراتیجییە خۆیان ڕێکبخەن و هەوڵەکانی خۆیان چڕبکەنەوە .
ناکرێت و ناتوانرێت ڕوووەو لوتکەی دەسەڵات تواناو هێزەکانی خۆیان تاو بدەن و لەوێوە جاڕی بنیاتنانی سۆسیالیزم و لابردنی کاری کرێگرتە بدەن .
گرنگە ئازادیخوازان خوێندنەوەیەکی تریان بۆ بارودۆخەکەو پێشهاتە سیاسییەکان هەبێت ، دەبێت خواستە جەماوەرییە هەنوکەییەکان بناسرێن و ڕەچاوبکرێن.
ناکرێت توێژە جۆر بەجۆرەکان وەکوو مامۆستایان ، کرێکاران، قوتابیان ، بێکاران، خەڵکی لادێ ، تادوایی باس لە کێشەکانی خۆیان بکەن و بۆئەو مەبەستانە گردبونەوەو خۆپیشاندان سازبدەن،ئەوان بێین وبڵێێن لەکارخانەکان، لەجێگای کاروجێگای نیشتەجێبونتان، خۆتان ڕێکبخەن، دەستەو کۆمیتەی شۆڕشگێڕی کرێکاری پێکبهێنن،
دەسەڵات لەبۆرژوا بسەننەوە، دەسەڵاتی سۆشیالیستی کرێکاری یەکانەی خۆتان دابمەزرێنن ، پاشان خواست و ویستەکانتان بەئەنجام دەگات و بەختەوەر دەبن.
ئەم شێوە لەهاندان و لەپڕوپاکەندە کردن، چەپ و ئازادیخوازان بەهیچ شوێنێک ناگەێنێت .
زۆر لەگروپ، ڕێکخراوو پارتە چەپخوازەکان ،کار لەسەر خۆڕێخستن،پڕوپاگەندە وهاندانی سیاسی دەکەن.
لەسەرلابردن و تێکشکاندنی هەرەمی دەسەڵاتی سیاسی کارەکانیان چڕدەکەنەوە ، بەکردەوە کار لەسەر خواست هەنوکەییەکانی توێژە کۆمەڵایەتییە جۆربەجۆرەکان ناکەن .
“هەوڵدەدەن ” هەیکەلی دەسەڵاتدارێتی چینی بۆرژوا “بڕوخێنن”.
لەشکڵە ئەزمون کراوە شورەوییەکەیدا جارێکی تر دەسەڵاتی یەکانەی حیزب بگەڕێننەوە.
ئەو ڕێکخراوانە ڕۆڵ و کارکردی حیزب، لەناو دەزگاکانی فەرمانڕەوایی داهاتوی چینی کرێکاردا وەک پێویستییەکی ڕۆحی دەسەڵاتی ئایندە پێناسە دەکەن و بەخەڵکەکەی دەناسێنن.
 
Leave A Reply

Your email address will not be published.