رێکخراوی هاوپشتی پەنایەکە بۆ منداڵانی ئاوارە و کەم دەرامەت

0

رێکخراوی هاوپشتی پەنایەکە بۆ منداڵانی ئاوارە و کەم دەرامەت

عومەر چاوشین ئەلتەرناتیڤی شورایی (رانیە) ساڵانە رێکخراوی هاوپشتی بۆ منداڵانی ئاوارەدانیمارک لە ماوەی سێ ساڵی کارکردنیان زیاتر لە ١٠ تەن کەلوپەلی جۆراوجۆریان کۆکردۆتەوە و لە زۆربەی ناوچەکانی باشوری کوردستان بە سەر منداڵانی ئاوارە و کەم دەرامەت و خاوەن پێداویستی تایبەتیان دابەش کردووە. سۆز صاڵح سەرپەرشتیاری ڕێکخراوی هاوپشتی بۆ منداڵانی ئاوارە ــ دانیمارک لە بارەی کاری رێکخراوەکەیان دەڵێت ”ئەم ڕێكخراوەی ئێمە نزیک بە سێ ساڵە دەستی بە خزمەت کردن کردووە، سەرەتای کار کردنمان یەك دوو كارتۆن بوو زۆر ناسراو نەبووین ووردە ووردە بە ھەولی بەردەوام و پەیوەندی گرتن لەگەڵ مرۆڤ دۆستان و كەسانی باشی كۆمەڵگای دانیماركی ئیشەكانمان گەشەی كردوو كەوتە سەر قاچی خۆی’’ سۆز پێیوایە ”كار كردن لە ئەوروپا ئاسان نییە و دەبێت ڕۆبچیتە ناو كەین و بەینی یاسایی و دۆزینەوەی دەرگاكان ئاسان نییە و ھەستان بەم كارانە جێگا و ڕێگا و كاتی زۆری دەوێت’’. سۆز گوتیشی ”كۆی ئیش و كارەكانمان لەناو ماڵ و حاڵی خۆماندایە واتا ئێمە زۆر بەی كاتەكانی خۆمان داوە بۆ سەركەوتنی ئەو پڕۆژەیە.ئەم قسانە ھەر بەدەم خۆشە ئێمە شەوڕۆژمان خستۆتە سەریەك تاكو بتوانین زۆرترین كار و فراوانترین جێگە لە كوردستان بەسەر بكەینەوە، ھەر لە دھۆكەوە تا خانەقین شتی ئێمەیان پێگەیشتووە، دیارە کارەکانمان زۆرە و تاقەو کاتی زۆری پێویستە، بەڵام ماندوو نابین و ڕۆژانە چەندین كەس و لایەن پەیوەندیمان پێوەدەكەن و چەندین سەعات بە تەلەفۆن لە پەیوەندیداین.لەم پرۆسێسەدا چەندین كەسی باش و مرۆڤ دۆستمان ناسی بوو ڕوومان لە زۆر كەس كردووە بۆ یارمەتی و كۆمەك، جگە لە پەیوەندی كۆمەڵایەتی خۆمان و دۆستانمان، ئامانجی ئێمە گەڕانەوەی متمانەیە لە نێو ھاوڵاتیان و بزە خستنە سەر لێوی منداڵانی ئاوارە و مندالانی نەدار و خاوەن پێداویستی تایبەتە، گەشە دان بە ڕۆحی مرۆڤ دۆستی و ئاوڕدانەوە لە خەڵكانی كەم دەرامەت و گێڕانەوەی ھیوا لە ناو كۆمەڵگادا”. لە بارەی جۆری ئەو کۆمەکانەی ئەو رێکخراوە دابینی دەکات سۆز گوتی ”كۆمەكەكان پێکدێن لە عارەبانەی خاوەن پێداویستی تایبەتی پێڕۆ و گۆچان و جل وبەرگ و پێڵاوو یاری منداڵانە، ئێمە زۆر تەركیز لەسەر یاری دەكەین.چونكە لە ئەوروپا ھەموو منداڵێك دەیان یاریان ھەیە كە ڕۆژانە یاری پێدەكەن و ھەست بەتەنیایی ناكەن یاری بەشێكی گرنگی ژیانی منداڵانە’’. بە پێی ئاماری بەردەست رێکخراوی هاوپشتی بۆ مندالانی ئاوارە – دانیمارک لە سەرەتای کارکردنی رێکخراوەکە تا ئەمساڵ زیاتر لە 10 تەن پێداویستی نێردراونەتەوە بۆ کوردستان و لە ڕێگەی نوێنەرەکانیانەوە بەخشراون بە منداڵان. سۆز لە بارەی فراون بوونی کارەکانیان دەڵێت‘كارەكانمان ڕۆژ بە ڕۆژ گەورەتر و فراوانتر دەبێت لە ئەوروپا دەتوانیت كاری گەورە ئەنجام بدەیت ئەگەر مرۆڤ سادە و ساكار و لە خۆ بردوو بێت دەتوانێت زۆرترین خزمەت پێشکەش بەمرۆڤایەتی بکات، سەر ڕاستی و شەفافیەت دوو خون كە پێشت دەخات و خەڵكی متمانەت پێدەكەن، ڕۆژانە ئەو وێنانەی كە لە سایتەكەماندا دایدەنێین بەڵگەی ڕاست و دروستە كە ڕۆژانە دەیدەینەوە بە ڕووی كۆمەڵگای دانیماركدا ئەم شێوە كاركردنە متمانەی زۆری بۆ پەیدا كردووین و بەردەوام پەیوەندیمان پێوە دەكەن، چەند كۆمپانیایەكی ھاتوچۆ بەردەوام كۆمەكمان دەكەن و كارتۆمان دەدەنێ بێبەرامبەر” سۆز گوتیشی كاركردنمان لە كوردستان ‘’بە زۆری لەگەڵ كەسانی سەربەخۆ و خاوەن پێشینەی پاك لەڕێی پەیوەندێكانمانەوە و بە ھاوكاری ھاوڕێیانمانە لە دانیمارك و كوردستان، هەروەها ئێمە بەردەوام ھەوڵمانداوە سەربەخۆی خۆمان بپارێزین و كەمتر لەگەڵ حیزبەكاندا كار دەكەین’’. لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢٠ و سەرەتای ٢٠٢١ ئەم رێکخراوە دووجار کەلوپەلیان لە دانیمارکەوە بۆ قەزای رانیە ناردۆتەوە و لە رێگای تیمەکەیان لەو قەزایە دیاریەکان بە سەر منداڵان دابەشکراون. فەرمان چۆمانی یەکێک لە خۆبەخشەکانی تیمی ڕانیە دەڵێت ‘’ ئێمە وەک تیمی کوردستان لە قەزای ڕانیە بۆ ماوەیەکی کەمە بوین بە هاوکار و هاوپشتی ڕێکخراوەکە، لەو ماوە کەمەدا توانیومانە بە هۆی درێژکردنی دەستی کۆمەک لەلایەن مرۆڤ دۆستەکانی وڵاتی دانیمارک سەدان منداڵ دڵ خۆش بکەین بە دابەشکردنی دیاریەکان، زۆربەی کەسوکاری ئەو منداڵانە نەیانتوانیوە کەل و پەل و یاری بۆ منداڵەکانیان دابین بکەن یان لە گوندە دورە دەستەکانەوە بەپێی پێویست دەستیان نەگەیشتووە بەو جۆرە یاری و جلوبەرگانە کە گونجاو بێت بۆ منداڵان’’ فەرمان گوتیشی ‘’بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشایە گەورەی نێوان خێزانەکان لە سەرەتای وەرزی پایزدا، ئێمە لە کاروانی یەکەمدا توانیمان ئەو یاری و دیاری و جل وبەرگانە بۆ 1000منداڵ دابین بکەین، لە ناوەڕاستی وەرزی زستاندا 16 کارتۆنی دیکە بە دەست گەیشتووە کە بەشی 500 منداڵ دەکات جلوبەرگ و پێڵاو و یاریەکان،بەشێکیمان لێ دابەشکردووە و ئەوانی دیکەش لە نزیک ترین کات دەگەیەنینە دەست منداڵە جوانەکان’’ فەرمان ئاماژەی بەوەشدا کە لەو ماوەیەی کە ئەو ڕێکخراوە دەستی داوەتە ئەو چالاکیانە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی کوردستانی گرتۆتەوە و دڵی هەزاران منداڵ ئاوەدان و ڕونکراوەتەوە لەسەر دەستی ئەوکەسانەی کەلەڕێگەی هاوڕێیان (سۆز و لوقمان ) کۆمەکەکانیان ناردۆتەوە. لە کۆتاییشدا فەرمان گوتیئەوەی گرنگە بگوترێت هیچ حزب و دەسەڵاتێک لە دەرەوە و لە کوردستان لە پشت دابین کردنی ئەو کۆمەکانە نەوەستاوە و بۆ هیچ مەرامێکی تایبەت بەکارنەهاتوە، وەک دەبیندرێت لە کورستان زۆرجار ئەو هەلانە دەقۆزنەوە و بۆ مەرامی سیاسی بەکاربێن، بەڵام ڕێکخراوی هاوپشتی بۆ منداڵانی ئاوارە لە وڵاتی دانیمارک باوەڕی بە جیاکاری و هەڵاواردن نیە و هەستی ئینسانی بەلاوە گرنگە’’. سیروان باوکی سێ منداڵە لە خانوی کرێدایە و لە بارەی ئەو کەلوپەلانەی رێکخراوەکە بەخشیویەتی بە منداڵەکانی دەڵێت ‘من وەک باوکی سێ منداڵ لە قەزای ڕانیە زۆر سوپاسی ڕێکخراوی هاوپشتی بۆ منداڵانی ئاوارە و هەژار دەکەم کە توانیان لەڕێگەی دیاری جل و بەرگ و کەلوپەلی یاری وەک میکانۆ جۆرەکانی تری منداڵان دڵی منداڵەکانمانی خۆشکرد، هەروەها بەڕێزان لە ستافی ڕانیە زۆر خزمەتکارن، سوپاسی هەموان دەکەم، کە لەڕێگەی هاوکاریەکانی ئەم ڕێکخراوە ڕۆژانە دڵی منداڵان خۆش دەکەن وەک ئەرکێکی مرۆڤدۆستی و کردنەوەی باوەشی خۆشەویستی و دروستکردنی خەندە و خۆشی لەسەر لێوی منداڵان، چونکە بەهۆی ئەم دیاریانەوە چێژو خۆشەویستی بۆ منداڵان ئەگەڕێننەوە ،دەستان خۆش بێت. سەرکەوتوبن .بەهیوای بەردەوامی ڕێکخراوی هاوپشتی بۆ منداڵانی ئاوارە و هەژار لە بەخشینی ئەم هاوکاریانە بە منداڵانی کوردستان”

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.