مناڵان بەردەوام قوربانی کێشە کۆمەڵایەتییەکانن

0
ئەمڕۆ ٢٠٢٣.١١.٢١ لە گەڕەکی هوانەی شاری سلێمانی نزیک ناوچەی پیشەسازی بە هۆی دەمەقاڵێ و شەڕ لە نێوان دووبنەماڵەدا دەبێتە شەڕە تەقە، بەو هۆیەوە پێنج کەس بریندار دەبن، لە هەمان کاتدا مناڵێکی تەمەن دوانزە ساڵ بێئاگایانە کە لە دوکانێکدا کاردەکات لە ڕووداوەکەدا فیشەکی بەردەکەوێت ،دوای ڕوداوەکە لەلایەن باوکیەوە دەگەیەندرێتە نەخۆشخانە ،بەڵام بەداخەوە ئەو منداڵە گیان لەدەست دەدات.
شایەنی باسە ئەمە یەکەم جار نییە مناڵانیش دەبنە قوربانی بەشێک لەو کێشەو ململانێیانەی کە لە نێوان خێزانەکاندا دروست دەبێت ، بەهۆی نەبوونی یاسا و خراپی باری ئابووری وبێ دەربەستی وکەمتەرخەمی و بڵاوبوونەوەی چەکی بێ مۆڵەت….هتد
ڕۆژانە چەندین ڕووداوی هاوشێوەو نەخوازراو ناخۆش ڕوودەدەن کە بەشێک لەو قوربانیانە مناڵانن … بەداخەوە ئەوەی جێگەی نیگەرانییە مناڵان وەک توێژێکی گرنگی کۆمەڵگە هیچ ڕێگەو جێگەیەکیان نییە لە فەرهەنگ و یاسای ئەم دەسەڵات و حکومەتەدا .
بۆیە بەردەوام ئەم ڕووداوە تراژیدیانە دووبارە دەبنەوە … سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان وێڕایی سەرەخۆشی و هاوخەمی و سەبوری وئارامی بۆ دایک وباوک وکەسوکاری دەردەبڕێت ، هاوکات شەرمەزارکردن و ئیدانەی ئەم ڕووداوە قێزەونە دەکات .
داوا لە لایەنی بەرپرس دەکەین کە بکەرانی ئەم تاوانە بە سزایی یاسایی خۆیان بگەیەنێت ، وە داوا لەسەرجەم ڕێکخراوەکان وبەرەی پێشکەوتووخوازی و مرۆڤ دۆستی وکەسایەتییەکان دەکات کە سنوورێک بۆ ئەم تاوانکاریی و قوربانی بێ یاسایی و چەکی بێ مۆڵەت و دەیان کێشەو گیروگرفتی تردابنێن.
لەبەرئەوە چیتر مناڵان نەبنە قوربانی هەروەها یاساو دادگا ڕۆڵی خۆی ببینێت …..
سەنتەری بەرگری لە مافەکانی مناڵانی کوردستان
٢٠٢٣.١١.٢١
Leave A Reply

Your email address will not be published.