بەیاننامەی ناوەندی نووسەرانی ئێران سەبارەت بە بوومەلەرزەی ئەفغانستان، هێرش بۆسەر ڕۆژئاوا و کوشتاری غەزە

0
چوارشەممە ۲۶-۰۷-۱۴۰۲ | 18-10-2023
پێویستە نووسەرانی ئازادیخواز وێژدانی بەخەبەری کۆمەڵگا بن
لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوودا سێ کارەساتی خۆفناک هاوکات ڕوویاندا و هەر کامەیان بەجۆرێک کاردانەوەی خەڵک و میدیاکانی لێکەوتەوە. میدیای ڕەوتی سەرەکی، کە ئەرکێکیان بێجگەلە دەستکاریکردنی بیروڕای گشتی لەپێناو قازانجی دەسەڵاتە گەورەکانی جیهان نییە،
هاتوونەتە مەیدان تا بە بەرجەستەکردنەوە، بە بێدەنگی لێکردن و بە پەراوێزخستن، قورسایی و وەزنی کارەساتەکە دیاری بکەن و بەلاڕێیدا ببەن. ئەو بوومەلەرزە خۆفناکەی کە هەراتی کردە وێرانە و هەزاران کەس بەهۆیەوە کوژران و بریندار و ئاوارە بوون، تەنها بەڵایەکی سرووشتی نەبوو.
تاڵەبان کە بە سات و سەودا لەگەڵ زلهێزەکانی جیهان و ناوچەکە مەشرووعیەتی بەدەستهێناوە، لە جەرگەی مەرگ و فرمێسک و خوێن و وێرانیشدا دەست لە ئازار و سەرکوتی خەڵکی ئەفغانستان بەتایبەت ژنان هەڵنەگرت و بۆ جارێکی تر نیشانی دا کە زاڵبوونی دەسەڵاتێکی گەندەڵ و کۆنەپەرست بەسەر گیان و ماڵی خەڵک، دەتوانێ بەڵایەکی سرووشتی بکاتە کارەساتێکی مرۆیی.
کارەساتێک کە لە میدیا فەرمییەکاندا بەتەواوی سڕدراوەتەوە و هیچ ڕەنگدانەوەیەکی نەبووە.
هاوکات لەلایەکی دیکەوە، هێرشی ئەرتەشی داگیرکەری تورکییە بۆسەر باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریە باس لە کوشتارێکی دووبارە لەو ناچەیە دەکات. شەڕی دژبە ڕۆژئاوا، کوژرانی خەڵکی سیڤیل و هێرش بۆسەر ژێرخانە غەیری نیزامییەکان، بۆ جارێکی تر سێبەری سەرکوتی ئازادیی ڕادەڕبڕینی لە تورکییە و بێدەنگیی جیهانی بەناو “پێشکەوتوو”ی نیشان دا.
ڕۆژئاوا کە لە شکستدانی هێزی کۆنەپەرستی داعشدا ڕۆڵێکی چارەنووسسازی هەبوو، لە میدیای دەسەڵاتداراندا ئیتر جێگەی نییە.
دانیشتووانی کەرتی غەزە کە ساڵەهایە لەوبەری “دیواری ڕاگر”دا زیندانین بۆ جارێکی تر، بەبیانووی هێرشی حەماس، لەژێر هێرش و بوردومانەکانی ئیسرائیلدان و لە گەمارۆیەکی خۆفناک و دڕندانەدا گیان دەدەن. جەنایەتی دژەئینسانی لە “گەورەترین زیندانی سەرئاواڵەی جیهان” لەگەڵ تێپەڕینی هەر کاتژمێرێک زیاتر پەرەدەستێنێ و دەبێتە هۆی مەرگ و نەمانی هەزاران ئینسان.
تا جێیەک کە لەئێستادا هەواڵی بەکارهێنانی فسفۆڕی سپی لەدژی خەڵکی غەزە بە لیستی جەنایەتەکانی وەک کوشتنی منداڵان و ژنان و خەڵکی مەدەنی، داخستنی ڕێگاکانی گەیشتنی خۆراک و درەمان، قەیرانی سووتەمەنی و پچڕانی ئاو و کارەبا و تێکدانی نەخۆشخانەکان، زیاد بووە.
ئەوەیکە بەسەر خەڵکی فەلەستین دێت، داستانی ئەمڕۆ و دۆینێ نییە. باس کردن لەوەیکە بەسەر غەزە دێت بە بێ لەبەرچاوگرتنی جینوساید، ئاپارتاید، دیوارکێشان،
داگیرکاری و شاروچکەسازیی ئیسرائیل، حاشاکردن لە ڕیشەکانی کارەساتی ئەمڕۆیە.
گرتنەبەری بێدەنگی لەئاست ئەم ڕیشانە تەئیدکردنی ناڕاستەوخۆی ئەم ئاپارتایدە مێژووییە دێتە ئەژمار و دەستی ئیسرائیل بۆ درێژەدانی گەمارۆی مەرگباری غەزە ئاواڵە دەهێڵێتەوە.
ناوەندی نووسەرانی ئێران کە خۆی لەژێر سەرکوتی دەسەڵاتێکی تاوانکار و چەوسێنەردا دەیان ساڵ بۆ دەستەبەرکردنی ئازادیی ڕادەربڕین خەباتی کردووە، داوا لە هەموو نووسەرانی ئازادیخواز و ناوەندە سەربەخۆکان لە سەرانسەری جیهان دەکات کە وەک وێژدانی بەخەبەری کۆمەڵگا بێنە مەیدان و بەبێ لەبەرچاوگرتنی ئەوەیکە دەوڵەتەکان، دەسەڵاتەکان و میدیاکانی ڕەوتی سەرەکی بەسەر بیروڕای گشتیدا دەسەپێنن، ڕیشەی کۆنە و نهێنیی ئەم کارەساتانە بەر لەوەیکە ببنە کارەساتێکی ترسناکتر، ئاشکرا بکەن.
ناوەندی نووسەرانی ئێران
٢١ی ڕەزبەری ١٤٠٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.