کوشتنی ئارمیتا گراوەند تاوانێکی دیکەی ڕژیمی ئیسلامیی ئێرانە

0
ڕۆژی شەممە ئارمیتا گراوەند تازەلاوی کوردی دانیشتووی تاران پاش ٢٨ ڕۆژ مانەوە لە کۆما گیانی لەدەست‌دا. ئارمیتا لە بەر ئەوەی ملی بە حیجابی زۆرەملێی نەدا کەوتبوو بەر هێرشی پارێزەرانی یاسای سەدە ناوەڕاستیی کۆماری ئیسلامی و لە ئاکامی ئەو هێرشە کە لە میترۆی تاران کرابووە سەری چووە کۆماوە و ئەمڕۆ گیانی نایە پێناو یەکێک لە سەرەتایی‌ترین مافەکانی ئینسان واتە مافی هەڵبژاردنی جلوبەرگ.

 

کۆماری ئیسلامیی ئێران پاش شۆڕشی ژینا و پاش ئەوەی ئاخێزی جەماوەریی خەڵک کە ترسی مەرگی خستە گیانیەوە هێزە سەرکوتکارەکانی زیاتر و دڕندانەتر لە جاران خستووەتە گیان خەڵک و خۆی لە هیچ تاوانێک بۆ چاوترسێنکردنی خەڵک نەپاراستووە. گرتنی بنەماڵەی گیانبەختکردووانی شۆڕشی ژینا و هەڕەشە لێکردنیان بۆ ئەوەی یادی ئازیزانی گیانبەختکردوویان نەکەنەوە،
زیندانی کردنی چالاکانی ئەو شۆڕشە و هەڕەشەی سزای توند لە هەموو چالاکانی مەدەنی و سیاسی بەتایبەت لە کوردستان کە شوێنی دەسپێک و سەنگەری گەرمی ئەو خەباتە بوو، گوشار خستنە سەر حیزبە سیاسییەکانی کوردستان و هەوڵ بۆ بەرتەسککردنەوەی چالاکییەکانیان، هەموویان ئەو ڕاستییە دەردەخەن کە ڕژیمی ئێران لەوە گەیشتوو کە ناڕەزایی خەڵک و بوێرییان بۆ بەرەوڕووبوونەوە لەگەڵ هەموو سیستەم و دامودەزگای دواکەوتووانە و زاڵمانەی زاڵ لە ئێراندا چووەتە ئاستێکی دیکەوە و بەرەو ئەوە دەچێ کە هەموو ئەو سیستەم و دەسەڵاتە دژە مرۆڤە هەڵپێچێ.

 

قەتڵی حکوومەتیی ئارمیتا گراوەند یەکێکی دیکە لەو تاوانانەیە کە دەریخست ڕژیمی منداڵکوژی ئێران بۆ مانەوەی خۆی لە هیچ تاوانێ دەس ناپارێزێ و تا ئەو دەسەڵاتە لەسەر کار بێ خەڵک ڕووی ئاسوودەی و ئارامی نابینن و هیچ ماف و ئازادییەک لە چوارچێوەی کۆماری ئیسلامیدا دەستەبەر نابێ. ڕۆژهەڵاتی کوردستان و خەڵکەکەی لە زیاتر لە چوار دەیەی ڕابردوودا و لەوکاتەوە ڕژیمی ئێران کوردستانی بە هێزی نیزامی داگیرکردەوە بە شێوەیەکی نامرۆڤانەتر و دڕندانەتر لە ژێر گوشاری دەزگای سەرکوت و هێرشی هەمەلایەنی نیزامی و کولتووریی دەسەڵاتداراندا بوون.

 

لە کۆماری ئیسلامیدا مافخوازبوون و ڕزگاریخوازبوونی نەتەوەی کورد و تاکی کورد تاوانێکە کە بە گوللە و سێدارە و زیندان وەڵامدراوەتەوە. لەو نێوەدا ژنانی سەربزێوی کوردستان و ئەوانەی ئامادەنەبوون کۆتی دواکەوتووی بکەنە ملیان، کەوتوونەتە بەر دڕندانەترین هێرشەکان، بەڵام تا ئەمڕۆش سەربزێو و سەربەرز بەرانبەر بە بێمافی و سەرکوت و بێڕێزیی یاسا و دامودەزگاکانی داگیرکەراندا ڕاوەستاون و لەو ڕێگەیەدا باجی قورسیان داوە.

 

مەرگی ئارمیتا برینێکی دیکەیە لە سەر جەستەی کوردستان و هەموو یەکسانیخوازان و ئازادیخوازان و تەنها بە هەڵپێچرانی ڕژیمی ئیسلامیی ئێران و هەموو دامودەزگای سەرکوتی تیمار دەکرێ.
بەڕێزە یادی لاوی گیانبەختکردوو ئارمیتا گراوەند نەمان بۆ دەسەڵاتی داگیرکەری دواکەوتووی ئیسلامیی ئێران
کومیتەی ناوەندیی کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
٢٨ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣ ڕێکەوتی ٦ی ڕەزبەری ١٤٠٢
Leave A Reply

Your email address will not be published.