کەی دەسەڵاتی باوکسالاری کۆتایی دێ ؟!
دیاری چالاک
باسم لە(کۆ)نیە بەڵکو (تاکە) بەھرەمەند و ھونەرمەند و ڕۆشنبیرەکان، ئەدیب و نووسەرو شاعیر و خاوەن بیرۆکەکان ، لەکوێی ئەوھاوکێشەیەدا خۆیان دەبیننەوە…؟
سیستمی باوکسالاری ڕیشەی مێژووی ھەیە، پەیوەستە بەداب و نەریتەوە، ھەرکۆمەڵگەیەو تایبەتمەندی خۆی دەبەخشێ بەم سیستمەو لەڕێیەوە دەسەڵاتەکانی بۆ دەستنیشان دەکات بەپێی پێوەری ئاینەکان بێگومان لەئاینێک بۆئەویتر جیاوازی ھەیە بەڵام جیاوازیەکان ھێندە قوڵنین، لەزۆربەی شۆڕبونەوەکانی ئەم سیستمەدا بۆناو جومگەکانی دەسەڵات و گۆمەڵگە لێکچون و ھاوبەشن.
ئەم جۆرە لە سیستم کە لەزۆربەی زۆری ووڵاتاندا لەمێژووی کۆندابێ یان نوێ پەیڕەوکراوە واتە کۆی مرۆڤایەتی پێیدا تێپەڕیوە، بەڵام کۆمەڵگەی شارستانی و لێکدانەوەی بیرمەندەکان و ھەلومەرجی ژیاری مرۆڤە یاخیەکان شۆڕشێکی دژی ئەم سیستمە بەرپاکرد و تیایدا کۆتوبەندی باوکسالاری خستە ژێر پرسە ھزریەکانەوە،
لێرەدا ڕێڕەوە مێژویەکەی باسناکەم و تەنیا خواستمبوو پێناسینێکی کورت بکەم کە لەوانەیە زۆربەمان ئەم زانیاریانە بزانین، ئەوەی گرنگە بەلامەوە لەگەڵ ئەوەی ھەموو خراپی و بارگرانی ئەم سیستمە دەزانین کە چەندە قێزەونە گەر بە ڕوونی بڕوانینە لێکەوتەکانی لەئاستی تاکدا و لەئاستی خێزان و کۆمەڵگەشدا، ساتلەدوای سات ئێمە وەک کورد دوپاتی پابەندبوونمان دەکەینەوە بەم سیستمە نادادپەروەرە،
بێگومان زۆربەمان لە نائاگاییمانەوە، کەسایەتی مرۆڤێکی سادە لەھەموو ڕووە زانین و ھۆشمەندیەکانەوە دەکەینە کاریزما و ڕێکو ڕەوان دەیکەینە نێرەکەرێک بەسەر خواست و وویستەکانمانەوە،
خۆشوویستنی کەسێک ھەرگیز ناکاتە سڕینەوەی خودی خۆت و کردنی ئەو بە باوکێک بەسەر ھەموو بوونتەوە، گەر ئەوکەسە وێنەشی نەبێت، گرنگە پێشتر خۆتبیت ئەوسا ئەوانیتر بەپێی کارو چالاکیان ھەڵسەنگێنە، خوایەک بەسنیە بەسەر ئەم ژیانە داڕزاوەوە بۆ لێماندەکەن بە ھەزار؟!