ژێر فەرشی سور !

0
شاهۆ عارف
ئەسخیلۆس لە شانۆنامەی ئاگامەمنوندا، بە ئاماژەیەکی جیاواز فەرشی سور بەکاردەهێنێت، ئەوکاتەی کلیمتنسترا لە چاوەڕوانی ئاگامەمنونی مێردیدا فەرشی سور ڕادەخات. ئەو پێشوازییە تەنیا ئاماژەییەک نییە بۆ شانازی و مەزنی، بەڵکو هێمایەکیشە بۆ تۆڵە و مەرگ چونکە لە دیمەنەکانی دواتردا دەیکوژێت.
نەریتی فەرشی سور لە سینەمادا ڕیشەکەی بۆ سەردەمی پەیدابوونی ئۆسکار و سەردەمی زێڕینی هۆڵیوود دەگەڕێتەوە. دواتر لە زۆربەی بۆنە و ڤیستیڤاڵە سینەماییەکانیشدا بەکارهات.
لە ئێستادا فەرشی سور بەزۆری لە یەکەم نمایشی فیلمەکان و ڤیستیڤاڵەکاندا بەکاردێت. ئەو بەشە سورە سەرنجبەرەی بەردەم هۆڵەکان ڕۆڵی دەرخستنی ستاف و میوانانی تایبەت، فاشیۆن و بە بازاڕخستن دەبینێت. لە سیاقی کوردیدا فەرشی سور و یەکەم نمایش هەڵگری کۆمەڵێک ئاماژەیە:
یەکەم: ئەو فیلمە درێژانەی کە فەرشی سور بۆ یەکەم نمایشیان ڕادەخرێت، فیلمی بازرگانین.
بودجەی بەرهەمهێنانیان گەورەیە. لە کوردستان زۆر زەحمەتە فیلمی درێژ لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بەرهەم بێت.
هیچ کۆمپانیایەکیش بە تەنیا ڕیسکی بودجەی ئەو جۆرە فیلمە ناکات. یان دەبێت پشت بە خۆت ببەستیت یان حیزب و کۆمپانیاکانی. ئەو فیلمانەی کە بودجەی گەورەیان بۆ سەرف ئەکرێت عادەتەن هەڵمەتی بانگەشەیان فراوانە و یەکەم نمایش و فەرشی سوریان هەیە. ئامانجیان کۆکردنەوەی زۆرترین داهاتە. دۆخی کورد لە باشور لە سایەی حیزب و شەخسەوە بەڕادەیەک مۆلەق بووە کە دڵمان بە هەموو فیلمێکی کوردی خۆش بێت؛ مەودا بۆ ململانێی دونیابینی سینەمایی نەماوەتەوە.
دووەم: ئەو فیلمانەی کە بە مەراسیمی فەرشی سور پێشوازی کراون زیاتر خۆیان بە لاساییکردنەوەی کڵێشە باوەکانی سینەمای بازرگانییەوە سەرقاڵ کردووە، کەرەستەی تێگەیشتنیان بۆ کۆمەڵگەی ئێمە نییە، خەریکی دووبارەکردنەوەی ڕوانینی باو، ستریۆتایپ، دروستکردنی کاریگەری و کاردانەوەی خێران.
سێییەم: ئەم جۆرە فیلمانە بەڕواڵەت هەلی کار و دەرفەتی سەر فەرشی سور دەڕخسێنن، بەڵام لە بنەمادا خەریکی چەوساندنەوە و ڕەتاندنن. بەشێک لەو ستافەی کە دەچێتە سەر فەرشی سور، ئەگەر پاداشتێکی وەرگرتبێت بەشی ئەو کەشخەییەی نەکردووە کە لەسەر فەرشەکە چاوەڕوانکراوە بینوێنێت.
چوارەم: ئەو فیلمسازانەی کە پەرۆشی سەر فەرشی سور و دەرکەوتنن، مەودای بینینیان کورتە، ئەوپەڕی هەتا ئەو کەسانەی تەنیشت فەرشەکەیە کە وێنەیان دەگرن و چەپڵەیان بۆ لێدەدەن. ناتوانن لەو ساتە هەستیارەدا بیریان بێت کۆمەڵگەیەک بە مووچە ئیهانە ئەکرێ، خاکێک دەستدرێژی ئەکرێتە سەر… چونکە هەر لە بنەماوە ئەوان لە جیهانێکی تردا دەژین. ئەم دابڕان و بێ شعورییە فۆرمی زۆرە لە کۆمەڵگەی کوردیدا.
Leave A Reply

Your email address will not be published.