ئیسرائیل و فەلەستین: ململانێیەکی سەختگیر

0

د.مەریوان وریا قانع

”یەکێک لە کێشە سەرەکییەکانی مەسەلەی فەلەستین ئەوەیە کە بووە بە ململانێیەکی سەختگیر، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەڵێن Intractable conflic. واتە کێشەکە نەک تەنها بووە بە ململانێیەکی چارەسەرنەکراو، بەڵکو بووە بە کێشەیەک کە بەرەنگاریی هەموو چارەسەرکردنێکیش دەبێتەوە و ڕێی لێدەگرێت و ناهێڵێت چارەسەربکرێت.

 

یەکێک لە هۆکارەکانی ئەم دۆخی بێچارەسەریەش ئەوەیە زیاد لە هێزو لایەنێک دەستیانتێدایە و هەریەکێکیشیان بۆ مەبەستی تایبەتی خۆی، بەکاریدەهێنێت. ناسیۆنالیستە دیکتاتۆرەکانی دونیای عەرەبی، لە جەمال عەبدولناسرەوە بۆ سەدام حوسەین، ئیسلامییەکانی ناوچەکە لە خومەینییەوە، کە دەیگوت رێگای گەیشتن بە قودس بە بەغدادا تێدەپەرێت، بۆ ئەردۆگان و عەلی باپیر و سەلاحەدین بەهادینی خۆمان، هەموویان خۆیان بە خاوەنی ئەم مەسەلەیە دەزانن و هەریەکێکیشیان بە جۆرێک نان و پیازی سیاسیی و دینیی پێوەدەخۆن.

 

بە دیوی ئەودیویشدا هێزە کۆنزەرڤاتیڤ و راستڕەوەکانی ئەوروپا، تا بە سەرۆکە جیاوازەکانی ئەمریکا دەگات، خۆیان بە براو کەسوکاری ژمارەیەکی دەوڵەتە ستەمگەرەکەی ئیسرائیل دەزانن. ئەم دۆخە وایکردوە چارەسەرکردنی کێشەکە زەحمەت و زەحمەتتر ببێت.

لە بنەڕەتیشەوە هەر چارەسەرێک بۆ کێشەکەش بەبێ داننان بە بوونی دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ فەلەستینییەکان، یاخود بەبێ گۆڕانی دەوڵەتی ئیسرائیل بۆ دەوڵەتێکی نادینیی کە هەموو دانیشتوانەکەی وەک هاوڵاتی یەکسان، مامەڵەبکات، نرخی نابێت و تەمەنی کێشەکەش درێژ و درێژتر دەکاتەوە و بەمەش خوێنی زیاتر بە ھەموولایەکدا دەرژێت.“

 
Leave A Reply

Your email address will not be published.