ئاشتیت باش .. دراوسێی باشم ئاشتیت باش

0
شیعری : عەبدوڵا سڵێمان(مەشخەڵ)
پێش ئەوەی شەڕ دەست پێبکات
تازە خەتم دابوو و لەگەڵ کیژە سەر و عوزور شۆرەکانی گەڕەک چاوچاوانێم دەکرد
حەزم دەکرد نامە بنووسم بۆ کچان و پێیان بڵێم گەر دەتانەوێ با ببین بە کەپڵ
ئەوکات تەنها خەمی ڕۆژم هەبوو
کە شەر هەڵگیرسا سەربازەکان بە خودەکانیانەوە دەهاتن و دەچوون
باوکم دەیوت ئەمانە عەقڵ لەسەریاندا نییە
برا بچکۆلەکەم پرسی ئەی سەریان چی تیایە؟
“کای تیایە کا” باوکم وای وت.
لە سەرەتای شەڕدا کچان بە پێکەنینەوە نامەکانی بەرەی جەنگی دڵدارەکانیان دەخوێندەوە
دوکانەکان وەکو جاران شیر و پەنیریان دەفرۆشت
مەیخانەکان ئێواران پڕ بوون لە پیرەمێردی دەست بەتاڵ
کە جەنگ بەری وڵاتی گرت
قوتابخانەکان داخران
کارگەکان هەر خەریکی دروستکردنی پێلاو و بەرگی سەربازی بوون
کچەکان زۆربەیان بوون بە ڕەشپۆش
گۆڕستانەکە قەرەباڵغتر و
شەقامەکان چۆڵتر بوون
کە جەنگ هاتە نێو شارەوە
نان بوو بە سەراب و خەون
کارەبا بوو بە ئەفسانە
شاعیرەکان لەژێر ڕووناکی مۆمەکان ئازادییان دەلاواندەوە
کەس نەدەپرژایە سەر بۆمب و تەقینەوە
سەربازەکان پۆل پۆل هەڵدەهاتن و
لە گوندە دوورە دەستەکان خۆیان دەشاردەوە
ژنان دەترسان سکەکانیان ئابرویان بەرێت
کچەکان یان مەست بوون و باڕەکانیان ڕازاندەوە
یان ببوونە هاوڕێی نزا و پەرستگاکان
کە جەنگ تەواو بوو
کەس نەمابوو تەقەی خۆشی بکات
کەس نەبوو هەلهەڵە لێبدات و
ئاڵای وڵات بگرێتە دەست
کە جەنگ تەواو بوو
شار ببووە گۆڕستانێکی گەورە و وێران
کەس نەمابوو گوڵ بەرێتە سەر گۆرەکان
شار خامۆش بوو
بێدەنگ بوو.. سامناک بوو.. سامناک
هەر لە بێدەنگی یەکەمین سێکسم لەگەڵ ژنێک دەچوو
لە بێدەنگی نەنکم ئەچوو کە باپیرەمیان لەناو حەوشەکەدا بەبەرچاوییەوە کوشت و
ئیتر تا ئەبەد نوتقی گیرا
کە جەنگ تەواو بوو زۆر بوون ئەوانەی کە مردبوون
من نەبێ
لاقێکم لە بنڕا برابۆوە و دارشەقەم لە بن هەنگل بوو
ڕیشم ماش وبرنج و
کچە دراوسێکەشم قژە سپییەکەی تەوقەی نارنجی لێدەدا و بە تەوسەوە پێیدەوتم
ئاشتیت باش .. دراوسێی باشم ئاشتیت باش
شیعرت باش و گەنجیت باش و مانەوەت باش
کە جەنگ تەواو بوو
وڵات و شارەکەم و ژیانی منیش تەواو بوو.
یەکەم ڕۆژی هاوینی ٢٠١٤
کەنەدا
Leave A Reply

Your email address will not be published.