ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستیەکانی کوردستان بەبۆنەی ١٠ی ئۆکتۆبر ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای ئێعدام!

0
چوارشەممە ۱۹-۰۷-۱۴۰۲ | 11-10-2023
ڕێکخراوی لێبوردنی نێونەتەوەیی و ڕێکخراوی هاوپشتیی جیهانی دژبە سزای ئێعدام، ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبر١٨ی مانگی ڕەزبەریان ڕۆژی جیهانیی خەبات دژی سزای ئێعدام لە هەموو وڵاتانی جیهان ڕاگەیاندووە. بەپێی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان پەنجا و هەشت وڵاتی ئەندامی ئەم ڕێکخراوە، ئێعدام واتە پێشێلکردنی مافی ژیان لە ئینسانەکان بەڕێوەدەبەن. ئەگەرچی حوکمی ئێعدام لە هێندێک لە دەوڵەتەکان هەڵوەشاوەتە بەڵام ئەم دیاردە دڵتەزێنە، ئەم قەتڵە دەوڵەتییە، لە گۆشە و کەناری جیهان ئامرازی دەستی دەوڵەتانی سەرکوتگەرە بۆ درێژەدان بە دەسەڵاتەکەیان و بێدەنگ کردنی کۆمەڵگا.

 

دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکان بە ئێعدامکردنی بەتاک و بەکۆمەڵ لەپێناو پاراستنی سوڵتەی خۆیان بەسەر کۆمەڵگا و درێژەدان بە چەوساندنەوەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەست دەدەنە پاکتاوکردنی سیاسی و قەومی و پەرەپێدانی ترس و تۆقاندن. ئینسانەکان بەخاتری ئیدە و ئەندێشە دەستگیر دەکەن و لە بێدادگاکاندا بەپێی ئەو ئیعترافاتەی کە لەژێر ئەشکەنجەی وەحشیانەدا لێیان وەرگرتوون بە ئێعدام، واتە بێشەرمانەترین و قیزەونترین شێوەی کوشتن مەحکوومیان دەکەن.

 

ڕژیمە ئیستبدادییەکان بە بینانووی ڕیشەکێش کردنی قەتڵ، دزی، لەشفرۆشی، و هەموو ئازارە کۆمەڵایەتییەکان، ئینسانەکان لەو بێدادگایانەی کە خۆیان بەرپایان کردووە بە ئێعدام مەحکووم دەکەن و ئەوان لە مافی ژیان بێبەری دەکەن. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە خۆیان بە داسەپاندنی چەوساندنەوەی وەحشیانە بەسەر کرێکاران و خەڵکی زەحمەتکێش و بە زەوتکردنی ئازادیی تاکەکەسی و کۆمەڵایەتی، بە داسەپاندنی هەژاری و نەهامەتی و پەرەپێدانی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی هۆکاری سەرەکیی هەموو ئازارە کۆمەڵایەتییەکان و سەرچاوەی پەرەسەندنی هەژاری و فەلاکەتن.
ئاماری ئەو کوژراوانەی کە بەدەستی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانی لە نەوعی کۆماری جەنایەتکاری ئیسلامی ئەنجام دەدرێت یەکجار زیاتر لە ژمارەی ئەو کەسانەیە کە بە هۆکاری جۆراوجۆرەوە لەئاستی کۆمەڵگادا دەکوژرێن. بێگومان هۆکاری سەرەکیی ئەم قەتڵانەش خۆدی نیزامی هار و پرتووکاوی سەرمایەداری و ئیسلامییە.
ڕژیمی گەندەڵ و جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لە سەرەتای هاتنەسەر کاری دەسەڵاتە نگریسەکەی لە هەموو شارەکانی ئێران بیساتی ئێعدامی دامەزراند و هەزاران ئینسانی تێکۆشەر و شەریفی ئێعدام کرد. خەڵخاڵیی جەنایەتکاری ڕەوانەی کوردستان کرد و دەیان کەس لەو شۆڕشگێڕە خۆشناوانەی کە لە خەباتی بەر لە ڕاپەڕینی ساڵی ٥٧ ڕۆڵێکی ئەساسییان بینیبوو، بە بێ پڕۆسەی دادڕەسی تیرباران کرد. کوشتاری بەندکراوانی سیاسی لە ساڵی ١٣٦٧ و ئێعدام و گۆڕە بەکۆمەڵەکانی ئەو سەردەم، دۆسیەی پڕ لە تاوان و جەنایەتی کۆماری ئیسلامی زیاتر ئاشکرا دەکات.
ئێعدامی بەکۆمەڵی زیندانیانی سیاسی پەڵەیەکی نگریسە بەناوچاوانی ئیسلامیی سیاسییەوە و نموونەی بەرچاوی تاوان دژبە مرۆڤایەتییە. ڕژیمی جەنایەتکاری کۆماری ئیسلامی لەماوەی دەسەڵاتی پڕ لە تاوان و بەربەریەتیدا، هەزاران منداڵ، هەزار گوڵی تازەپشکووتووی دڕندانە ئێعدام کرد و ئەوانی لە مافی ژیان و لە گەیشتن بە ئاواتەکانیان بێبەریکرد.
ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کەسی تۆمەتبار بە دزی، کە خۆی قوربانیی ئەو هەژاری و فەلاکەتەیە کە ئەم دەسەڵاتە بەسەریدا سەپاندووە، بە ئێعدام مەحکووم دەکات.
کەسی تۆمەتبار بە فرۆشتنی مادەی هۆشبەر بە ئێعدام مەحکووم دەکات و لەبەرچاوی خەڵک ئەم حوکمە بەڕێوە دەبات. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە مافیای سپای پاسداران و سەرانی ڕژیم هۆکار و سەرچاوەی سەرەکیی پەرەپێدانی مادەی هۆشبەر و بەفیڕۆدانی ژیانی لاوانن. ژنان بە تۆمەتی لەشفرۆشی و زێنا سەنگسار دەکەن و بەشێوەی وەحشیانە دەیانکوژن. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە ڕژیمی ئیسلامی لەڕێگەی یاسا ئیسلامییەکانەوە، لەشفرۆشی بەڕەسمی پەرەپێدەدات.
ئینسانە تێکۆشەر و ئازادیخواز و جیابیرەکان، ڕووناکبیران و کرێکاران کە خوازیاری مافی خۆیانن زیندانی دەکات و ناچاریان دەکات دان بە تاوانێک دابنێن کە نەیانکردووە و لە بێدادکاکانیدا بە ئێعدام مەحکوومیان دەکات. لە نیزامی دژەئینسانیی کۆماری ئیسلامیدا تۆمەتباران نەتەنیا بە سزای جەستەیی ناعادڵانە و ڕەفتاری غەیری ئینسانی مەحکووم دەکرێن بەڵکوو تێپەڕاندنی دەورانی حوکم خۆی گەورەترین ئەشکەنجەی دەروونی و ڕەوانییە. مەحکوومانی بە ئێعدام لە بارودۆخێکی یەکجار خراپتر و نالەبارتر لە باقیی بەندکراوان ڕادەگیرێن.
خەبات لەپێناو هەڵوەشاندنەوەی سزای ئێعدام و کۆتایی هێنان بە بەربەریەتی نیزامی سەرمایەداری ئەرکی هەموو ئینسانە ئازادیخواز و یەکسانیخوازەکان، کۆمۆنیستەکان و سەرجەم جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێشە. ئەم بابەتە گرینگە لە ئێرانی ژێر دەسەڵاتی نگریسی ئیسلامی سیاسی تەنها لەڕێگە ڕووخاندنی ئەم نیزامە گەندەڵ و دژەئینسانییە و بە دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئینسان میحوەر کە تێیدا ستەمی چینایەتی و چەوسانەوە و هەڵاواردنی ڕەگەزی و هەموو نابەرابەرییەکان کۆتایی هاتبێ، دێتە دی.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان داوا لە هەموو ناوەند و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان دەکات کە لە ڕۆژی ١٠ی ئۆکتۆبردا دژبە تاوان و ئێعدامەکانی کۆماری ئیسلامی بە دروشمی نا بۆ ئێعدام، نا بۆ زەوتکردنی مافی ژیان لە ئینسان، ناڕەزایەتی بەڕێوەبەرن و تێبکۆشن.
نا بۆ ئێعدام
بژی ئازادی و مافی ژیان
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
١٣ی ڕەزبەری ١٤٠٢
٥ی ئۆکتۆبری ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.