خەون وهیوا مەبەستنەوە بەپاریزگاربوونی هەڵەبجە

0
نەجم محەمەد
بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە ئەو دارە ئەفسونیە نیە کە هەموو خەون ومافەکانی خەڵکی هەڵەبجە بهێنێتە دی ئەمە وەهمیکی زۆر ناواقیعیە کەکۆمەڵێ خەڵکی سیاسی وڕوناکبیروهونەرمەندوهەندێ خەڵکی شار بەداخەوە بەهەموو یەقینێکیانەوە باوەڕیان پێ ی هەیەو وەک ئومێدێ دەیبەخشنەوە بەخەڵکی شار وخۆیان وخەڵکی پێ فریوودەدەن مێژووی ٣٢ ساڵی ڕابووردوی شاری هەڵەبجە لەڕووی خزمەتگوزاری وخۆشگوزەرانی ومافەکانەوە گەواهی ئەو ڕاستیەدەدەن کەبریاری بەپارێزگاربوونی هەڵەبجە ئەوشارە ناکاتە ئەوبەهەشتەی کەخەڵکەکەی چاوەڕێیەتی.
هەڵەبجە نەک بکرێتە پارێزگا بەڵکو بکرێتە پایتەختی هەرێم وپایتەختی عێراقیش حاڵی لەحاڵی ئێستای خراپترنەبێ باشترنابێ ئەوەی سوود لەبەپارێزگابوونی هەڵەبجە دەبینێت خەڵکی شارەکە نیە بەڵکو بەرپرسە حیزبی وئیداریەکانی شارە سوودمەندوبەهرەمەند دەبن وبۆخەڵکی زەحمەتکێشی شار هیچ گۆڕانکاریەک دروست ناکات وهیچ لەژیان وگوزەرانیان ناگۆڕێ.
دوای ئەوە شاری سلێمانی ساڵەهای ساڵە پارێزگایە چی بۆکراوە تا بۆ هەڵەبجە بکرێت تۆتەماشای پارێزگاکانی خوارووی عێراق بکە بزانە لەچ نەهامەتی وبێ مافی وبێ خزمەتگوزاریەکدا دەژین ئەسڵەن هەندێکیان هەر سیمای شاربوونی پێوە نیە لە کەلاوە و وێرانە دەچێ ئاخر چی بۆئەوان کراوە تابۆهەڵەبجە بکرێت.
دەبێ خەڵکی هەڵەبجە خەون بەشاربوونی هەڵەبجەوە ببینێت نەک بەپاریزگابوونی شارەکە دەبێ خەڵکی هەڵەبجە خەون بە شارێکەوە ببینێت بەمانای پڕاوپڕ شاری ستانداروخاوەن موقەوماتی شارێکی مەدەنی وپڕ خۆشگوزەرانی وخزمەتگوزاری وماف وئازادی ویەکسانی وبەهاو شکۆی مرۆیی وهتد بێت.
من پێم وایە کردنەوەی چەند کارگەیەک چەند شوێنێکی هونەری وفەرهەنگی وتەرفیهی لەم شارەدا زۆر گرنگ ترە وگەورەترە لەبوون بەپارێزگابوون.
ئەگەر دەسەڵات ودەوڵەتێک کەدامەزراوەیی بێت نابێت جیاوازی لەنێوان کویرە دێیەک وپاریزگایەک وپایتەختێکدابکات ودەبێ وەک یەک خزمەتگوزاری وخۆشگوزەرانی ومافەکانیان بۆ فەراهەم بکات بەڵام ئەم جۆرە دەسەڵات ودەوڵەتە لەعێراق وکوردستاندا بوونی نیە .
دەبێ خەڵکی هەڵەبجە خەونی گەورەتری هەبێ خەونی گەورەترببینێ لەپاریزگابوون خەونی بەپارێزگابوون خەونیکی بچوکی ئیداریە نەک خەونێکی گەورەی مرۆیی ئەم سەردەمە کە تیایدا بەهرەمەندبێت لەهەموو مافە مرۆییەکانی سەردەم .
ئەمە تەنها لەم عێراق وهەرێمە عەجیب وغەریبەو لەم ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەدایە دەبێ قوربانی زۆروگەورە بدەیت کیمیاباران کرێت ئەنفال کرێت بکوژرێیت ببڕێیت ماڵت کاول بێت هتد ئەوجا مافی ئەوەت هەیە داوای ئەوە بکەیت کە وەک مرۆڤ ژیانت هەبێ وبەهرەمەندبیت لەمافەکان وخۆشگوزەرانی وخزمەتگوزاریت پێشکەش بکرێت لەسەر هەربستە زەمینێکی ئەم دونیایە بژیت ئەمانە مافیکی سەرەتایی بێ ئەملاولای خۆتە نەک خێروسەدەقەو باشی وئازایەتی دەسەڵاتداران ودەوڵەتداران وحوکمڕانان.
ئەوە لەم هەرێمە عەجیب وغەریبە ی ئێمەدایە کەپێویستیە غەریزی و بایۆلۆژیەکانی مرۆڤ لەلایەن دەسەڵاتدارانەوە دەکرێتە دەسکەوت ومەکرەمە مووچە وەک موژدە ودەسکەوتی گەورە بەژێر نوسی تی ڤییەکانەوە بەخەڵک دەفرۆشرێ بەوشێوەیە دەسەڵاتداران تەوەقوعاتی داواکاریە گەورەکانی خەڵکی بچووک دەکەنەوە ودادەبەزێنن بۆ داواکاری سەرەتایی وەک ئاو وکارەباونەوت وغازوقیرتاو وزێراب وخزمەتگوزاری ترتاوەکو خەڵکی بیرلە داواکاری گەورەمرۆییەکانی نەکاتەوە وەک مرۆڤێکی سەردەم ئیتر هەڵەبجە بشکرێتە پارێزگا خەڵکی شار هەردەبێ وێڵ بێ بەدوای نان ومووچە وئاو وکارەباو نەوت وغازو قیرتاو وزێراب وهتدبۆیە هیچ ئۆمێدوخەونێ مەبەستنەوە بەپارێزگاربوونی هەڵەبجەوە وهیچ ئاهەنگ وشاییەک مەگێڕن بەوبۆنەیەوە چونکە دواتر پەشیمان دەبنەوە .
تکایە شایی وئاهەنگ گێڕان جێهێڵن بۆ بەرپرسانی شار کەسوودمەنددەبن باخۆیان ئاهەنگ وشادی بگێڕن نەک ئێوە کەسوودمەندنابن.
Leave A Reply

Your email address will not be published.