ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان بەبۆنەی کرانەوەی مەدرەسە و زانکۆکان

0
دوشەممە ۰۳-۰۷-۱۴۰۲ | 25-09-2023
لە سەروبەندی ئەوەڵی مانگی ڕەزبەری ١٤٠٢داین. یەکی ڕەزبەر ملیۆنان خوێندکار دەڕۆنە مەدرەسە و زانکۆکان. ئەمساڵ کرانەوەی مەدرەسە و زانکۆکان لە بارودۆخێکدایە کە یەکساڵ بەسەر دەستپێکی بزووتنەوەی مەزنی ژن ژیان ئازادی تێپەڕیوە. ئەو بزووتنەوەیەی بە پشەنگایەتیی ژنان و کۆمەڵی بەرینی لاوان و جەماوەری زەحمەتکێش و چەوساوە، چارەنووسی سیاسیی ئەم وڵاتەی گۆڕیوە. لە جەرەیانی پتر لە شەش مانگ خەبات و خۆڕاگری بوێرانە بەرامبەر بە هێزی دڕندەی سەرکوتگەر کە بێجگەلە بەکارهێنانی گولـلەی جەنگی و ساچمەیی، بە هێرشی کیمیایی بۆسەر مەدرەسەکانی کچان تەنانەت ڕۆحمیان بە منداڵانیش نەکرد، سەدان ژن و پیاو و منداڵ گیانیان بەختکرد و هەزاران کەس دەستبەسەر و ڕەوانەی زیندانەکان کران.
ئەم ئاخێزە بەرین و سەرانسەرییە کە تێیدا خوێندکاران و مامۆستایان بەردەوام ڕۆڵێکی بەرچاویان بینیوە، گەلێک دەستکەوتی گرینگی بووە و بەپێچەوانەی تەبلیغاتی ڕژیم نەتەنها خامۆش نەبووە بەڵکوو بەستێنەکانی سەرهەڵدانی ئاخێزێکی تری لە داهاتوودا ئامادە کردووە. بێگومان دەستکەوتەکانی ئەم ئاخێزە کەشوهەوای مەدرەسە و زانکۆکان گەشاوە و پڕگوڕوتین ڕادەگرێت و ئەزموونەکانی دەبێتە یارمەتیدەری لاوان بەتایبەت خوێندکاران بۆ درێژەدانی خەبات لەپێناو گەیشتن بە خواست و ئامانجەکانیان.
خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر!
قوتابخانە و زانکۆکان لە دۆخێکدا دەکرێنەوە کە بەهۆی قەیرانی ئابووری و سیاسی، جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لەژێر چنگی گرانی، بێکاری و بێ ماڵ و حاڵی و هەژاریدا ڕۆژ لە دوای ڕۆژ زیاتر دەچەمێنەوە. لە دەسپێکی ساڵی نوێی خوێندندا سەدان هەزار منداڵ و تازەلاو بەهۆی هەژاری و نەداری ناچارن لەجیات چوون بۆ مەدرەسە و زانکۆ، لە کۆڵان و شەقامەکاندا بەدوای تیکەنانێکەوە بن. لە سەردەمی لاویەتیدا لەناو چنگی خاوەنانی سەرمایە، مافیای مادەی هۆشبەر و قاچاغچیانی مرۆڤدا گرفتار بن. یان لە باشترین حاڵەتدا ڕۆژگاری تیرە و تاری کار لە کارگا و مەزرا و کانگاکان بۆ دابینکردنی سەرەتاییترین پێداویستییەکانی ژیانیان تەحەمول بکەن.
زۆرێک لە بنەماڵەکان لە بارودۆخێکدا ڕۆڵەکانیان ڕەوانەی مەدرەسەکان دەکەن کە بەهۆی گوشاری ئابووری و گەلێک کێشە و گرفتی تر، تەنانەت توانای دابینکردنی پێداویستی و خۆراکی منداڵەکانیان نییە. هەژاری بەردەوام لاوان و تازەلاوانی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش لە حەسرەتی چوون بۆ مەدرەسە و زانکۆدا دەسووتێنێ. ئەوەش لەحاڵێکدایە کە ساڵەهایە کۆمەڵانی خەڵک خوازیاری قەدەغەکردنی کاری منداڵان و خوێندنی بەخۆڕایی لە هەموو ئاستەکاندان.
هەروەها ملیۆنان منداڵ سەرەڕای ئەوەیکە لە خوێندن بە زمانی دایک بێبەرین، بەهۆی هەژاری و نەدارییەوە توانای خوێندنیان نییە و دەبنە منداڵی کار و بەرەوڕووی چارەنووسێکی دڵتەزێن دەبنەوە.
لە مەدرەسەکانیش ملیۆنان منداڵ بەهۆی نەبوونی پەروەردەی زانستی و مۆدێرن هەر لە سەردەمی منداڵییەوە لەگەڵ خۆرافات و دەرسی ئایینی بەرەوڕوو دەبنەوە کە بە دروست نەمانی ئەم سیستمە پەروەدەیە یەکێک لە خواستەکانی بزووتنەوەی مامۆستایان لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا بووە. دژایەتی لەگەڵ کاڵایی کردنی مەدرەسەکان و خوێندنی زانستی و پەروەردەی مۆدێرن یەکێک لە داخوازییە ڕەواکانی مامۆستایان بووە. لەلایەکی ترەوە هێرش بۆسەر ماف و بژێوی مامۆستایانی زەحمەتکێش، زۆربەی مامۆستایانی مەجبوور کردووە تا لە کاتی فەراغەتیاندا لە جیات بردنەسەر و گەشەی زانستیان بەمەبەستی دابینکردنی ژیان و گوزەرانیان خەریکی کاری وەک موسافرکەشی و دەکەداری و کاری هاوشێوە بن.
خوێندکاران و مامۆستایانی خەباتکار!
ساڵی ڕابردوو جەماوەری خەڵک بەتایبەت لاوان بە پێشەنگایەتیی ژنان بە دەسەڵاتی کۆنەپەرست و خاوەنانی هێز و سەروەتیان سەلماند کە عەزمتان ڕووخاندنی شۆڕشگێڕانەی گشت چینی دەسەڵاتدار و دەزگای دەوڵەتی جەنایەتکارە. لەم خەباتەدا نە بە شا و شێخ و نە بە دەسەڵاتە دەرەکییەکان، بەڵکوو بە ئیرادەی خۆتان پشت ئەستوورن و خوازیاری دیاریکردنی چارەنووس بەدەستی خۆتانن.
ئەم بزووتنەوەیە تا سەرکەوتنی یەکجاری بەردەوام دەبێت. لەئێستادا لەگەڵ دەستپێکی ساڵی نوێی خوێندن، ڕژیم بەنیازە بە هێنانە مەیدانی هێزی سەرکوتگەر، مەدرەسەکان، زانکۆکان و ناوەندەکانی دیکەی پەروەردە بخاتە ژێر زەبروزەنگ و بە پێکهێنانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن، لە شکڵ گرتنی ناوەندی ڕێکخراو و وشیار و پشڕەو ڕێگری بکات. ئەو ناوەندانەی کە دەتوانن لە بردنەسەری ئاستی وشیاری و لە سازماندان و پەیوەندی بزووتنەوەی کۆمەڵایەتییەکاندا ڕۆڵێکی گرینگیان بێت. سەرکەوتن و سەرنەکەوتنی ڕژیم، بەرینایی و بەردەوامبوونی بزووتنەوەی خوێندکاری و هێزی ڕێکخەر و بڕیاری ڕێبەران و پێشڕەوان دیاری دەکات.
لەم ڕووەوە گرینگە کە خوێندکاران و لاوانی پێشڕەو بە کەڵک وەرگرتن لە ئەزموونی ڕابردوو، بەتایبەت ئاخێزی ژن، ژیان، ئازادی، بە پەیوەندی لەگەڵ کرێکارانی پێشڕەو ولاوانی مەحەلات زەمینەکانی سازماندان و پەیوەندی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لەئاستی کۆمەڵگادا دابین بکەن. ڕیزی خۆیان لە عەواملی ڕژیم و خاوەنانی دەسەڵات و سەروەت جیا بکەنەوە و بە گەڵاڵەکردنی داخوازی و دروشمی کرێکاران، ژنان، لاوان و خەڵکی ژێر ستەم و چەوساوە و جەماوەری زەحمەتکێش، بەستێنی یەکگرتوویی ڕیزەکانیان بۆ نەبەردێکی چارەنووسساز فەراهەم بکەن.
لە بارودۆخی هەستیاری ئێستادا خوێندکاران و مامۆستایانی تێکۆشەر و پێشڕەو، ڕۆڵێکی یەکجار گرینگیان لەئاست بەردەوامبوونی خەبات و بردنەسەری ئاستی وشیاری و سازماندان و ئاراستەدانی شۆڕشگێڕانە بە بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان وەئەستۆیە. پێویستە هەوڵ بدەین لە پەیوەند لەگەڵ خەباتی ڕوو لە گەشەی ئێستای ژنان، کرێکاران و زەحمەتکێشان دژبە نیزامی حاکم و بە ئەنجامدانی ئەرکی شۆڕشگێڕانەمان پێگەی مێژوویی زانکۆ و مەدرەسەکان وەک یەکێک لە سەنگەرە گرینگەکانی خەبات بۆ ئازادی و سۆسیالیسم و ئاڵوگۆڕە مەزنە کۆمەڵایەتییەکان بپارێزین. بێگومان یەکگرتوویی و خەبات ڕەمزی سەرکەوتنە!
بڕووخێ ڕژیمی سەرمایەداریی کۆماری ئیسلامی
بژی ئازادی
بژی سۆسیالیسم
٣٠ی خەرمانانی ١٤٠٢
٢١ی سێپتامبری ٢٠٢٣
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت
Leave A Reply

Your email address will not be published.