بانگەوازی کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران بۆ ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی لە ٢٥ی خەرمانان ساڵڕۆژی گیانبەختکردنی ژینا و دەستپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرانسەری

0
خەڵکی تێکۆشەر و ئازادیخوازی کوردستان!‌
ژنان و پیاوانی کرێکار و زەحمەتکێش!
یەک ساڵ بەسەر قەتڵی حکوومەتیی ژینا ئەمینی لەلایەن ڕژیمی کۆماری ئیسلامی کە ئاگری تووڕەیی و ناڕەزایەتیی کۆمەڵانی خەڵکی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران داگیرساند، تێدەپەڕێ. لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ئێوە خەڵکی خەباتکار هاوهەنگاو و هاوشان لەگەڵ ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز و جەماوەری وەگیانهاتوو لە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی لە سەرتاسەری ئێران، لە خەبات دژبە جەنایات و سەرکوتگەریی ئەم ڕژیمە و بۆ کۆتاییهێنان بە هەژاری و نەهامەتیی ئابووری، هەڵاواردنی ڕەگەزی و نەتەوەیی و باقیی بێمافییە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان لە هیچ فیداکاری و هەوڵێک دەریغتان نەکردووە. ژنانی ئازادیخواز لە کوردستان بە لابردن و ئاگرتێبەردانی ڕووسەرییەکان و بە هەڵپەڕین و سەما نەتەنها پایەی ئایدیۆلۆژیی دەسەڵاتی ئیسلامییان دایە بەر هێرش، بەڵکوو دۆسیەی ئەو بەشە لە ئۆپۆزیسیۆنی کۆنەپەرست لە کوردستانیشیان خستە لاوە کە خەونی ئەوەیان بینیوە بە خوێندنەوەیەکی تر لە ئیسلام، یاسای بنەڕەتیی داهاتوو دابڕێژن.
ئێوە لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا سەرەڕای سەرکوتی خوێناویی ڕژیمی ئیسلامی تەنانەت مەراسیمی بەخاکسپاردن و ڕێزگرتن لە گیانبەختکردووانتان کردە هێمای یەکگرتوویی و خەبات لەدژی ئەم دەسەڵاتە تاوانکارە و یاسا ئیسلامییەکانی. ئێوە خەڵکی ستەمدیدە و تێکۆشەر لە کوردستان بە هاواری “ژن، ژیان، ئازادی” و بە دروشمی ئازادیخوازانە و بەرابەریتەڵەبانە و بە خوڵقاندنی گەلێک دیمەنی شکۆدار لە یەکگرتن و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی سەرانسەری، بۆ جارێکی تر ڕەمزی پێشڕەوی و سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانتان نیشاندا.
لەئێستادا لە سەروبەندی ساڵیادی قەتڵی حکوومەتیی ژینا و دەسپێکی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی سەرتاسەری، و لە حاڵێکدا کە هەوڵ و تێکۆشانی بەرین لەلایەن لاوانی شۆڕشگێڕ لە گەڕەکی شارە جۆراوجۆرەکان، ناوەندەکان و هەڵسووڕاوانی بوارە جۆراوجۆرە کۆمەڵایەتییەکان لەپێناو بەرپاکردنی ناڕەزایەتی و مانگرتنی سەرانسەری لە شارەکانی کوردستان دژبە سیاسەتی سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی لەئارادایە، کۆمەڵە، هاوهەنگاو لەگەڵ ئەم هەوڵانە، ئێوە ژنان و پیاوانی تێکۆشەری کوردستان بۆ بەشداریی هەرچی بەرینتر لەم ناڕەزایەتی و مانگرتنە گشتییە بانگەشە دەکات. لە ڕۆژی ٢٥ی مانگی خەرماناندا نابێ شەقامی شارەکانی کوردستان ئەم سەنگەرانەی خەبات بۆ جەولەی هێزە سەرکوتگەرەکانی ڕژیم بەتاڵ بێڵێنەوە.
ئێوە خەڵکی خەباتکار لەماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا بە داهێنانی خۆتان گەلێک جار مانگرتنی گشتیتان لەئاستی شار تێکەڵ بە ناڕەزایەتییەکانی شەقامکرد. لەم ڕۆژەدا بەهەر شێوەیەک کە پێتان گونجاوە، ڕێپێوان و کۆبوونەوەی ناڕەزایەتی دژبە ڕژیمی جەنایەتکاری ئیسلامی بەڕێوەبەرن. کۆمەڵە داوا لە کرێکاران و خەڵکی تێکۆشەری سەرانسەری ئێران و داوا لە هەڵسووڕاوانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان دەکات بە هەر شێوەیەک کە دەتوانن ساڵڕۆژی دەستپێکی بزووتنەوەی سەرتاسەریی ئێران بەرز ڕابگرن و لە ناڕەزایەتی و مانگرتنی یەکپارچەی خەڵکی کوردستان پشتیوانی بکەن.
پێویستە بە مانگرتنی گشتی و ناڕەزایەتیی شەقام، بە حزوور لەسەر گڵکۆی گیانبەختکردووان، یادی ژینا ئەمینی و سەرجەم گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی سەرتاسەری ڕێز لێ بگرێن.
یەکدەنگ و پێداگر جەنایاتی ڕژیمی کۆماری ئیسلامی مەحکووم بکەین.
بە ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕاگەیەنین کە پێویستە بەندکراوانی سیاسی لە کوردستان و سەرانسەری ئێران ئازاد بکات.
ڕایگەیەنین کە پێویستە بەدواداچوون و دەستبەسەرکردن و پەروەندەسازی دژبە چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان کۆتایی پێ بێنێ.
پێویستە ڕایگەیەنین کە دەستبەجێ وەشوێنکەوتن و ئەزیەت و ئازاری بنەماڵەی گیانبەختکردووانی بزووتنەوەی سەرانسەری ڕابگرێت.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان! بە ناڕەزایەتی و مانگرتنی گشتی بەبۆنەی ٢٥ی خەرمانان بۆ جارێکی تر عەزم و بڕیاری خۆتان بۆ درێژەی خەبات و یەکگرتوویی و هاوپشتی لەگەڵ بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و سەرانسەریی خەڵکی ئێران ڕاگەیەنن.
بڕووخێ ڕژیمی کۆماری ئیسلامی
بژی دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان
کۆمەڵە – ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
١٨ی خەرمانانی ١٤٠٢
٩ی سێپتامبری ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.