ئێران چی دەوێت ؟

0
هونەر تۆفیق
لە جیهانی سیاسەت و نفوزگەریدا بایۆسفیر ( مەجالی حەیەوی – کایەی ژینگە) بایەخێکی گرنگ و سەرەکی هەیە .
بەپێ ی نەخشەی بڵاوبوونەوەی هێزە خاوەن نفوزەکان لە عێراقدا ( ئەمریکا و تورکیا و ئێران ) هەریەکەیان لەو ڕووبەرەدا نیشتەجێ یە کە بە ژینگەیەکی گونجاوی دەزانێت بۆ خۆی .
پێداویستیەکانی ژینگە گونجاوەکەش لێکتێگەیشتنی فەرهەنگی ، مەزهەبی ، ئابووری ، ئیمتدادی جیوگرافی ..هتد پێکەوە بایۆسفیرەکە پێکدەهێنن .
بایۆسفیری ئێران لە عێراقدا لە بەسراوە درێژدەبێتەوە تا بەغدا ، لەوێوە بەرەو خۆرئاوا بە ڕۆخی فوراتدا دەپەڕێتەوە بۆ ئەبوکەمال و دێرەزوور لە سوریادا .
بوونی لە ڕێگای سوپای حەشدی شەعبیەوە لە شەنگال و موسڵ و ڕۆخی فوراتدا کە ناوچەکە بایۆسفیری ئێران نیە ، مەترسیەکە لەژێر هەڕەشەی هەردوو هێزی تورکیا لەباکوورەوە و ئەمریکا لە باشوورەوەیە .
ئێران لەناوخۆدا هیچ مەترسیەکی حیزبە کوردیە چەکدارە عێراق نشینەکان ( دیموکرات و کۆمەڵە و وردە واڵەکانی تر) ی لەسەر نیە . تەنانەت بەسەرچاوەی ئیزعاجکردنیشیان نازانێت . کەوایە ئەو هەڕەشە و فشارانەی لەچی یە ئێران ؟
بۆشاییەکی ستراتیژی لەنێوان بایۆسفیری تورکیا و ئێران لە عێراقدایە کەلەسنووری ئێرانەوە لە ڕانیە و کۆیەوە دەگاتەوە بە نێوان کەرکوک و هەولێر .
چەقی ئەو بۆشاییە دەکەوێتە چەمی ڕێزان بەرەو دەشتی شوان تا ڕۆژهەڵاتی مەخمور .
بڵاوبوونەوە و گەیشتنی ئێران بێت یان تورکیا بەو بۆشاییە دەکاتە باڵادەستی بەسەر کێڵگە نەوتیەکانی کەرکوک تا مەخموردا . ئینجا لەڕووی ستراتیژی سەربازیەوە دەکاتە هێڵێکی جیوگرافی سەختی بەرگری لە بایۆسفیری ئێران .
لەو بۆشاییەدا چەکدارە چەپەک خراوە کوردەکانی ئێران نیشتەجێن . لەئەگەری چۆڵکردنیشیان ، ئێران بەناوی چاودێری و دڵنیایی لە دورخستنەوەیان دەیەوێت بگات بەو بۆشاییە .
وەک چۆن لەباکوورەوە تورکیا بنکەی چاودێری داکوتیووە ، ئێرانیەکانیش بیرلەداکوتینی بنکەی چاودێری دەکەنەوە . ئەوکات هەردوو هێڵی شەنگال و ئەبوکەمال پشت ئەستوور دەکەن ، بەتەواوی خۆیان لەژێر هەڕەشەی تورکیا و ئەمریکا دەهێننە دەرەوە .
Leave A Reply

Your email address will not be published.