بافڵ تاڵەبانی بۆچی لەئێرانە!؟

0
محسین کەریم نوسیویەتی
ڕوونە…. ئێران هەڕەشەی هێرشی زەمینی دەکات بۆ سەر ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی نیشتەجێی کوردستانی عێراق. لەگەڵ دەوڵەتی ناوەندی رێکەوتنامەی واژۆ کردوەو دەبێ ئەم مانگە ئەو بڕیارە جێبەێ بکرێ! بەکردەوە ئەوەی جێبەجێ دەکات حکومەتی ناوەند نیە، بەڵکو یەکێتی و پارتین! پارتی بەوەی کە زیاتر لە تورکیاوە نزیکە، زۆر مەیلی بۆ ئەو کارە نیە..
بەڵام گومان لەوەدا نیە کاتێك پرسەکە جدی بێت، ئامادەیە هەموو ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی( حزبە کوردیەکان) بکاتە قوربانی بەرژەوەندیەکانی خۆی لەگەڵ ئێران.. بەڵام یەکێتی بەحوکمی نزیکیی لە ئێرانەوەو هەروەها بەهۆی ئەوەی کە بنکەی زۆربەی هێزە کوردیەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە ناوچەی ژێردەسەڵاتی یەکیتیە، بۆیە جێبەجێکردنی ئەو داوایەی ئێران راستەوخۆ رووی لە یەکێتی نیشتمانیە…
ئەوەی دەستی یەکێتی گرتوە کارێکی لەوجۆرە بکات، ترسی یەکێتیە لە جەماوەری کوردستان کە بە نرخێکی یەجگار گران لەسەری دەکەوێ… بۆیە یەکێتی گیری خواردوە لەنێوان داوای رژێمی ئێران کە پشتوپەنای یەکێتیەو یەکێتی دەیەوێ خزمەتی بکات و هەروەها ترسی ناڕەزایەتی و توڕەیی خەڵکی کوردستانی عێراق!…
بەڵام سەرەنجام یەکێتی و بافڵ تاڵەبانی ناتوانن لەژێر باری داواکەی ئێران دەرچن، چونکە ئەو مەسەلەیە بۆ ئێران ئێستا بایەخی گەورەی هەیە. پاکردنەوەی ئۆپۆزیسۆنی سیاسی رژێمەکەی ئامانجێکی گرنگەو دەتوانێ کۆمەك بە مانەوەی رژێمەکەی بکات. یەکێتی لەژێرەوە کارێك دەکات کە دڵی رژێمی ئیسلامی ڕازی بکات!
ئەویش ئەوەیە کە داوا بکات لەو حزبانەی ئۆپۆزیسۆن کە بەخۆشی خۆیان دەرگای بارەگاکانیان دابخەن و وەکو پەنابەری بێدەست و باڵ لە کوردستان بمێننەوە… یاخود چاوەرێی هێرشێکی سەربازی راستەوخۆی ئێران بکەن بۆسەرخۆیان! یەکێتی هیچ کاردانەوەیەك دژی ئێران ئەنجام نادات!
بۆیە دەبێ هەم هێزەکانی ئۆپۆزیسۆنی ئێرانی وریای پیلانێکی لەوجۆرە بن و هەم خەڵکی ئازادیخوازی کوردستانیش رێگا نەدەن رژێمی ئیسلامی ئێران و یەکێتی لەپاڵ ئەواندا ئۆپۆزیسۆنی سیاسی ئێرانی شاربەدەر و قەتڵوعام بکەن!
Leave A Reply

Your email address will not be published.