بانگەوازی حیزب و لایەنە سیاسییەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بۆ مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خەرمانان

0
کۆمەڵانی تێکۆشەری خەڵکی کوردستان!​ خەباتکارانی سیاسی و مەدەنی!
٢٥ی خەرمانانی ١٤٠١، ژینا ئەمینی کچە کوردی لاوی سەقزی لە شاری تاران و لە ئاکامی پەلاماری هێزە دەست‌وەشێن و سەرکوتکەرەکانی رێژیمدا گیانی بەخت کرد.
ناوی (ژینا) وەک لە سەر گڵکۆکەی نووسرا، بوو بە “ڕەمز”ی ڕاپەڕینێکی جەماوەریی بەرین کە لە کوردستانەوە بە درووشمی “ژن، ژیان، ئازادی” دەستی پێ کرد و زۆری نەخایاند سەرتاسەری شار و ناوچەکانی ئێران و دەرەوەی وڵاتیشی گرتەوە و لە درێژەی خۆیدا بە “شۆڕشی ژینا” و “شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی” ناوی دەرکرد. شۆڕشی ژینا جەماوەریترین و درێژترین سەرهەڵدان و ناڕەزایەتییە کە توانیویەتی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی بخاتە ژێر پرسیار و هەنگاو بۆ لە گۆڕنانی ئەم ڕێژیمە سەرکوتکەرە بنێ. لە ماوەی یەک‌ساڵی ڕابردوودا و لە ڕەوتی ئەم شۆڕشەدا بزووتنەوەی ئازادیخوازانەی خەڵکی ئیران بەگشتی و خەڵکی کوردستان بەتایبەتی دژبە ڕێژیمی زاڵ بە سەر ئێراندا، قۆناغی نوێ و جەماوەریی ئەزموون کردووە و هەنگاوی لێبڕاوانەی ناوە کە ڕاوەستان و گەڕانەوەی بۆ نییە.
دەوری بەرچاوی ژنان لە پێشەنگایەتیی ئەو شۆڕشەدا کۆمەڵگەی ئێمەی لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە یەک هەنگاوی گەورە بەرەو پێش بردووە و ئاسۆی سەرکەوتنی روونتر کردووە و لاوان لەوپەڕی گیانبازیدا بۆ ژیانێکی ئازاد و ئارەزوومەند فیداکاریی کەم‌وێنە دەکەن. لە ساڵوەگەڕێ دەستپێکی شۆڕشی ژینادا جێی خۆیەتی بە نیشانەی بەرزڕاگرتنی یاد و بیرەوەریی شەهیدانی ئەم شۆڕشە نوێیە و ڕێزلێنان لە قوربانیان و زیندانییان سیاسی و زیندووڕاگرتنی بزووتنەوەی سیاسی، بە شکۆوە بەرەوپیلی ئەم یادە مەزنە سیاسی و کۆمەڵایەتییەوە بچین.
لەم پێوەندییەدا دوای چەند جار دیدار و ڕاوێژی سیاسی، رۆژی چوارشەممە، ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی، حیزبە سیاسییەکانی ڕؤژهەڵاتی کوردستان بریتی لە:
– حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
– کۆمەڵە (ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران)
– پارتی ژیانی ئازادی کوردستان (پژاک)
– سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران
– پارتی ئازادیی کوردستان (پاک)
– کۆمەڵەی زەحمەتکێشانی کوردستان
لەسەر ئەم خاڵانەی خوارەوە رێکەوتن؛
١- پشتیوانی لە داخوازیی تێکۆشەرانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕێکخراوه سه‌ربه‌خۆکان بۆ ڕێزگرتن و بەشداریی چالاکانه له ساڵڕۆژی شۆڕشی ژن، ژیان، ئازادی.
٢- ڕاگەیاندنی ڕۆژی ٢٥ی خەرمانان، وەک ڕۆژی مانگرتنی گشتی له هه‌موو کوردستان. له‌م ڕۆژەدا هه‌موو دووکان و بازاڕ و ناوەندەکانی کار و ئیدارەکان دادەخرێن؛ سەر لە بەیانیی ئەو ڕۆژه (٢٥ی خەرمانان)، جه‌ماوه‌ری خه‌ڵکی کوردستان سەردانی گڵکۆی ژینای جوانەمەرگ و سەرجەم شەهیدان و گیانبەختکردووانی شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” له شار و گوندەکانی کوردستان دەکەن و چەپکەگوڵی ڕێز و خۆشه‌ویستی له‌سه‌ر مەزارەکانیان دادەنێن و ڕێوڕەسمی ڕێزلێنانیان بۆ بەڕێوه دەبەن.
٣- داوا لەسەرجەم خەڵکی ئازادیخوازی ئێران (ژنان، لاوان، کرێکاران، مامۆستایان و خانەنشینان، ژینگەپارێزان و نه‌ته‌وه‌بندەستەکان لە سەرتاسەری ئێران دەکەین؛ پشتیوانی لە مانگرتنی خه‌ڵکی کوردستان بکەن و بە مانگرتنی گشتی، به هەمووانی نیشان بدەن که شۆڕشی” ژن، ژیان، ئازادی” تا گەیشتن به ئامانجەکانی هەروا درێژه‌ی هه‌یه.‌
٤– داوا له هەموو تێکۆشەرانی خەباتکار، هێز و لایەنه پێشکەوتنخوازەکان له دەرەوەی وڵات دەکەین به هه‌موو شێوه‌یه‌‌ک پشتیوانی له مانگرتنی گشتیی ٢٥ی خه‌رمانان بکەن و له‌و ڕۆژەدا خۆپێشاندان و ڕێپێوانی جه‌ماوه‌ری بەڕێوە بەرن و سەرنجی کۆمەڵانی خه‌ڵکی مرۆڤدۆستی جیهان بۆ پشتیوانی له شۆڕشی ژینا ڕابکێشن.
٥- هه‌رکام له حیزب و لایەنە سیاسیەکانی کوردستانی به‌شدار له‌م دانیشتنە، پشتیوانی و بەشداریی خۆیان له مانگرتنی ڕۆژی “٢٥ی خه‌رمانان” و ڕێوڕەسمەکانی سەر گڵکۆی شەهیدان و گیانبەختکردووان ڕادەگەیەنن. ١٥ی خەرمانانی ١٤٠٢ی هەتاوی (٦ی سێپتامبری ٢٠٢٣)

 

Leave A Reply

Your email address will not be published.