ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان دژبە سەرکوت و پادگانی بوونی فەزای سیاسیی کۆمەڵگا!

0
یەکشەممە ۱۲-۰۶-۱۴۰۲ | 03-09-2023
هێرشی ڕژیمی کوشتار بۆسەر ژنان، چالاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە، بنەماڵەی گیانبەختکردووان، خوێندکاران و مامۆستایان مەحکووم دەکەین!
لە سەروبەندنی ساڵڕۆژی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێراندا، کۆماری ئیسلامی هێرشێکی هەمەلایەنەی دژبە ژنان، چالاکانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان، بنەماڵەی گیانبەختکردووان، خوێندکاران و مامۆستایانی پێشکەوتنخواز خستووەتە ڕێ و بەردەوام پەرەی پێدەدات و کەشوهەوای سیاسیی کۆمەڵگای پادگانی کردووە.
هێرش بۆسەر ژنان و خۆڕاگری لەدژی حیجابی ئیسلامی لە بارودۆخێکدا کە ژنان بەردەوام جەسوورانە دژبە حیجابی ئیسلامی خەبات دەکەن، ڕژیم، یاساکانی دژەژنی زیاتر پەرەپێداوە، لات و چەقۆکێشانی حیزبوڵڵاهی، دەزگای کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی لە گیانی ژنان بەرداوە، بەڵام هەتا ئێستا نەیتوانیوە بەرەنگاربوونەوە و خەباتی ژنان تێکبشکێنێت. موقاومەت و تێکۆشانی ژنان بەرانبەر بە هێرشی بەردەوامی ڕژیم بووەتە بابەتێکی ڕۆژانە و هەمیشەیی.
دەستبەسەرکردنی هەڵسووڕاوانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و چالاکانی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان هەتا ئێستا هەزاران هەڵسووڕاوی شۆڕشگێڕ و چالاکی بزووتنەوە کۆمەڵایەتییەکان لە سەرانسەری کۆمەڵگا دەستبەسەرکراون و یان بۆ ناوەندە قەزایی و پۆلیسییەکان بانگکراوان. لەماوەی حەوت مانگی ڕابردوودا، تەنها لە کوردستان زیاتر لە ٧٠٠ کەسیان دەستبەسەر و زیندانی کردووە. زۆرێک لە ناوەندەکان، گرووپە پیشەیی و کۆمەڵایەتییەکان کە لە بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی نیوەی دووهەمی ساڵی ڕابردوودا بەشداربوون و یان پشتیوانییان لێکردووە، بەردەوام لەلایەن ڕژیمەوە هەڕەشەیان لێدەکرێت. بۆ نموونە کرێکارانی ناوەندە سەنعەتی و خزمەتگوزارییەکان، مامۆستایان، کارمەندانی خزمەتگوزاریی دەرمان و تەندروستی و خانەنشینان، سەدان خوێندکار و مامۆستای زانکۆ ئیخراج و تەعلیق کراون و بەشێک لە کەسەبەش هەڕەشەیان لێکراوە کە دووکان و شوێنی کاریان لێ دادەخەن. ڕژیم هەموو ئامرازەکانی سەرکوت و هەڕەشەی بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئەوزاعی سیاسی و بۆ ڕێگریکردن لە هەڵگیرسانی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە بەکارهێناوە. بەڵام سەرەڕای هەمووی ئەم هەوڵانە، ناڕەزایەتی، خەبات و موقاومەت لە ناخی کۆمەڵگادا درێژەی هەیە و لە هەموو لایەکەوە سەرهەڵدەدات و سەرەڕای شەپۆلی بەرینی دەستبەسەرکردن، بەردەوام چالاکانی نوێ بە بزووتنەوە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان پەیوەست دەبن و ئیمکانی گەشەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە زیاتر دەکەن.
دەستبەسەرکردن و هەڕەشەکردن لە بنەماڵەی گیانبەختکردووان بنەماڵەی گیانبەختکردووان هەروەک هەموو دەورەکانی ئەم ڕژیمە جەنایەتکارە یەکێک لە ناوەندەکانی درێژەی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانە و گەشەی دادخوازین. ڕژیمی ئیسلامی بێشەرمانە بنەماڵەی گیانبەختکردووان، دەستبەسەر و تەهدید و سەرکوت دەکات. هەڵسووکەوتی کۆماری ئیسلامی لەگەڵ بنەماڵەی گیانبەختکردووان، وەبیرهێنەرەوەی ڕەفتاری فاشیستی و دژەئینسانیی ڕژیمە لە دەیەی خوێناویی شەستی هەتاویدا. کوشتاری دەیەی خوێناویی شەست، یەکێک لە گەورەترین کوشتارە بەکۆمەڵەکانی ناو زیندانەکان بوو، کە لە بێدەنگیی موتڵەقی ناوخۆیی و جیهانیدا ئەنجامدرا. ئەگەر بنەماڵەی زیندانییانی سیاسی لەو سەردەمە سارد و نگریسەدا بزووتنەوەی دادخوازییان پێکهێنا، خۆڕاگری و خەباتی ئەم بنەماڵانە لەئێستاشدا هەروا بەردەوامە و پایە کۆمەڵایەتییەکانی بزووتنەوەی دادخوازیی قایمتر کردووە.
بزووتنەوەی خوێندکاران و مامۆستایان
لەماوەی چەند مانگی ڕابردوودا سەدان چالاکی خوێندکاری، دەستبەسەر، ئیخراج و تەعلیق کراون. ڕژیم بە ڕەوانەکردنی ئەوباش و هێزی سەرکوت، زانکۆکانی پادگانی کردووە و بەکردەوە کەشوهەوای کۆنتڕۆڵ و سەرکوتی لە زانکۆکاندا پەرەپێداوە. سەدان مامۆستای پێشڕەو و ئازادیخواز کە لە ناڕەزایەتیی خوێندکاران و بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێران پشتیوانییان کردووە، دەرکراون و لە کارەکەیان دوورخراونەوە و کەسانی سەربە ڕژیم جێگایان گرتوونەوە. تەهاجومی ڕژیم بۆسەر خوێندکاران و مامۆستایانی زانکۆ هێندە بەرینە کە هاوشێوە و وەبیرهێنەرەوەی دژە “ئینقلابی فەرهەنگی”ی ڕژیمە لە مانگی گوڵانی ٥٩ی هەتاویدا. ئەم هێرشە بەرینە نەتەنها نیشانەی دواکەوتوویی ڕژیمە بەڵکوو هەوڵ و تەقەلا بۆ ڕاگرتنی دەسەڵاتەکەیەتی بە بەهای لەناوبردنی عیلم و زانست.
کرێکاران، زەحمەتکێشان!
ئینسانە شەریف و ئازادیخوازەکان!
کۆماری ئیسلامی کە تێیدا دین و دەوڵەت بەتەواومانا تێکهەڵکێشراون، دەسەڵاتی هەژاری، نەهامەتی و دیکتاتۆرییە. دەسەڵاتێک کە بۆشایی چینایەتی، هەموو جۆرەکانی ستەمی نەتەوەیی و ئیتنیکی و هەڵاواردنی ڕەگەزیی قووڵتر کردووەتەوە. ئەم دەسەڵاتە دژی ژن، دژی زانست و دژی ئازادییە. ئەم ڕژیمە بەهۆکاری ماهیەت و زاتی کۆنەپەرستانە و دواکەوتووانەی، دوژمنی ئازادی و کلتووری پێشکەتووە و تەنها بەزەبری پەرەپێدانی سەرکوت تا بەئەمڕۆ لەسەر پێ ڕاوەستاوە. ڕژیمی کوشتار ئیدیعای کردووە کە بەدوای گەڕاندنەوەی “خودای دەیەی شەست” واتە دووپاتکردنەوەی سەرکوت و جەنایاتی خوێناویی ساڵەکانی شەستە. زاڵکردنی کەشوهەوای دەیەی شەست واتە پەرەپێدانی بێهیوایی و پێکهێنانی بێدەنگیی گۆڕستانی، خەیاڵێکی خاوە. مۆتەکەی کۆماری ئیسلامی سەرهەڵدانەوەی بزووتنەوەی کۆمەڵانی خەڵکی ئێرانە. بێگومان بەهۆی گەشەی بزووتنەوە لە خوارەوە و بەهۆی هیوا و خەبات و خۆڕاگری، کۆمەڵگا بۆ ساڵەکانی وەحشەت و مەرگ ناگەڕێتەوە و کۆماری ئیسلامی شکست دەهێنێت.
لەم بارودۆخە هەستیارەدا، پێویستە لە خەباتی ژنان، چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری، خانەنشینان، مامۆستایان، چالاکانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و هەروەها لە خوێندکاران و مامۆستایانی تەعلیقی، زیندانی و ئیخڕاجی، دیفاع بکەین. سازماندان و ڕێکخستنی خەباتی جەماوەریی خەڵک، بەتایبەت بزووتنەوەی چینایەتیی کرێکاران لە ئاستی سەرانسەری، هەڕەشە و سیاسەتی سەرکوتی ڕژیم پووچەڵ دەکاتەوە و ڕێگا بۆ ڕووخاندنی کۆماری ئیسلامی هەموار دەکات. پێویستە بە هاوپشتیی خەباتکارانە هیوای دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی ئازاد و بەرابەر، نەمانی ستەم، هەڵاواردن و چەوسانەوە و گەشەی زانست، کلتوور و حورمەتی ئینسانی پەرەپێبدەین.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکان
٣٠ی ئاگۆستی ٢٠٢٣
٧ی خەرمانانی ١٤٠٢
واژۆکان: سازمانی ئیتحادی فیدائیانی کۆمۆنیست، ئیتحادی سۆسیالیستی کارگەری، حیزبی کۆمۆنیستی ئێران، حیزبی کۆمۆنیستی کارگەری – حێکمەتیست، سازمانی ڕاهی کاریگەر، سازمانی فەدائیان (ئەقەلیەت) و هەستەی ئەقەلیەت
Leave A Reply

Your email address will not be published.