نەدانی موچەی کرێکاران و کارمەندانی هەرێمی کوردستان، سیاسەتێکی ڕیسوای دەسەڵاتدارانە دژ بە جەماوەر

0


ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق
وەک پیشەی بێباکانەی هەمیشەییان، ئەوا بۆ پتر لە دوو مانگە حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەردوو حزبی
دەسەڵاتداری بورژوا ناسیونالیست (پارتی و یەکێتی) بە بیانووی جۆراوجۆرەوە، بەتایبەت کێشەکانیان لەگەڵ حکومەتی
مەرکەزی و هێزە ئیسلامیـیە دەسەڵاتدارەکانی بەغدادا، موچەی کرێکاران و کارمەندانی وەزارەتەکانیان نەداوە، و
ئەمەش بۆتە مایەی بارێکی سەختی ئابووری بۆ جەماوەری هەرێم.

ئەمە سەرباری ئەوەی کە هیچ پڕۆژەیەکی گەشەپێدانی خزمەتگوزاریـیە گشتیـیەکان لە ئارادا نیـیتە، و ڕێژەی بێکاری،
بە تایبەت لەناو گەنجانی کچ و کوڕدا، لە ئاستێکی زۆر بەریندایە، و ئاستی هەژاری و نەداری بەجارێ ژیانی زۆربەی
دانیشتوانی ئەم هەرێمەی هەراسان کردووە. هاوکات لەگەڵ ئەم بارودۆخەدا، ڕیزی ملیاردێر و ملیۆنەری دولاری سەر
بە دەسەڵات و حزبەکانیان و سەرمایەدارنی گەندەڵی دەروبەریان، هەرڕۆژە لە زیادبووندایە.

سەرکوتگەریـیەکانی دەسەڵات بە دژی جەماوەری خۆپێشاندەر لە ساڵانی پێشوودا، و داسەپاندنی ڕژێمێکی سیاسی
دکتاتۆری پشت بەستوو بە زەبر و زەنگ و ئایدیۆلۆژی ناسیۆنالیستی و ئیسلامی، کە بێ دەربەستە لە ئاست دابینکردنی
مافە ئابووری و کۆمەڵایەتی و خزمەتگوزاری و ڕۆشنبیریـیەکانی جەماوەری زەحمەتکێشی هەرێم، هەر تەنها بۆ
درێژەدان بە دەسەڵاتی گەندەڵ و میلێشیایان نەبووە، بەڵکو هاوکات بۆ مانەوەی دەسەڵاتیان و بەرقەراری سەرمایەداری
و سترکچەری سیاسی و ئایدیۆلۆژی ئەم سیستمە بووە.

نەک هەر هێزەکانی دەسەڵات، بەڵکو هەموو هێزەکانی ئۆپۆزسێۆنی بورژوازی لە هەرێمدا، بە لایەن و باڵە
جیاجیاکانیانەوە، و بەهەردوو بزووتنەوەی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم و ڕەوت و حزبەکانیان و ئایدیۆلۆگ و
ڕۆشنبیرانیانەوە، و هەروەها بە نیولیبرالە قەومیـیەکانی چەشنی (نەوەی نوێ)وە، ئەم سیستمە ئابووری و کۆمەڵایەتی و
سیاسی و ئایدیۆلۆژیـیەیان پاراستووە و ئەیپارێزن کە سەرتاپای مۆرکی دابەشبوونی قووڵی چینایەتی پێوەیە لەنێوان
پرۆلیتاریا و بورژوازیدا، و هەر ڕۆژە جەمسەرگیریی چینایەتی ناو کۆمەڵگە توندوتیژتر و بەرینتر ئەبێتەوە.
هەربۆیە لە کاتێکدا کە کۆمەڵگەی کوردستان نوقمی هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاریـیە، هەم هێزەکانی دەسەڵات
و هەم ئۆپۆزسیۆنی بورژوازی، لەهەر کات زیاتر کۆمەڵگەکەیان نوقمی خورافاتی قەومی و دینی کردووە، لە لایەک،
و لە لایەکی ترەوە نیولیبرالەکانی چەشنی (نەوەی نوێ) لە هەوڵی سەرگێژەکردنی جەماوەرن بە ئومێد ‌هەڵچنین بە
ئاڵوگۆڕپێکهێنان لە ڕێگەی هەڵبژاردنەوە.

هەر لەم ڕاستایەدا، ناسیونالیستەکان کەوتونەتە بڵاوکردنەوەی ترس و دڵەڕاوکێ سەبارەت بە ئەگەری هەرەسی ڕژێمی
دەسەڵاتدار لە هەرێمدا، و باوەشینی دەمارگیری و ڕق و قینەی نەتەوەیی ئەکەن، و ئیسلامی سیاسیش بەردەوام گورزی
کوشندەی خۆی ئاراستەی ئازادیـیەکانی ژنانی کوردستان ئەکات و هەوڵ و تەقەلاکانی کرێکاران و گەنجانی بێکاری
کوردستان و ڕیزی خەباتیان بە ئیسلامیزم و دژایەتی لە بەرامبەر هەر ئایدیایەکی ئازادیخوازانە و سۆشیالیستیدا تێکدەدا.

لە بەرامبەریشدا، هێز و حزبە ئیسلامی و قەومیـیەکانی دەسەڵاتدار و حکومەتەکەیان لە بەغدا کە بێباکن لە هەژاری و
نەداری و بێکاری جەماوەری هەرێم، بەردەوامن لە درێژەپێدان بە ململانێکانیان لەگەڵ حکومەتی هەرێمدا. هەر دوو لا
جەماوەری هەرێمی کوردستانیان کردۆتە بارمتەی ساغکردنەوەی بەرژوەندیـیە سیاسی و ئابووری و مانۆڕە
جیوپۆلتیکسەکانیان و پەیوەندیان لەگەڵ زلهێزە ناوچەیی و دەوڵەتیـیەکاندا. هەروەها، دەسەڵاتدارانی بەغدا سەرقاڵی
خۆشکردنی ئاگری دەمارگیری نەتەوەیین تا سەرەگێژی ڕەواج پێبدەن و پەردەپۆشی گەندەڵیـیەکانیان بکەن، و
بێگوزارانی و هەژاری و بێکاری و بێ خزمەتگوزاری زۆربەی هەرە زۆری جەماوەری عێراق بە دەمارگیری
نەتەوەیی وەڵامبدەنەوە.
بۆ ڕزگار بوون لەم بارودۆخە کارەساتبارە ڕێگەێک لە بەردەمدا نیـیە جگە لە بەهێزکردن و یەکخستنی ڕیزی خەباتی
کرێکاران و زەحمەکیشان و بێکاران و ژنانی ستەملێکراو و گەنجان و سەرجەم ئازادیخوازان هەم لە هەرێمی
کوردستان و هەم لەسەر ئاستی عێراق، لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەربەخۆی چینایەتیـیان، و بەبێ هیچ جیاوازیـیەکی
مەزهەبی و دینی و نەتەوەیی و جنسی و ڕەگەزی و هەر جۆرە جیاکاریـیەکی تر.

 

ئەمرۆ لە هەرێمی کوردستاندا پارسەنگی هێزی چینایەتی لە بەرژەوەندی بورژوازی دەسەڵاتدار و هێز و ڕەوتەکانیەتی،
و تا خەڵكی کرێکار و نەداری هەرێم ئەم پارسەنگیـیە نەگۆڕن لە بەرژەوەندی خۆیان هیچ ئاڵوگۆڕێکی بنچینەیی لە
بەرژوەندیـیان نایەتەدی. کەوتنە داوی ئایدیۆلۆژیا و ئاسۆی قەومی و دینی و بڕوبیانووەکانی کێشە لەگەڵ بەغدا، و
خۆشباوەڕیی بە هەڵبژاردن، بارودۆخە کارەساتبارەکە زیاتر درێژە پێئەدا. چارەسەر لە بەرەوپێشچوونی خەباتی
چینایەتی پرۆلیتاریا لە کوردستان و سەرجەم عێراقدایە.

بە ڕیزی خەباتی یەکگرتوو لەسەر بنەمای بەرژەوەندی سەربەخۆی چینایەتی کریکاران و نەداران، و هاتنە مەیدانیان
وەک هێزێکی کاریگەری جەماوەری بەڕووی دەسەڵاتی ناسیۆنالیزم و ئیسلامیزم لە هەرێمدا هەنگاوی یەکەمە بۆ
کۆتایی هینان بەم یاریکردنە بە ژیان و گوزەرانی جەماوەرەوە.

(ڕێکخراوی بەدیلی کۆمۆنیستی لە عێراق) بە توندی سەرکۆنەی هەردوو حکومەتی هەرێم و حکومەتی مەرکەزی
ئەکات، و بەرپرسیاریەتی هەژاری و برسیەتیـیەک کە بە سەر جەماوەری هەرێمی کوردستاندا سەپاوە، ئەخاتە
ئەستۆیان. هەروەها شان بە شانی کرێکاران و زەحمەتکیشان و سەرجەم ئازادیخوازان لە خەباتی پەیگیرانەدایە بۆ
کۆتاییهێنان بە باری سەختی ژیانی ئابووری جەماوەر لە هەرێم و سەرتاسەری عێراقدا.
سیاسەتی ڕیسوای موچە نەدان پێویستە دەستبەجێ کۆتایی پێبهێنرێ
٣٠ (ئاب)ی ٢٠٢٣

Leave A Reply

Your email address will not be published.