کۆمەڵە داکۆکیکاری دەسەڵاتی شۆرایی خەڵک لە کوردستان

0
پێنجشەممە ۰۹-۰۶-۱۴۰۲ | 31-08-2023
ئەزموونی سەرانسەری جیهان بەباشی سەلماندوویەتی کە دیموکراسیی پەرلەمانی لە پشت زاهیری فریوکارانەیەوە بەردەوام ئامرازی دوور ڕاگرتنی کرێکاران و جەماوەری خەڵک بووە لە دەخاڵەتگەرییان لە چارەنووسی خۆیاندا. ماهییەتی ڕاستەقینەی پەرلەمانتاریزی بورژوازی نەتەنیا لە ڕێژیمەکانی سەڵتەنەتی مەشرووتەی پەرلەمانی، نەتەنیا لە ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی، بەڵکوو لە دیموکراتترین کۆمارییەکانیشدا ئەوەیە کە هەر چەند ساڵ یەک جار بڕیار دەدرێ کە کام یەک لە ئەندامانی چینی دەسەڵاتداری ناو پەرلەمان، خەڵک سەرکوت و مافیان پێشێل بکەن.
لە بەرامبەر نیزامی پەرلەمانیدا، نیزامی شۆرایی باشترین و کارامەترین ئامرازی دەخاڵەتی گشت چینی کرێکار و جەماوەری خەڵکە هەم وەک داڕێژەری یاسا و هەم وەک بەڕێوەبەری یاسا و ئیدارەی کۆمەڵگە. لە باروودۆخێکدا کە پێشکەوتنی تێکنۆلۆژیک و پەرەسەندنی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زیاتر لە هەموو کاتێک پەیوەندیی پەرەپێداوە و ئیمکانی دەستڕاگەیشتنی بە زانیاری لە هەموو بوارەکاندا بۆ هەمووان خوڵقاندووە، نیزامی شۆرایی کاری دەخاڵەتی ڕاستەوخۆی کرێکاران و جەماوەری خەڵک لە ئیدارەی کاروباری کۆمەڵگە ئاسانتر دەکاتەوە. ئەم نیزامە دەتوانێ لە دامەزرانی دووبارەی سیستەمێکی بوروکراتیک کە دەکەوێتە بان سەری شۆڕش و خەڵکی ڕاپەڕیو و دەیانکاتە تەماشاچیی بێتوانی گۆڕەپانی سیاسەت، ڕێگری بکات.
یەکێک لە ئەرک و ئەولەوییەتەکانی کۆمەڵە کە پێویستە تەئکیدی لەسەر بکرێت، هەوڵی ڕێکخراوە لەپێناو ئەوەیکە ئالتێرناتیڤی دەسەڵاتداریەتیی شۆاریی لەناو جەماوەری خەڵکی کوردستاندا ببێتە وتارێکی بەهێز. بەسەرەنجدان بەوەیکە کۆمەڵگای ئێران بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، واتە قۆناغێک کە بۆ دۆسیەی دەسەڵاتی سیاسی بەرەوڕووی کۆمەڵگا ئاواڵە دەکات، مەسەلەی پێکهێنانی ئالتێرناتیڤی دەسەڵات لەبواری سیاسییەوە یەکجار گرینگە.
لە بەرامبەر نەخشەڕێگای هێز و حیزبە ناسیۆنالیستەکان کە بۆ وەدەستهێنانی دەسەڵاتی سیاسی و دابەشکردنی لە نێوان خۆیان و لە سەرووی خەڵکەوە و بۆ سوپای نیشتمانی و سیستمی پارلەمانی و فیدرالیزم هەوڵ دەدەن، ئالتێرناتیڤی بەڕێوەبردنی شۆرایی کۆمەڵگا کە بەشێک لە ئەزموونی خەباتی شۆڕشگێڕانەی خودی جەماوەری کوردستان بووە، بکرێتە وتارێکی بەهێز لە کۆمەڵگای کوردستاندا.
پێویستە بیری ڕێکخراو و دەسەڵاتدارییەتی شۆرایی ببردرێتە ناو هەموو بنەماڵە و کۆڕ و کۆمەڵێکەوە. لە باروودۆخێکدا کە کۆمەڵگا بەرەبەرە لە قۆناغێکی شۆڕشگێڕانە نزیک دەبێتەوە، پێویستە لەپێناو پێکهێنانی شۆراکان، لە هەر کارخانە و ناوەندێکی بەرهەمهێنان، لە هەر گەرەک و گوندێک، بەستێن سازی بکرێت. بە بێ بوونی بەدیلی شۆرایی بە وتارێکی بەهێز، کە فاکتۆرێکی چارەنووسساز و یەکێک لە ڕەمزەکانی سەرکەوتنی بزووتنەوەی شۆڕشگێڕانەی کوردستانە، ئەم نیگەرانییە لەئارادایە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان لە ئاڵوگۆڕەکانی داهاتوودا بۆ جارێکی دیکە بخرێنە پەراوێزەوە و پاش پتر لە چل ساڵ خەبات ئەو دەرفەتەیان بۆ هەڵنەکەوێ کە بەشێوەی ڕاستەوخۆ لە دەەسەڵات و بەڕێوەبردنی کۆمەڵدا دەورونەخش بنوێنن. ئەزموونی کوردستانی عێراق نموونەیەکی بەرچاوە کە نیشانی دەدات دەسەڵاتی حیزبە ناسیۆنالیستەکان لەڕیگەی پەرلەمان و وەزارەتخانەکانەوە نەتەنیا هیچ ڕێگایەک بۆ دەخاڵەتی خەڵک لە دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ناهێڵێتەوە، بەڵکوو پەرلەمان دەبێتە ئامرازێک بۆ دوور هێشتنەوەی خەڵک لە دەستڕاگەیشتنیان بە ئامرازەکانی ئیدارە و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا. نابێ ڕێگە بدەین ئەم ئەزموونە لە کورستانی ئێرانیش دووپات بێتەوە.
ئەگەر کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان نایانهەوێ ئەم چارەنووسەیان بەسەر بێت، پێویستە هەر لە ئێستاوە بیر لە داڕشتنی بناغەی دەسەڵاتی شۆرایی خۆیان بکەنەوە. کرێکاران و زەحمەتکێشان و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان پێویستە بیر لە داڕشتنی پایەکانی دەوڵەتێک بکەنەوە کە هەر ژن و پیاوێکی کرێکار، هەر ئینسانێکی زەحمەتکێش بتوانێ بەشێوەی شۆرایی ئامرازەکانی دەسەڵات بەدەستەوە بگرێت و ڕاستەوخۆ لە حەیاتی سیاسی و ئیداریی کۆمەڵگادا دەورونەخشی ڕێبەری بنوێنێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی خەڵک لە کوردستان بەنیازە ئیمکانی پایەڕێژیی وەها دەسەڵاتێک واتە “دەسەڵاتی شۆرایی” بە خەڵک نیشان بدات. کۆمەڵە دەیهەوێ زەروورەتی دەسەڵاتی شۆرایی بکاتە مەعریفەی گشتیی خەڵکی کوردستان، بەو ئامانجە کە لەوە کەمتر بە سەرکەوتن حیساب نەکەن و لەوە کەمتریان قەبووڵ نەبێت. بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی، بابەتی دەسەڵاتداریەتی لە کوردستانی ئازادکراو بە مافی بێ ئەملا و ئەولای کرێکاران و خەڵکی ستەملێکراوی کوردستان دەزانێت و کۆمەڵە ئامادە نییە لە داهاتوودا لەگەڵ هیچ حیزب و گرووپێک لەسەر دابەشکردنی دەسەڵات دانوستان و وتووێژ بکات، چونکە دەسەڵات نە بە هی ئەم حیزب و ئەو ڕێکخراو بەڵکوو دەسەڵاتی سیاسی و بەڕێوەبردنی کۆمەڵگە لەپێناو بەرابەری و ڕزگاری، بە هی جەماوەری خەڵکی دەزانێت. بەپێی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی خەڵک لە کوردستان، بە تێکەوەپێچانی بارگەوبنەی دەسەڵاتی کۆماری ئیسلامی لە کوردستان، کرێکاران و زەحمەتکێشان، ژنانی ستەملێکراو و بێبەشان کە زۆرینەی کۆمەڵگا پێک دێنن، دەتوانن دەسەڵات بەدەستەوە بگرن.
بەگوێرەی بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتداریەتیی شۆرایی لە کوردستان، ئەوە پێکهاتەیەکی شۆراییە کە ئیمکانی بەشداری و دەخاڵەتی جەماوەر لەبواری دەەسەڵات و بەڕێوەبەرایەتیی کۆمەڵگا دابین دەکات و لە قازانج و بەرژەوەندیان پشتیوانی دەکات.
ئەوەیکە لە بەرنامەی کۆمەڵە بۆ دەسەڵاتی جەماوەری لە کوردستان تەئکیدی لەسەر دەکرێت، دەسەڵاتی شۆراییە کە لە سەروویەوە کۆنگرەی سەرانسەریی نوێنەرانی شۆراکان و لە خوارترین ئاستیشیدا شۆرای شار و گوندەگان و شوێنی کارن و لەڕێگەی سیستمی شۆراییەوە ڕاستەوخۆ وەک ئەندامێکی دەوڵەت لە بابەتی دەسەڵاتدا دەوری چالاکانە دەبینن و لەڕێگەی نوێنەرانی خۆیانەوە لە ئاستە جۆراوجۆرەکانی وەک کۆنگرەی ناحیەیی، ئەیالەتی، مەحەلی و سەرتاسەری لە هەموو بوارەکانی چالاکیی کۆمەڵایەتیدا بەشداری دەکەن. هێزی چەکداری مەحەلی لەژێر فەرماندەیی کۆنگرەی سەرانسەریی شۆراکان دایە و ئەرکی دیفاع لە دەستکەوتەکانی خەڵکی کوردستان لەبەرامبەر هەڕەشە و دەستدرێژیی دەوڵەتی ناوەندی و یان هەر هێزێکی تری وەئەستۆ دەبێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە
Leave A Reply

Your email address will not be published.