“نیشتمان کاتێک نیشتمانە کە بتوانێت ئازادی و یەکسانی و دادپەروەری دەستەبەر بکات”

0
ڕێڤان جاف
ئازادی یەکێکە لە پێویستییە هەرە بەنرخ وپیرۆزەکانی مرۆڤ و مرۆڤایەتی، ئەگەر بە ڕاستی و دروستی پەیڕەوبکرێت، ئازادی بەرەڵایی و سەرگەردانی و ئاژاوەگێڕی و بێسەرەوبەرەیی و پێشێلکردنی یاسا و پرەنسیپەکان نیە، ئازادی بەرپرسیارێتی یە واتا ئازادی ڕاستەقینە ناکرێت لە دەرەوەی مرۆڤ و پرەنسیپەکان و دەستوور و یاسا ئاڕاستە بکرێت، بەبێ بەرپرسیارێتی ئازادی بوونی نیە و نابیتە تاکێکی بڕیاردەر و دامەزراو و بە ئیرادەی بەرپرس لە هەنگاو و بڕیارەکان.
دوور لە ڕێز و بەرز ڕاگرتنی پرەنسیپەکان، دوور لە ڕێزی ئازادی خۆت و کەسانی تر دەبیتە کەسێکی بێ مەیل و جاڕس و وەڕس بە ژیان، دەبێتە کەسێکی پەرت و لێکترازاو و هەڵەشە و لە ڕێ لادەر و سەرەڕۆ و بێدەربەست کە گیرۆدە و موبتەلای کێشمەکێش و پەتپەتی و بگرە و بەردەی ژیانە.
باسکردن و وتووێژ لەسەر ئازادی هێندەی گەردوون بەرفراوانە، هێندەی مێژووی مرۆڤایەتی قووڵ و دوورودرێژە، ئازادی کۆمەڵێک شتی زۆر لە خۆی دەگرێت، گرنگترینییان ئازادی (بیرکردنەوە و ڕادەربڕین)ە ئێمە دەبێت لێرەوە هەنگاو بنێین و کاری بۆ بکەین و بیخەینە قۆناغی پەیڕەوکردن و جێبەجێکردن و داکۆکیکردنەوە، ئەمەش بەنرخترین خاڵی دەستپێکی ڕێگە ڕاست و دروستەکەی ئاکار و هزرە، سەرەتای وەرچەرخاندن و گۆڕانکاری و گەشەسەندنی تاکە کە گرنگترین هاندەر و زەمینەخۆشکەر دەبێت بۆ دروستکردن و دەرخستنی کەسایەتیەکی سەربەخۆ و مەتینی باوەڕبەخۆبووی یاخیی و ڕەتکەرەوەی هەموو فکرێکی چەوت و زۆڵم و زۆردارییەک کە هۆکارێکی گەورەی سەرکەوتنە بۆ دابینکردن و دەستکەوتنی ئازادی و ڕزگاربوون لە دۆخی ملکەچی و دروستکردنی ژینگەیەک کە هەمووان هەست بە ڕێز و بەهای خۆیان بکەن کەواتە دونیای ئازاد و کۆمەڵگەیەکی تەندروست پێش مرۆڤی ئازاد لە دایک نابێت.
سووکایەتی و بێ حورمەتی و ڕسواکردنی بە زەبر و دەستدرێژی مافەکانی هاوڵاتیان و باڵادەستی ستەم و سەرکوتکردن، هەیمەنەتی دەسەڵاتی جەور و ناعەدالەتی و بێ ویژدانی و تەمومژی سیاسەت و نەبوونی سیستەمێکی هاوسەنگی ئابوری و ئایدیۆلۆژیە بێ ڕۆح و بەجێماوەکان…….. ئەمانە هەر هەموویان زەنگی بە ئاگاهێنانەوە و ڕاچەنین و هاندانن بۆ درککردن و تەواو حاڵی بوون لە ئازادی، هەر هەموویان پاڵنەر و هۆکارن بۆ دەستەبەرکردنی ئازادی.
بۆ گەیشتن بە باشترین ئاستە باڵاکانی ئازادی و دۆزینەوەی ڕێگە چارە دژی جیاوازیەکان و ناهەقی و ناکۆکیەکان، دژی سوێراوییەکانی ستەم کە وەک دڕک لە هەنگاوەکانمان ئاڵاون، دژی زەبروزەنگی سەرکوتکردن و تۆقاندن کە وەک گوریسی گەردنی ژیان دەمانتاسێنێت و گەڕانەوەی مافە زەوتکراوەکان، خەبات و بەرخودانە کە کرۆک و سیمبولی یاخیبوون و بەگژداچوونەوەی دەسەڵاتە خۆسەپێن و نالەبارەکانە کە خەسڵەت و گێڕانی ڕۆڵی ڕاستەقینەی مرۆڤی باڵایە تا شوێن پێی خۆیی لە دونیای ئازاددا دیاری بکات کەواتە هەموو پیرۆزیەکانی تاک و کۆمەڵگە هەڵقووڵاوی ئازادی فکر و ئازادی تاکە بەمەرجێ یاسا و پێوەرەکان بۆ هەمووان یەکسان و بێ بەزەیی نەبێتە یاسای ژیان.
یەکێک لە بنەما هەرە سەرەکیەکانی دەستەبەرکردنی ئازادی و پێشکەوتنی ڕەوتی کۆمەڵگا و پاراستنی شکۆی مرۆڤ و ڕەخساندنی دەرفەتی یەکسانی و داکۆکیکردن لە ماف و دادپەروەری لە هەموو قۆناغ و سەردەمێکدا بە تایبەت لەم دونیا نوێیەدا کە سەراپا سیخناخە بە زیاد لە فۆرم و تەوژمێکی سیاسی و دینی و خاوەندارێتی دەسەڵات کە کاریگەریەکی ڕاستەوخۆییان هەیە لە چەپاندنی زەین و ئاگایی تاک، تەنها لە هۆش و ئاگامەندی مرۆڤەوە سەرهەڵئەدات و پراکتیزە ئەکرێت لە خواستە هۆشیاریەکەیدا بە دیار دەکەوێت نەک لە داگیرکردنی جوگرافیای جەستە بە مەبەستی وێڵکردن و ئارەزووبازی و چاوبرسێتی کە دووبارە دەچنەوە قاڵبی کۆیلەیی و دەستەمۆکردن، بە داخەوە لەگەڵ زیاتر ئاڵوودەبوونی کۆمەڵگا بە ڕواڵەت پەرستی و دروشمی بڕیقەدار چەمکی ئازادیش زیاتر لە ڕواڵەتدا خۆی دەبینێتەوە.
ئەگەر هەمووان بێبەش بین لە ئازادی نەک هەر لە ژیان ناگەین بگرە ناتوانین ژیانێکی ئاسایی و خۆشگوزەران بژین، کەواتە با هەوڵ بدەین فکرمان لە سنوورە دیاریکراوەکانی سیاسەت و بیروباوەڕ و ئایدیا …… لە قاڵب نەدەین و نەبینە نێچیرێکی ونبوویی بێ ورە، بۆئەوەی فکرممان ئازاد بێت و ببینە خاوەنی سامانێکی ڕۆحی پتەوتر دەبێت بە هیوا و ئامانجەوە بدەین لە شەقەی باڵ، دەبێت نەهێڵین بێ پەڕ و باڵ و هەڵکورما و دامرکاومان بکەن وەک مەلێکی شکستەباڵ و زەبوون بە کسپەی زامی دیلییەوە، بە قووڵای ناخی پڕ زووخاوەوە هەناسەی سارد و پەنگخواردوو هەڵبکێشینەوە، ئەوسا ژیان لە دۆخێکی چەقبەستووی بێ بەها و پەرتەوە دەردەچێت و لە ئاستێکی بەرز و پیرۆز ستایش دەکرێت، ئەو کات مرۆڤ بە ئازادی و یەکسانی دەژیی و بە دڵێکی داماڵراو لە ستەم ژیان ئەبینێت و لە ڕۆحی خۆیاندا بۆ ژیان دەژین.
مادام مرۆڤ هەیە بۆ ئاشتەوایی و سەقامگیری و جوانی و خۆشحاڵی ژیانی خۆی دەگەڕێت بە بێئەوەی ببێت بە نۆکەری هیچ دەستە و تاقم و دروشمێک…..
مادام دەتوانێت عەقڵی خۆی لە کۆت و ملکەچی هەموو بیرێکی نامرۆڤانەی چەواشەکار و ئاڵۆز و گوماناوی و لە هەموو دۆخێکی خەوشدار و نەخوازراویی وێرانکار ڕزگاربکات
” نائومێد نابین”
Leave A Reply

Your email address will not be published.