با لە حەفتەدا ڕۆژێک بۆ ناڕەزایەتیی سەرانسەری دژبە بێکاری تەرخان بکەین

0
چوارشەممە ۲۵-۰۵-۱۴۰۲ | 16-08-2023
ڕەوتی قووڵبوونەوەی قەیرانی ئابووری و شەپۆلەکانی بێکارکردن، دیاردەی بێکارییان بەشێویەکی بێوێنە پەرەپێداوە. بەپێی دوایین ڕاپۆرتی ناوەندی ئاماری ڕژیمی کۆماری ئیسلامی ڕێژەی بێکاریی لاوانی ١٥ تا ٢٤ ساڵ، لە زستانی ساڵی ١٤٠١دا ٢٤.٢ لەسەد بووە. هەورەها ڕێژەی بێکاریی کەسانی ١٨ تا ٣٥ ساڵیش نیشان دەدات کە لە زستانی ساڵی ١٤٠١دا، ١٧ لەسەدیان بێکاربوون. بەپێی هەر ئەم ئامارە بەرینایی بێکاری لە ئۆستانە مەحرومترەکانی ئێران یەکجار زیاترە.
بۆ نموونە ڕێژەی بێکاری لە ئۆستانی کوردستان زیاتر لە دوو بەرابەری ڕێژەی مامناوەندی ئێرانە. ئامار و ئەرقامی ڕەسمی نیشانی دەدات کە وەزعیەتی بێکاری لەم ئۆستانانە بەتایبەت سیستان و بەلووچسان، کوردستان و چوار مەحاڵ و بەختیاری خراپتر بووە. هەروەها ڕێژەی بێکاریی ژنان چەند بەرابەری ڕێژەی بێکاریی پیاوانە. هەڵبەت پێویستە بوترێ کە لە ستانداردی ئامارگیرییەکانی ئێراندا، هەر کەس لەماوەی حەفتەدا دوو سەعات کار بکات، بە بێکار ناناسرێ. ئەوەش لە حاڵێکدایە کە بەپێی پێوەرە جیهانییەکان و بەپێی فۆرموڵی کۆنفڕانسی نێونەتەوەیی ئامارگرانی هێزی کار، کەسی دامەزراو و شاغڵ بە کەسێک دەوترێ کە لانیکەم یەک سێهەمی سەعاتی کاری مەرسوومی وڵاتێک لە دەورەیەکی دیاریکراودا کاری کردبێت.
بێکاری لە ئێران یانی پاڵپێوەنانی بنەماڵە کرێکارییەکان بۆ ژیان لەژێر هێڵی هەژاریی موتڵەق و داسەپاندنی مەرگی شێنەیی. کێشەیەک کە تێکچوونی دەروونی، خەمۆکی، نەبوونی متمانەبەخۆیی و لە خۆنامۆبوونی لێدەکەوێتەوە. ئەم تراژێدیا دڵتەزێنە لێرەدا کۆتایی نایە. لێکهەڵوەشانی بنەماڵە کرێکارییەکان، گیرۆدەبوون بە مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی لە ڕووی ناچاری و هێندێک جار فرۆشتنی ئەندامانی لەش و خۆکوژی لە پەنا ئازارە کۆمەڵایەتیەکانی دیکە، درێژەی مەنتقیی ئەم ڕەوتەیە و ژنان و پیاوان، لاوان و تازەلاوان و منداڵانی بنەماڵەی جەماوەری کرێکار و زەحمەتکێش دەبنە قوربانی. نابێ لەبیر بکرێ کە لە ئێران زیاتر لە سەدا حەفتای کرێکاران بە گرێبەستی کاتیی کار، سپی ئیمزا و یان لەڕێگەی شیرکەتەکانی دامەزراندنی هێزی ئینسانی و پەیمانکاری دەچنە بازاڕی کارەوە. ئەوەش بەو مانایەیە کە ئەم بەشە بەرینە لە کرێکاران تەنانەت ئەو بڕە پارە کەمەی کە بۆ دەورەی بێکاری دیاری دەکرێت بەریان ناکەوێ. کەوابوو لە یەکەمین ڕۆژی بێکاریدا ئابووری و داهاتی بنەماڵە ڕادەگیرێت و موسیبەتەکان دەسپێدەکەن.
بێکاری یەکێک لەو نەهامەتییانەیە کە خوڵقێنەرەکەی سیستەمی سەرمایەدارییە. ئەرتەشی پاشەکەوتی بێکاران هەمیشە بۆ خاوەنانی سەرمایە وەک نیعمەتێک وا بووە. ئەم کێشەیە لە سەردەمی قەیراناویی ئێستادا یەکجار بەرین بووەتەوە. کۆماری ئیسلامیی سەرمایەداران هۆکاری توندبوونەوەی ئەم نەهامەتییە گەورەیەن. لە وەها بارودۆخێکدا خەبات دژبە دیاردەی شۆم و وێرانکەری بێکاری و دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ بەرەنگاربوونەوە لەگەڵی، بووەتە یەکێک لە کێشەکانی چالاکانی بزووتنەوەی کرێکاری لە کۆمەڵگای ئێران. ناڕەزایەتی و خەبات لەدژی بێکاری لە حاڵێکدا ئەنجام دەدرێت کە دەوڵەتی ڕەئیسی، وەزارەتی کار و تەعاون و باقیی ناوەندە حکوومەتییەکان نەتەنیا ستراتێژی پێکهێنانی کاریان نییە، بەڵکوو خۆیان بێکاریی کرێکاران و دیاردەی بێکارییان بەشێوەیەکی بەرین پەرەپێداوە. درێژەی داخرانی ڕۆژانەی ژمارەیەکی زۆر لە کارخانەکان و ناوەندەکانی بەرهەمهێنان و دەرکردنی بەکۆمەڵی کرێکاران بە بیانووی نابوودبوون، شایەدی ئەم ئیدیعایەیە.
بەڵێنی چارەسەرکردنی کێشەی بێکاری لەڕێگەی پڕۆژە ئابوورییەکانی سپای پاسدارانی گەندەڵ یان کەرتی تایبەت و یان هێنانەخواری ڕێژەی بێکاری لەڕێگەی ئازادکردنی پارەی بلۆکەکراو لەلایەن دەسەڵاتەکانی ڕۆژئاوا، پووچ و بێبنەمایە. ئامانجی ئەم بەڵێنانە چاوەڕوان ڕاگرتنی کرێکاران و ڕێگری لە وەڕێکەوتنی بزووتنەوەی ناڕەزایەتیی کرێکارانی بێکارە. دەوڵەتی ڕەئیسی لەوە دەترسێ کە کرێکارانی بێکاریش هەر وەک خانەنشینان لە حەفتەدا ڕۆژێک یان ڕۆژانێک بۆ ناڕەزایەتیی سەرانسەری دژی بێکاری تەرخان بکەن.
كار و ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی، یان بیمه‌ی بێكاری و نەمانی گرێبەستی سپی ئیمزا خواست و مافی بێ ئه‌ملا و ئه‌ولای هه‌موو كرێكارانی دامه‌زراو و بێكار و لاوانی خوازیاری كاره‌. به‌ڵام ئه‌م مافه‌، به‌ خه‌باتێكی ڕێكخراو و به‌ وه‌ڕێخستنی بزووتنه‌وه‌یه‌ك دژبه‌ بێكاری دێته‌ دی. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ بارودۆخی بابه‌تیی ئاماده‌یه‌ و هێزه‌كه‌شی، نه‌ ته‌نیا له‌شكری ملیۆنیی كرێكارانی بێكار، به‌ڵكوو ملیۆنان كرێكاری دامه‌زراو و بنه‌ماڵه‌ی كرێكاری له‌خۆده‌گرێ كه‌ دێوه‌زمه‌ی بێكاری ئه‌منییه‌تی پیشه‌یی لێ زه‌وت كردوون. بزووتنه‌وه‌یه‌ك كه‌ به‌هۆی درێژه‌ی قه‌یرانی ئابووری، شه‌پۆله‌كانی ده‌ركردنی كرێكاران و خواستە هاوبەشەکانی، ده‌توانێ به‌خێرایی جه‌ماوه‌ری و به‌هێز بێت و ده‌وڵه‌ت به‌رێته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
به‌ڵام به‌روپێش بردنی ئه‌م خه‌باته‌ و به‌هێز كردنی تا ئاستی بزووتنه‌وه‌یه‌كی جه‌ماوه‌ری، پێویستی به‌ هاوپشتیی هه‌ڵسووڕاوان، تۆڕ و كۆڕه‌ وشیاره‌كانی ناو بزووتنه‌وه‌ی كرێكاریی ئێران هه‌یه‌. له‌شكری گه‌وره‌ی بێكاران و ئاگاداربوون له‌و‌ مه‌ترسییه‌ دڵته‌زێنه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییانەی كه‌ هه‌ڕه‌شه‌ له‌ بێكاران و بنه‌ماڵه‌كانیان ده‌كات، پۆتانسیه‌ل و توانای بانی ناڕه‌زایه‌تیی، به‌تایبه‌ت له‌ناو توێژه‌ خوێندكاره‌ بێكاره‌كاندا، كه‌ هه‌موو ئاواته‌كانی خۆیان فه‌وتاو ده‌بینن، پێكهێناوه‌. شكڵ گرتنی وشیارانه‌ و هه‌نگاو به‌ هه‌نگاوی ناڕه‌زایه‌تی، دژبه‌ بێكاری له‌ هه‌مان حاڵدا، ڕێگاخۆشكه‌ری پێكهێنانی ڕێكخراوی جه‌ماوه‌ری و درێژه‌ی كار و چالاكیی كرێكاران‌ ده‌بێت.
وتەی ڕۆژی تەلەڤیزیۆنی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران و کۆمەڵە.
*تێ بی نی /ئەم بابەتە لە وەرگیراو له ماڵپەری کۆمەڵە رێکخراوی کوردستانی حیزبی کۆمۆنیستی ئێران
Leave A Reply

Your email address will not be published.