کات بکوژ و خولقێنەری هەموو دۆخەکانی نێو گەردوونە… لە ڕووی زانستیەوە تا چەند ئەم قسەیە ڕاستە..؟

0
نوسینی: لوقمان حەوێز
پێشەکی دەبێت بزانین کات چیە..؟
دوو قوتابخانەی سەرەکی زانستی هەیە بۆ پێناسەی کات، قوتابخانە کۆنەکەی ئیسحاق نیوتن کە دەڵێت کات بنچینەییە و ئەزەلیە و هەر هەبووە و هەر هەیە و هەر دەبێت و پەیوەست نیە بە شوێن و بۆشایی و بارستە، دەشڵێت کات بە جیا هەیە و ئەگەر ئەوانەش نەبن کات هەر هەبووە و دەبێت، بەڵام دوای دۆزینەوەی بیردۆزی ڕێژەیی تایبەتی و گشتی ئاینشتاین و تیۆری کوانتەم سەلمێنرا ئەو بۆچوونە هەڵەیە…
قوتابخانەی نوێش بۆ پێناسە و لێکدانەوەی کات لە سەدەی بیستەم سەری هەڵدا لەگەڵ دۆزینەوەی بیردۆزی ڕێژەیی ئاینشتاین، ئاینشتاین سەلماندی کە کات بنچینەیی نیە و تێکهەڵکێشی بۆشاییە و دەشێت هەنگاوەکانی تێپەڕبوونی کاتیش بگۆڕێت لەگەڵ گۆڕانی خێرایی و هێزی کێشکردن، هەروەها کات تەنیا بەیەک ئاڕاستە دەڕوات ئەویش لە ئێستاوە بەرەو داهاتووە…
تیۆری کوانتەمیش ئەوەندەی تر مەتەڵی کاتی بۆ قورستر کردین و بەپێی تیۆری کوانتەم کات دەشێت لە ئێستاوە بەرەو هەردوو ئاڕاستە بڕوات کە ڕابردوو و داهاتووە، بەڵام ئەوە جێدەهێڵم بۆ کاتی قسەکردن لەسەر بیرۆزی کوانتەم، بە گشتی جارێ تێگەیشتنمان بۆ جیهانی کوانتەم ناتەواوە بۆیە نابێت سەدا سەد پشت بەهەموو لێکدانەوەکانی کوانتەم ببەستین کە هەمانە لە ئێستادا…
ئێستاش لەم کاتەدا لە سەدەی بیست و یەک، دوو پێناسە و لێکدانەوە هەیە بۆ کات، فیزیاناسان دابەش بوون بەسەر دوو بەرە کاتێک باس لە کات دەکەن…
بەرەی یەکەم دەڵێن کات بە جیا هەیە و هەموو ڕووداوەکان لە نێو دەریای کاتدا ڕوودەدەن، بەرەی دووەمیش دەڵێن کات لە نێو دەریای بوون و ڕووداوەکاندا سەر هەڵدەدات یان دەردەکەوێت و دروست دەبێت بەهۆی زۆربوونی ئەنتڕۆپی، واتە لەگەڵ زۆربوونی ئەنتڕۆپی کاتیش دروست دەبێت یان سەرهەڵدەدات…
هەرچۆنێک بێت کات ڕاستیە و بوونی هەیە جا ئەگەر ڕووداوەکان تیایدا دروست بن یاخود لە نێو دەریای ڕووداوەکاندا سەرهەڵبدات، من لەگەڵ بەرەی دووەمم و پێم وایە لێکدانەوەیەکی ڕاستترە و هەموو ئەوەی ڕوودەدات بە سەرهەڵدان و بوونی کاتیشەوە بەهۆی زۆربوونی ئەنتڕۆپیە…
زۆربوونی ئەنتڕۆپی چیە..؟
بە پێی یاسای دووەمی سەرمۆداینەمیک هەر سیستەمێکی داخراو وەربگرین لە گەردوون دەبینین ئەو سیستەمە بەردەوام بەرەو هاوسەنگیبوونی گەرمی دەڕوات، واتە گەرمی کە دەکاتە وزە لێی پەرش دەبێتەوە، ئەمەش واتە هەموو شتێکی گەرم هەر لە ساردبوونەوەدایە مەگەر لە ڕێگەی پێدانی وزە ئەوە بوەستێنرێت، ئەم دیاردەیە بە زۆربوونی ئەنتڕۆپی ناسراوە واتە زۆربوونی تێکشێوان و ئاڵۆزی لەنێو ئەو سیستەمە، دەتوانین هەر دۆخێکی نێو گەردوون بە سیستەمێک دابنێین بۆ نمونە هەسارەیەک، ئەستێرەیەک یان هەر شتێکی بچوکتر وەکو زیندەوەرێک یان هەر یەکە لە ئێمەی مرۆڤ، دەتوانین بە پێی ئەم یاسایە هەموو گەردوونیش بەیەک سیستەمی داخراو بشوبهێنین…
کەواتە بەپێی یاسای دووەمی سەرمۆداینەمیک کە بە یاسای زۆربوونی ئەنتڕۆپی ناسراوە هەموو سیستەمێک بەرەو تێکشیوان و زۆربوونی ئاڵۆزی دەڕوات و ئەمەش سیستەمەکە وەک ئەوەی هەیە لەناو دەبات و وەکو دۆخێک نایهێڵێت، بەڵام هەر بەپێی ئەم یاسایە هاتنە کایەوەی دۆخی نوێتر بەردەوام لە ئارادا دەبێت…
کەواتە بۆ وەڵامدانەوەی پرسیارەکەی سەرەوە ڕاستترە بڵێین زۆربوونی ئەنتڕۆپی بکوژی هەموو دۆخەکانە و خولقێنەری هەموو دۆخە نوێیەکانیشە نەوەک کات، چونکە منیش پێم وایە خودی کات بوونی نیە و نابێت بەبێ زۆربوونی ئەنتڕۆپی کە هۆکاری بوونی ڕووداوەکانە، هۆکاری سەرهەڵدانی کاتیشە…
Leave A Reply

Your email address will not be published.