سروودی خۆشەویستێکی تینوو

0
شیعری : عەبدوڵا سەڕاج
دەریا و ئاوە
زەوی، بۆ هەر لایەکی چووم
ڕووبار، تاڤگە و کانیاوە.
بەڵام خۆزگە…
ئەمزانی بۆچی وا تینووم
خۆشەویستم..
وەکو تۆوێک بەدەم باوە
لەبەیاری دڵێک وێڵە
هەرگیز نەکێڵراوە
کانی کە دەم ئەکاتەوە
خۆی تینووە
گەشکەی بینێکە
چۆڕێکی بخواتەوە.
لە سوورایی گوڵی هەنارا.
خۆشەویستیم لە گەرووی (دەشت) و
(قەتارا)
خۆی ئەنوێنێ
بۆیە وا هەردەم دەم لە
سەر هەڵدینێ
کۆلیتی هەژارا
لە دامێنی هەر خوانێک
برسێتی هەتیوێک
ئەچووم
لە دیدەنێێ هەر کانیاوێک
دەشتێکی تینوو چاوەڕوانە
لە هەر سایە و تارێکا
کە ڕەشەبای گیان هەڵ ئەکا
دیمەنی ڕەنگینم لەبەرچاوە
تابلۆیەک خۆشەویستی ناوە
دەریای بێ بن
گشت ڕووبار و سەرچاوەکان
تینووێتیم ناشکێنن
هەتا منداڵێکی برسی
خەوی کولێرەی جۆ بێ
من وشەکانم
لە چۆڵێکا وەکو ماسی
هەر دەم ئەکەنەوە بۆ سەراوێکی ون
بەری هەزار مەل ئەخوازم
دوور هەڵئەفڕم
لە هەر ئاوێک دڵٶپێ
لە هەر خەرمانێ دەنکێ گەنم
دێنم
لە سکی برسی..لە لێوی تینوو
ئەیان چێنم.
سەرچاوە : ئەم دەقە لە ڕۆژنامەی هاوکاری ژمارە ١٤٤ کە لە ڕۆژی ١ ی ١٢ی ١٩٧٢ بڵاوکراوەتەوە.
تێبینی : لەکاتی دووبارە تایپکردنەوەی شیعرەکە، هێناومەتە سەر ڕێنووسی ئەمڕۆ.
عبداڵلە سلێمان مەشخەڵ
Leave A Reply

Your email address will not be published.