حزبی شیوعی و هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکان

0

ئەنوەر نجمەدین

٢٨١ حیزب و لایەنی سیاسیی خۆی تۆماركردوە بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاكان. ٨٧ حیزبیش ژانی لەدایکبوون دەیانگرێت. ١٥ حیزبیش لە هاوپەیمانێتیدان.
حیزبی شیوعییش پێشناری لیستی هاوبەشی کوردستانیان دەکات لە کەرکوک:
ئەمە چی دەگەیەنێت جگە لە شەڕی عەرەبستانیان و کوردستانیان و تورکمانیستانیان لەسەر حیسابی شەقوپەق کردنی جەستەی پرۆلێتاریا و دابەشکردنی ئەو چینە بەسەر نزاعاتی برجوازیی نەتەوەیی و مەزهەبیدا؟
ئەمە چی دەگەیەنێت هەوڵ نەبێت بۆ بیربردنەوەی ئەرکە مێژووییەکەی چینە هەژارەکە و داپۆشینی هەموو ناکۆکیە چینایەتیەکان بەناوی حیزبی شیوعیەوە؟
ئەمە چی دەگەیەنێت ختووکەی گیانی ناسیۆنالیستانە نەبێت؟ چینە چەوساوەکە باش دەزانێت:
ئەوەی لە سەرمایەو سامان و نەوت و غازی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجە و بەسرە دەستیاندەکەوێت، هەر ئەوەیە لە ئەنجومەنە هاوبەشەکەی حیزبی شیوعی دەستاندەکەوێت لە کەرکوک کە شاردنەوەی لاوازیە لە پشت قەرەباڵەغیەوە و دەرخستنی گیانی ناسیۆنالیستانەیە بۆ حیزبە هاوپەیمانەکانی، ئیتر بەبێ ئەوەی بزانێت لاوازی ئەو لە دووریەوە هاتووە لە چینە پرۆلێتاریە هەژارەکە و ئەو معاناتە چینایەتیەی بەدەستیەوە دەناڵێنێت.
ئەمە لە پێناوی هیچدا نییە ئیمتیازاتی زیاتر نەبێت. ئەوان لەبری برەودان بەو هۆشیاریە چینایەتیەی دژی ئەم بارودۆخە سەریهەڵداوە، دەیانەوێت هەموو شتێک وا نیشان بدەن گوایە ئەمە ناکۆکی نێوان مەزهەب و نەتەوەکانە: شیعە، سوننە، کورد، عەرەب، تورکمان. نەخێر، هەرگیز.
هەرچی ڕوودەدات لە عێراق و کوردستاندا وەک ئێران و ئیسرائیل و فەرەنسا، ناکۆکی نێوان دوو چینی تێر و برسیە، دوو چینی دەوڵەمەند و هەژار، سەرمایەدار و پرۆلێتار کە ڕۆژبەڕۆژ کێشەکانیان قووڵتر دەبێتەوە. نە هەڵبژاردنی پارێزگاکان و ئەنجومەنی هاوبەش، نە هەڵبژاردنی پەرلەمانی، ناتوانێت چارەسەری قەیران و کێشە ئابووری و سیاسیەکان بکات.
تەنها یەکێتی خەباتی چینە هەژارەکە خۆی دژی هەموو حیزبەکان و دەسەڵاتە هاوبەشەکەیان، کەفیلە بە وەدیهێنانی ئامانج.
*ئەم بابەتە لەفەیسبوکی نووسەر وەرگیراوە.
٢ / ٨ / ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.