ڕاگەیاندنی شۆرای هاوکاری هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان سەبارەت بە جەنایاتی تیرۆریستیی ئەم دوایانەی سەلەفییەکان لە کوردستان

0
دوشەممە ۰۹-۰۵-۱۴۰۲ | 31-07-2023
هاوکات لەگەڵ شەپۆلی دەسگیرییەکانی ئەم دوایانە و کوشتنی دەستگیرکراوان لەژێر ئەشکەنجە و دەرکردنی ئەحکامی قورس دژبە بەندکراوان و تیرۆری نەیارانی کۆماری ئیسلامی لە کوردستانی عێراق، ڕەوتی کۆنەپەرستی سەلەفیش لەماوەی ڕۆژانی ڕابردوو لە شارەکانی سنە و سەقز بە ئەنجامدانی تاوانی تیرۆریستی بەئامانجی پەرەپێدانی کەشوهەوای ترس و تۆقاندن و دامرکاندنی فەزای ئیعتڕازیی کۆمەڵگای کوردستان، یارمەتیی کۆماری ئیسلامیی داوە.
ئەم تیرۆریستە ڕاسپاردانەی ڕژیمی ئیسلامی ڕۆژی پێنجشەممە ٢٩ی مانگی پووشپەڕ هێرشیان کردە سەر ماڵی کەریم قەوامی، یەکێک لە هونەرمەدانی شاری سنە و کوشتیان و ئەندامێکی بنەماڵەی ناوبراویشیان بریندارکرد. هەروەها ڕۆژی ٤ی مانگی گەلاوێژ لە شاری سەقز لاوێکی دیکەیان بەناوی فاروق ڕەشیدی کوشت.
پێشینەی قەمەکێشی و پێکهێنانی فەزای ترس و وەحشەت و تیرۆری ئەم باندە جەنایەتکارە لە کوردستان، ئەوانی وەک یەکێک لە پشتیوانانی کۆماری ئیسلامی، کردووەتە مەترسییەک لە بەرابەر خەبات و ناڕەزایەتیی ئازادیخوازانە و سێکۆلاری کۆمەڵگای کوردستان.
لە حاڵێکدا کە ڕۆژانە خەباتی بێپسانەوەی کرێکاران و خانەنشینان و مامۆستایان و توێژەکانی تری کۆمەڵگا لەئارادایە و خەباتی شکۆداری ڕۆژانەی ژنان و پیاوانی ئازادیخواز و بەرابەری تەڵەب دژبە پۆششی ئیجباری و دژبە گشت ڕژیمی ئیسلامی بەرەو ئاراستەیەک دەڕوا تا ئەم دەسەڵاتە سەرکوتگەرە بخاتە زبڵدانی مێژووەوە، تاوانکارانی سەلەفی دەستیان داوەتە ئەم تاوانە.
لەماوەی ساڵانی ڕابردوودا لە شارەکانی کوردستان، لەوانە لە شارەکانی سنە و مەریوان، ژنانی بوێر و باقیی خەڵکی شۆڕشگێڕ بە بەرەنگاربوونەوە بەرامبەر بەم پارێزەرانەی جەهل و خورافە، ناچار بە پاشەکشەیان کردن.
خەڵکی تێکۆشەری کوردستان!
ژنان و پیاوانی شۆڕشگێڕ!
بۆ جارێکی تر یەکگرتوو و یەکپارچە دژبە کردەوە و جەنایەتی ئەم ڕەوتە کۆنەپەرستە وەرنە مەیدان و پیلانگێڕییەکانی ئەم تاقمە تاوانکارە پووچەڵ بکەنەوە.
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان، وێڕای پرسە و سەرەخۆشی و دەربڕینی هاوخەمی لەگەڵ بنەماڵە و کەسوکار و دۆستانی کەریم قەوامی و فاڕوق ڕەشیدی، لەقاودان و ڕسواکردن و ڕووبەڕووبوونەوە لەگەڵ کۆنەپەرستانی سەلەفی لە کوردستان بە ئەرکی گرینگی خۆی دەزانێت و داوا لە هەموو تاک و ڕێکخراوە مرۆڤدۆست و سێکۆلارەکان و ئەحزابی سیاسی دەکات کە دژبە شەپۆلی تیرۆری ئەم ڕەوتە کۆنەپارێزە لە کوردستان تێبکۆشن.
بژی ئازادی، بەرابەری، دەسەڵاتی شۆرایی
مەرگ و نەمان بۆ کۆماری ئیسلامی
شۆرای هاوکاریی هێزە چەپ و کۆمۆنیستەکانی کوردستان
٥ی گەلاوێژی ١٤٠٢
٢٧ی جولای ٢٠٢٣
Leave A Reply

Your email address will not be published.