لەهەر شوێنێک ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی بەرزبۆوە، مافە سەرەتایەکان کەشایەن بە ژیان کردنن پێشێل دەکرێن!
دۆسی یەک ئامادە دەکرێت, هەموو هەفتەیە ڕۆژانی یەک شەمە .
وەڵامی بەشداربووان کە پێکهاتوون لە هەڵسوڕاوانی سیاسی ودەرونناس و کۆمەڵناس بڵاو دەکرێتەوە، ماڵپەڕی ئەڵتەرناتیڤی شورایی.
سەرنجتان ڕادەکێشێت بۆ پرسیارێک لەئێوەی بەڕێز هەلومەرجی کوردستان بەبارودۆخێکی دژواردا گوزەر دەکات، لەگەڵ ئەوەی بەردەوام بانگەشەی هەبوونی ئارامی دەکرێت لەلایەن دەسەڵاتەوە، بەڵام بەردەوام کردەوەی تاونکاری و خۆکوژی و کوشتن و تیرۆریستی لەباشووری کوردستان ئەنجام دەدرێت.
کە لەماوەی ساڵانی ڕابردوو هەروەها لەم سالیشدا ئەم کردەوەی تاوانکاری خۆکوژی وکوشتن وتیرۆرکردنانە درێژەی هەیە، بەتێڕوانینی بەڕێزتان هۆکار چی یە؟
ڕێگا چارەچی یە بۆئەوەی کردەوە تاوانکاری خۆکوژی وکوشتن و تیرۆریستی یەکان دووبارەو چەند بارە نەبێتەوە؟
ئامادەکردنی /ئاوات ڕەسوڵ و عمر چاوشین
*بەشیی دووەم

ئارام ابراهیم ئەتیست ، گەنجێکی کۆمۆنیست و چالاکوانی تۆڕەکۆمەڵایەتیەکانە، لەسەر ئەو بابەتە دەڵێت، پێم وایە سیستەمی سەرمایەداری هەرهەنگاوێکی دەنێت بۆ فراوانکردنی دەسەڵاتەکانی خۆی و تاکەکانی کۆمەلگە بەکار دەهێنێت لە درێژکردنی تەمەنی بەرژەندیەکانی. بەداخەوە زیاتریش لەو کۆمەڵگایانەی کەدواکەوتوون و تاکەکانی وەک پێویست رۆشنبیرنین هاوشێوەی کۆمەلگەی ئێمە .
سۆسیال میدیاش ئامرازێکە بۆ فراوانکردنی دونیا بەڵام ئێمە ئەرکی سەرەکیمانە وریا کردنەوی کۆمەلگە لەئەستۆبگرین ،بەلام نابێت بیرمان بچێت سۆشیال میدیا بەرهەمی سیستەمی سەرمایەداریە و دەبێت بزانین ئەو سیستەمە چۆن لەو رێگە دەتوانیت کاڵاکانی ساخ بکاتەوە وەک بازاڕێک کە لەخزمەتی چینی سەرودابێت ،
وە سۆسیال میدیاش پلات فۆرمێکە لەوێشەوە ئیسلامیەکان دەتوانن سیاسەت بکەن و توندو تیژی دینی بڵاوبکەنەوەو ناسیۆنالیستەکان و قەومیەکان ژەهری شەرمەزاری خۆیان بڕێژن و بەرژەوەندیەکانیان بەکۆمەڵگەدا پەخشبکەنەوەو سۆشیال میدیا ئەوکاتە ببێتە وێستگەی بەرەو دواوە گەڕانەوەی کۆمەلگە .
لەسەر توندو تیژی لە میدیاو سۆشیال میدیادا زۆر نمونەی زیندو بەرچاومان هەیە ، من و هاوبیرەکانم بەدەیان جار هەڕەشەی سەربڕین و لەت وپەتکرانمان لێکراوە.
نمونەی زیندووتر یەکێک لەوانە خواناس بوو لەچەمچەماڵ کە بوو بە قوربانی توندو تیژی ئاینی و بکوژانی هەر لەڕێگەی سۆسیال میدیاوە هاندراوەو وتارەکانی ملاتوندڕەوەکان و بانگخوازەدینیەکانی گوێلێبووە بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە تیرۆریستیە ، دیارە ئەوەی کە زیاتر ئەو بکوژە هاندەدات ئەم کارە بکات ، وتارە تووندو تیژ و جەرگ برەکانی مەلاکانە . مەلاکان و کەسە دینیە تووند ڕەوەکان خەلکانی ساویلکە و نەفام هاندەدەن تاکو خەلکانی ئازادیخوازو بێ تاوان لەبەرچاوی دونیا قەتڵعام بکەن . بۆ رێگری گردنیش لەم جۆرە تیرۆر کردنانەو بەرگرتن بە ڕەشەکوژی، باشترین رێگە بریتیە لە رێگری کردن لە مەلاکان، نە لە مینبەری مزگەوتەکانەوە لە نە سۆسیال میدیاوە رێگە یان پێنەدرێت لەم جۆرە وتارانە بلاو بکەنەوە کە بۆنی خوێن و کوشتن دەدات.
دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردی حزبە قەومیەکانی عیراق ژیانێکیان بە مانەوەی ئیسلامیەکەنەو تەمەندرێژیان لە باوەشی یەکتریدایە. یەکێتی نیشتیمانی لەداخی پارتی چەندحزبێکی ئیسلامی دەلاوێنێتەوەو پارتیش لەبەر یەکێتی چەند بانگخوازو لایەن و ڕێچکەیەکی ئیسلامی کردوەبەموچەخۆری خۆی و وەک هار بەریانداونە کۆمەڵگەوئازادی خوازان و لەبەراوی ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و un و دونیا خەڵک بەڕۆژی ڕوناک دەفڕێنن و دەکوژن کەس پێیان ناڵێت بۆوادەکەن.
بۆ ئەوەی دەسەڵات و ئیسلامیەکان دەمکوت بکرێن پێویستە حزب و لایەنە مەدەنیەکان و کۆمۆنیستەکان لەبازنەی پەرتەوزەیی ودوبەرەکی بێنەدەرەوەو ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنیش خۆیان وەک دوکانی کاسبی سەیرنەکەن و ڕۆشنبیران و ئازادی خوازان بەرەیەکی دژی ڕەشەکوژی لوت شکێن پێکبهێنن و ئەرکی وریاکردنەوەی کۆمەڵگەیان لەئەستۆیە.

ڕێڤان جاف /نوسەر لە وەڵامی پرسیاری ئەم جارەی دۆسی یەی ئەڵتەرناتیڤی شورایی دا دەڵێت :
هۆکار زۆرن بەڵام بە بۆچوونی من نەبوونی سیستەم و تەبایی و ئاشتی نێو باڵەکانی سیاسەت و حوکمداری و بەڕێوەبردن و بەرپرسیارێتی توند و پتەویی خەمخۆخۆرانە و دڵسۆزانەی دروستکەر و هۆشیاریی و ئاگایی تاک و کۆمەڵگە هۆکاری سەرەکین، ڕێگەچارەی بنەڕەتیش پیداچوونەوەی ئەو هۆکارانەیە کە باسم کرد و هەوڵ و کۆشش بۆ کەمکردنەوە و بنەبڕکردنی هۆکارە ڕوخێنەر و لەناوبەرەکان و ڕۆچوون و تەقەلای زیاتر بە نێو هۆشیاری و ئاگامەندی تاک تا تاکێکی بە ئیرادە و سەربەست و بەتوانایی دروستکەر و داهێنەری بەرپرس بێتە ئاکام.

چرۆ عمر لەسەرهەمان دۆسی یە دەڵێت: سوپاس بۆ بەگرنگ وەرگرتنی ڕاو سەرنجی من. لەڕاستیدا خۆکوشتن و کوشتن لەهەموو دونیا وەک حاڵەت هەیە لەهەندێک ووڵاتی ئەوروپاش دەچێتە سەرو حاڵەتەوە، نازانم و دڵنیانیم ئاخۆ ئامارێکی وورد لە بەردەستدایە بۆ ئەوەی ئەو دیاردەیە لە حاڵەتەوە بووبێتە دیاردە.
دیارە ئەوەی سۆسیال میدیا دەیکاتە هەڵا دیاردەنیە، بەڵکو ئاماری وورد دەتوانێت ئەوە پشت ڕاست بکاتەوە.
