دوایی چوار ساڵ، چوار پرسیاری سادە لە ( پەرلەمان )

0
– چەند (فلس) لە داهاتی تاڵانکراوی خەڵکتان گەراندۆتەوە بۆ کاسەی گشتی؟! چەند کەس و بەرپرس لەسەر گەندەڵی و تاڵانی سامانی گشتی، بەرەو ڕووی لێپرسینەوە و سزا کراونەتەوە ؟! لەکاتێکدا هەرێم لەریزبەندی حکومڕانە نا شەفاف و گەندەڵەکان، پلەکانی سەری سەرەوەی گرتووە !
– بکوژانی رۆژنامەنووسان و خۆپیشاندەران و خەڵکانی نارازی لەبەرچاوی هەمووانەوە دێن و دەچن، گەیشتۆتە رادەیەک شارو شارۆچکەیەک نەماوە لە کوردستاندا چەندین گەنجی بوێر لەسەر ئازادی و عەدالەت بەدەستی دەسەڵاتی سەرکوتگەرانی کوردستان گوللەباران نەکرابێت، لێپرسینەوەتان لە چەند چەکبەدەست و تاوانکار کرد ؟!
دەیان تاوانی ئاشکرای کوشتن و رفاندن و زیندانی بەبەڵگەی رۆشنەوە لەبەردەستابێت،جگە لەهاشوهوشی فەیسبوک و سۆشیال میدیا، یەک دانە تاوانکار لێپرسینەوەیان لێنەکرێت، حەقە بپرسین،ئایا ئێوەش بەشێک نەبوون لە درێژەدان بە دەزگای داسەپاندنی تیرۆریزم و ستەمکاری ؟!
– لەماوەی ئەو چوار ساڵەی ئێوە بوون بەدەمڕاستی خەڵک، چوار وەجبە لە گەنجان لە زانکۆکان دەرچوون، کچەکان گەڕانەوە چوار دیواری ماڵ و لەچاوەڕوانی قەدەرن کوڕەکانیش بۆ دەربازبوون لەو جەهەنەمە، بەشێکیان لەئاوەکان بوونە خۆراکی قرشەکان، ئەوانیتر لەبێکاری و بێهیوایی لە سەهۆڵە و ئیسکان بەدوای رێگای دەربازبووندا دەگەڕێن، میکانیزمەکانی فشارتان کامانە بوون بۆ ناچارکردنی ئەندازیارانی (چاکسازی و ئارامی ) بۆ خستەنە سەرکاری ئەو گەنجانە ؟ ئایا ئێوەش بەشێک نەبوون لە ماکینەیەکی گەورەی بێهیوایی و بێ ئومێدی لەم کۆمەلگایە ؟!
– هەمووتان بیرتانە لەماوەی ئەو چوار ساڵەدا، دادگا و دەسەڵاتی قەزائی گەورەترین سوکایەتی پێکرا، دادگاکان بوونە شوێنی تۆڵەکردنەوەی ئەو کەسانەی رۆژێک (نا)یان ووت و نووسی!
هێزە چەکدار و ئەمنیەکان هێزی ترسان وتۆقاندن و مخالفینی دەسەڵات بوون و هەر رۆژێک لەژێر بەهانەیەک پەلاماریاندەدا.
دوایی چوار ساڵ حەقە خەڵکی کوردستان لێتان بپرسێت، لەکوێی ئەو بەربەریەتە وەستاونەتەوە ؟!
کامانەن هەنگاوەکانتان بۆ ڕاگرتنی ئەو ئاماژە مەترسیدارەی دەسەڵاتدارێتی ؟! لینک و ڤیدیۆی نمایشی سەر شاشەکانمان بۆ دامەنێن، رەتکردنەوەی پارچەیەک لە کێکەکە مەفرۆشنەوە بەو هەموو دڵسۆزییەی خەڵک، خەڵکی کوردستان هۆشیارە و لەوە گەیشتووە شوێنی کار و فشاری ئێوە کوێبوو و دەبوایە چی بکەن !
دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و مشەخۆر و تاڵانکەر و ستەمکار، ناتوانێت رۆڵی خراپی ئەو پەرلەمانەمان بیربباتەوە لە بێهیوایی خەڵک و وورد و خاشکردنی هەرچی ئومێد و ئارەزوو لەدڵی گەنجان و لاوان و مناڵان و پیر و پەککەوتەکان، ناتوانێت ئەو دیمەنە ناشیرینەمان بیربباتەوە، لەناو سەما و چەپڵەرێزاندا دەیانوویست بۆقمان بە کەناری پێ بناسێنن .
بەشدار عوسمان
28\7\2023
Leave A Reply

Your email address will not be published.