ئێمە لە کۆمەڵگایەکدا دەژین کە عەشق تێیدا کاری نەکردەیە

0
من باس لە نامومکینی عەشق دەکەم. ڕاستی جەنگ ئاسانترین کارێکە لە خۆرهەڵات دەیکەین و عەشق سەختترینیانە.
ئەوەی لە تەواوی کارەکاندا پێداگری لەسەردەکەم ئەو بەربەستە گەورانەی بەردەم عەشقە. بەربەستەکان تەنیا بەربەستی کۆمەڵایەتی و سیاسی و دینی نین، بەڵکو بەربەستی دەرونیشن، ئینسانەکان ئامادگی عەشقیان تێدا نییە، یان عەشق وەک کەرەستەی ئەشکەنجەدانی خۆیان و ئەوانیتر بەکاردەهێنن.
لە نێو کورددا تا ئازارمان زۆرتر بێت خۆمان بە عاشقتر دەزانین، خۆشەویستی وەک پرۆسەی خۆوێرانکردن و ئەویدی وێرانکردن سەیردەکەین. پرسیاری سەرەکی «کۆشکی باڵندە غەمگینەکان» ئەوەیە، مرۆڤەکان لە جۆرە ژینگەیەکی وەهادا، لە جۆرە شارێکی وەهادا چەندە ئامادەن بۆ عەشق، هەستەکانیان چەند ڕاستگۆ و جێگرە و لە تێگەیشتنەوە هاتووە.
عەشق شتێک نییە لە دەرەوەی کێشەکانی تر قسەی لەسەر بکرێت. کێشەی گەورەی ئەدەبیاتی خۆرهەڵاتی لەوەدایە، هەمیشە عەشقی وەک دۆخێکی میتافیزیکی، ڕۆحی، دابڕاو لە ڕەهەندەکانی دیکە تەماشاکردوە. عەشق وەک حاڵەتێکی سۆفییانە، وەک جۆرە شێتییەک کە یەکێک بۆ مەحبوبە هەیەتی. شیعری خۆرهەڵاتی بە گشتی زۆر فۆکەسی خستۆتە سەر شەیدابوونی عاشق بۆ مەعشوقەی خۆی، بەجۆرێک لە ئیفتیخارەوە عەشق و شێتی پێکەوە گرێدراون، لەیل و مەجنون، شیرین و فەرهاد، شەم و وەلی دێوانە نمونە بەرجەستەکانی ئەو پەیوەندییەن، شێتبوون وەک پلەیەکی باڵای عاشق بوون. ئێمە ئەو پرۆسەی خۆوێرانکردنەمان ناوناوە عەشق.
بە گشتی دەمەوێت بڵێم، کۆمەڵگایەک ئازادی تێدانەبێت، عەشقیشی تێدا نییە. عەشق لە ئەدەبدا تەنیا گێڕانەوەی وابەستەبوونێکی عاتیفی ڕووت نییە بە بابەتی عەشقەوە، بەڵکو دەرگایەکە بۆ ڕوانین لە ناخی ئادەمیزادەکان، لە ناخی کۆمەڵگا.
سەوسەن گوڵدانچی لە کۆشکی باڵندەکاندا پێی وایە، مرۆڤ ناتوانێت گەر جیهانی نەبینیبێت لە عاشق بوونی خۆی دڵنیابێت. عەشق بە هەموو پێودانێک سەختە، چونکە دەتوانین وەک پێوەری ئازادی مرۆڤ تەماشایبکەین و وەک پێوەریش لەسەر توانای مرۆڤەکان لەسەر تێگەیشتن لە مرۆڤەکانی دی تەماشایبکەین.
عەشق چارەسەری هیچ کێشەیەکی قووڵ و گرنگ ناکات، بەڵام کۆمەکمان دەکات زیاتر لە مەحاڵە گەورەکانی ژیان و کۆمەڵگا تێبگەین. عەشق بە کۆمەڵێک وەهمی ترسناکەوە گرێدراوە، خراوەتە بری عەقڵ، خراوەتە بری ئازادی، خراوەتە بری چارەسەری کێشە دەرونییەکان.
من هەوڵدەدەم شتێک لەو وەهمانە بڕەوێنمەوە. ئێمە بە جۆرێک عەشق بە باری قورس باردەکەین، جگە لەوەی تێکبشکێت ڕێگایەکی تری لەبەردەمدا نامێنێتەوە.
“بەختیار عەلی”
چاوپێکەوتن لەگەڵ مەریوان هەڵەبجەیی دەربارەی شاری مۆسیقارە سپییەکان
لە كتیبی « وەک دەریایەک پڕ لە نهێنی »
Leave A Reply

Your email address will not be published.