چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی ڕانیە هاوپشتی خۆیان بۆ شێروان شێروانی و هاوڕێ کانی دەربڕی

0

ئەڵتەرناتیڤی شورایی /تایبەت

دوای نزیک بونەوەی کۆتایی حوکمی زیندانی ڕۆژنامەوان و چالاکوانان (شێروان شێروانی) دوبارە دادگای هەولێروەک دەگوترێت حوکمەکەی بەناحەق بۆ چوارساڵی تر درێژکرایەوە. بەو هۆکارەو هاوپشتی نوێکردنەوە بۆ شێروان شێروانی ،

کاتژمێر 5:30خولەکی ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 22/7/2023 ڕۆژنامەنوسان و چالاکوانانی قەزای ڕانیەودەوروبەری گردبونەوەیەکیان ساز کرد .

لەوچالاکیەدا چالاکوانانی کۆمەڵگەی مەدەنی پشتگیری خۆیان بۆ شێروان شێروانی و هاوڕێکانی لە سجنیدا دوپاتکردەوەو دەسەلاتی کوردی و دادگای بارگاوی بەحزبیان شەرمەزارکرد.

دەقی بەیاننامەی چالاکوانان و ڕۆژنامەنوسانی ڕانیە

……………… ……………

هاوڵاتیانی ئازادیخوازی کوردستان…

جەماوەری خاوەن‌هەڵوێست…

وەک لای هەموان ئاشکرایە، دوێنێ دادگای کەتنی هەولێر، دوور لە هەموو بەها یاسایی و مرۆییەکان، بە چاوپۆشی لە هەبوونی دەیان کونسوڵخانە و ناوەندی جیهانی، لەناو پایتەختی هەرێمی کوردستاندا، حوکمی چوار ساڵی دیکەی زیندانیی، بۆ شێروان شێروانی درێژکردەوە؛

ئەمە لەکاتێکدایە، بەپێی گەواهی ئامادەبوانی هۆڵی دادگا، تەواوی پڕۆسەی دادگاییکردنەکە و هەموو ئەو تۆمەتە بەتاڵ و پووچەڵانەی، زۆر ناشارەزایانە هەڵبەسترابوون، لە سینارۆیەکی بێتام و شانۆگەریی هونەرمەندێکی بێ‌ئەزموون دەچوون، کە بۆ ئێمە زۆر ڕوونە نووسەر و دەرهێنەرەکەی کێیە؟

ئەم ڕقە ڕەق و قووڵەی لە سەری دەستڕۆیشتوانی ئێستای حکومڕانیی هەرێمدایە، بەرانبەر بە چالاکوان و دەنگە دلێرەکانی بادینان، ڕەنگە ببێتە هۆی گرتن و ئازاردانی چەند کەسایەتییەکی ئەو دەڤەرە سەربڵندە، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ژیلەمۆی ئازادی و کەڵکەڵەی بیری شۆڕشگێڕانەی تاک‌بەتاکی ئەو خەڵکە جوانمێر و جوانخاسە، خەفە بکات.

ئێمە لێرەوە، لە ڕانیەی دەروازەی ڕاپەڕینەوە، پەیامی هۆشیاربوونەوە و ڕاچڵەکین دەدەینە ئەو عەقڵییەتەی کە هەر دوێنێ و هاوکات لەگەڵ ئەو حوکمە توند و تاکڕەوانەیەی بە سەر شێرواندا سەپاندیان، لەسەر مێزی تەنازول و لە عەرشی عیراقی، دنیایەک سازش و خۆچەمێنیان بۆ بەغدا و دەسەڵاتی ئێستای شیعەی عیراقی کرد، بەمەش دیسان دەچینەوە بیری بەیتە بەناوبانگەکەی نالیی شاعیر، کە دەفەرموێت: دەچێ بۆلای ڕەقیب خۆشە،

وەلی ئەو داخە کوشتوومی لەکن من چەندە مەغرورە و لەلای ئەو چەندە مەجبوورە بۆیە دەڵێین، دەسەڵاتدارانی حکومەتی ماوەبەسەر چوو لەرێگەی دادگا دەستەمۆکەیانەوە لە ھەولێر، لە کەسایەتی شیروان شێراوانیدا، دژایەتی خۆیان بۆ رۆژنامەنووسانی ئازاد و ڕای ئازاد نیشاندایەوە و شەرمەزاریەکی دیکەیان خستە سەر خەرمانی کارەنایاسایی و حوکمڕانییە گەندەڵەکەیان.

هەروەک ئاشکرایە دەستوەردان لە دادگا و سازکردنی سیناریۆ و دۆسیەی ناڕەوا، بووەتە جێگەی گاڵتەجاڕی و چەندین جار لەلایەن رێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و یۆنامی و کۆنسوڵی وڵاتانەوە لەسەر ئەو دەستێوەردان و پێشێلکاریانە هۆشدار کراونەتەوە، بۆیە لەسایەی ئەم دەسەڵاتەی کە ھیچ شەرعیەتێکی نەماوە و تەنھا کار و کات بەرێدەکات، بەرۆژی ڕووناک تیرۆری ئازادیخوازن دەکرێت، قاچاخچیەتی و گەندەڵی و خیانەت و خاک فرۆشی دەکرێت و هیچ کەسێکیش نادرێت بەدادگا بەڵکو دەپارێزرێن و ئازادانە دێن و دەچن.

لەم میانەدا و لە پەیوەست بەدۆسیەی شێروان شێروانی و ھاورێیانی لەزیندانی ھەولێر، وەک ئەرکێکی ئەخلاقی و یاسایی پێویستە لە دادگای تێھەڵچونەوەدا ئەو بریارە ناداد پەروەرانەیە، ھەڵبوەشێنرێتەوە بەوەش دەتوانرێت لانیکەم ئەو شەرمەزارییە کەم بکرێتەوە کە دادگاکان بەسەریاندا سەپێنراوە ـ بۆ ئەوەش داوا لە دادپەروەران و پارێزەرانی خاوەن‌ھەڵوێست دەکەین ڕۆڵی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان بگێرن؛ هەروەها داوا لە دەستڕۆیشتوانی دادگاش دەکەین، ئەم تێهەڵچوونەوەیە وەکوو دەرفەت ببینن بۆ سپیکردنەوەی ڕووی دەسەڵاتی قەزائی و گێڕانەوەی متمانە بۆ ئەو شیعارەی ناونراوە “سەروەریی یاسا” لەگەڵ ئەوەشدا ئێمەی هاوسۆزانی شێروان شێروانی، بەردەوام دەبین لەسەر دروستکردنی فشار و گرتنەبەری ڕێگای مەدەنیی جیاواز، هەتا گەیشتن بە ئامانجە باڵاکانی گەلەکەمان،

کە پرسی ئازادیی ڕادەربڕین و ڕەخساندنی بوارێکی فرانتر بۆ مێدیا،

لە پێشینەی کارەکانمان دەبێت سەرکەوتوو بێت ئیرادەی گەل

فراوانتر بێت بەرەی ئازادیخوازان چالاکوانانی شاری ڕانییە و دەوروبەری

Leave A Reply

Your email address will not be published.