ڕیکلامی سیاسی لەناو ناڕەزایەتی خەڵکدا !

0
ئاوات (عبدالرحمن رسول )
پێش ئەوەی خەڵک بێتە سەر شەقامەکان خواست و داواکارییەکانی بەرزبکاتەوە ،حیزبەکانی کۆمەڵگا ناچنە ناو خەڵک بەگشتی وبەتایبەتی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش ،گوێ لەناڵەو داواکاری و پێشنیارەکان ناگرن !
کاتێکیش دەچنە ناو خەڵک بۆئەوەی ستایشیان بکەن و داوایی پشتگیری لەخەڵک دەکەن کەدەنگیان پێبدەن دواتر دەچنە پەرلەمان و ناوحکومەت و دەبنە بازرگان و سەرمایەداروخاوەن باخ و کۆمپانیا بەناوی نوێنەرایەتی خەڵکیشەوە قسە دەکەن .
دواتر ڕێکخراوێکی خێرخوازی دەکەنەوە بۆ تێکشکاندنی ئیرادەی ئینسانی خەڵکی کرێکاروزەحمەتکێش بۆئەوەی بچمێتەوە لەبەردەم حیزبەکەیدا وسوپاس گوزاری بێت بەهۆی ئەوەی کە کەمێک پارەی دزراوی خەڵک وەکو خێروسەدەقە داوێتی پێی .
بۆ ئەوەی ئەو بەبڕە پارەیەی کە وەک خێروهاوکاری پێیدەدات بەجۆرێک شکۆی ئینسانی بشکێنێت هەرگیز بیر لە ڕێکخراوبوون وتێکوشانی شۆڕشگێڕانە نەکاتەوە لەبەرامبەر ئەوسیستەم و دەسەڵاتە چەوسێنەروبێ ڕوحمەی کەئەم حیزبەی ئەوبەرپرسە دەسەڵاتدارە یان بەرگری لەمانەوەی هەمان جۆر سیستەم ودەسەڵات دەکات کە کۆمەڵگا زیاتر ئاراستەی چەوسانەوەی جهەنەم ئاسا دەکات .
ماوەی چەندەها ساڵە چەندین هەڵبژاردن دەکەن وئەم حیزبانە بەدەسەڵاتداروبەناو ئۆپۆزیسیۆنەوە بەخەڵک دەڵێن دەنگمان پێبدەن کوردستان بەرەو بەهەشت ئاسا ئاسوودە دەکەین .دوایی هەڵبژاردن زیاتر بەرەو قوڵایی جهەنەم و چەوسانەوە ونایەکسانی و سەرکوتی زیاتر دەچێت کوردستان.
هەریەکە لەبەرپرسی حیزبەکانیش دەڵێت ئێمە جیاوازیین لەوانی تر سەرجەم نەهامەتی و کێشە هۆکاری جهەنەم بوونی کوردستان نیش دەگڕێتەوە بۆ حیزبەکانی تری جیاواز .
دروست ئەوەیە حیزبەکانی دەسەڵات و هەردوو بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی بەهاوکاری حیزبە دروستکراوەکانی پاراستن وزانیاری ئەم بارودۆخە ناخۆش وپڕ لەچەوسانەوە و سەرکوت و نایەکسانی یەی لەکوردستان بەرهەمهێناوە .
ئەبێت ئەو ڕاستی یەش فەرامۆش نەکەین کە حیزبەکانی تریش کە لەژێر هەرناوێک دابێت ئایینی ونەتەوەی و چەپ بێت یان ڕاست و لیبڕالی بێت بەرپرس وهاوکاری مانەوەی ئەم بارودۆخە ناخۆش ودژوارەن کە بەرگری لەمانەوەی هەمان جۆر سیستەم ودەسەڵاتی بنەماڵەیی بارزانی وتاڵەبانی دەکەن و بەناوی یەکگرتووی نەتەوەیی ونیشتمانی چی و دیوەخانەکانی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی دەڕازێنەوە بە ووشەکانیان وشاباشی سەربەخۆی کوردایەتی و دەوڵەتداری وحکومەتداری و مانەوەیان بۆلێدەدەن.
بەبێ ڕاماڵین وڕووخانی سیستەم ودەسەڵاتی بنەماڵەکانی بارزانی وتاڵەبانی نەڕیفۆرم و چاکسازی بەرەو گەشەدانی کوردستانێکی باشترو ئازاد بەدی دێت نە بەهیچ شێوەیەکیش دەوڵەتی دامەزراوەیی شارەستانی ومەدەنی لەکوردسان دادەمەزرێت.
لەبەرئەوەی ئەوەی هەر دوو بنەماڵەکەی بارزانی وتاڵەبانی لەڕوویی دەسەڵاتدارێتی یەوە هەڵدەوەرن و نامێنن بەهەبوونی دیموکراسی و ڕیفۆرم وچاکسازی و دامەزراوەکانی دەوڵەتداری وحکومەتداری مەدەنی وشارەستانی.
هەرکاتێکیش کەباسی کوردایەتی و دەوڵەتی کوردی ویەکگرتووی هەر چوار پارچە وسەربەخۆی کوردستان دەکەن ئەو دوو بنەماڵەیە وەک کاڵایەکی بازرگانی بۆ مامەڵەی قۆرخکاری دەسەڵاتدارێتی ئابووری وسیاسی ئەوە دەکەن ،دەنا هەرگیز نەخۆیان و نەباوک ونەباپیرانیشیان باوەڕیان بەسیستەمی دەوڵەتداری ودامەزراوەیی مەدەنی نەبووە.
هەر حیزبێک و کەسایەتێکیش بەرگری لەمانەوەی سیستەم و دەسەڵاتی بنەماڵەی بارزانی وتاڵەبانی بکات بەهەر شێوەیەک بەشدارە لەسەرجەم تاوانکاری دزی وگەندەڵی وچەوسانەوه و سەرکوتگەرییەکان.
کەوایە چارەسەر ::
لەگەڵ هەبوونی ناڕەزایەتی وداواکاری ڕەوایی خەڵک پێویستمان بە ئەڵتەرناتیڤکی ئینسانی یە بۆئەوەی ئەم خواست و داواکارییە ئینسانییانە بەرەوبەدیهێنان بەرین .
بۆئەوەی خواست و داواکارییەکان لەسەر ڕەفە و میزەکان کۆن نەبن و تۆزیان لێ نەنیشێت دەبێت ناڕەزایەتی یەکان ڕێکخراوبکرێن لەناو بزوتنەوەی جەماوەری دا .
لەهەرکاتێک کە ناڕەزایەتی شارێک یان ناوچەیەک ئەنجام دەدرێت پاش چەند ڕۆژێک پەیتا پەیتا بەرپرس وکادیرەکانی حیزبەکان خۆیان دەگەیەنە سەکۆی جەماوەری ناڕەزایەتی یەکان و ووتاری پشتگیری لەبەردەم تەلەفیزیۆنەکان بڵاودەکەنەوە ،بەحیسابی خۆیان ئەوان دڵسۆزترین کەس و حیزبن کە پشتگیری خواست وداواکاری خەڵکی ناڕازی دەکەن .
سەرئەنجام دوایی چەند ڕۆژێک خواست وداواکاری خەڵک هیچ هەنگاوێک نەچۆتە پێشەوە بۆئەوەی جێبەجێ بکرێت .
لەئێستایی ناڕەزایەتی خەڵکی شاری کفری دا هەروەک ناڕەزایەتی شارەکانی کۆیە و ڕانیە و قەڵادزێ ودەربەندیخان و هەڵبجەو …..هیتد ئەندام پەرلەمان و بەرپرس وکادیرانی حیزبەکان ووتاریان بڵاوکردەوە بەڵام خواست و داواکاری خەڵکی ناڕازی هیچ هەنگاوێک نەچۆتە پێشەوە لەوەی کە خواستەکان ئاسۆیەکی ڕۆشەنیان هەبێت بۆ جێبەجێکردن.
لەساڵانی ڕابردوو لەچەند شارێک بەداخەوه گەیشت بەوەی قوربانی درا چەندین کەس لەگەنجان ولاوان کوژران وبرینداربوون بەڵام نەکەس سزا درا لەدادگاکان بەهۆی ئەنجامدانی تەقەو کوشتن نە خواستەڕەواکانی خەڵکی ناڕازی جێبەجێ کرا !
کاتێک بەرپرسی حیزبێک دەچێت ووتار دەدات تەنها وەک ڕیکلامی سیاسی و ڕیکلامێک بۆ خۆدەرخستنە هەرکاتێک کە ئەو بەرپرسە ڕۆڵی نەبێت لەئاراستەی حۆپیشاندانەکان بەرەو گەشەدانی ڕێکخراوی خەڵکی ناڕازی بەئامانجی هێنانەدی ئامانجەکانی .
هەنگاوە دروستەکە ئەوەیە گەنجان ولاوان و خەڵکی ناڕازی شاری کفری و شاروشارۆچکەکانی تری کوردستان بەبێ وەستان هەنگاو بنێن بە هێنانەکایەوەی بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە خواستە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی بەگشتی و بەتایبەتی ئامانجە چینایەتی یەکانی خەڵکی کرێکارو زەحمەتکێش وبێکاران لەخۆبگرێت .
هێنانەکەوە بزوتنەوەیەکی جەماوەری کە خاوەن ئەڵتەرناتیڤی ئینسانی خۆی بێت دەتوانێت قۆنابەقۆناغ نەخشە ڕێگای خۆی بەئاسۆیەکی ڕۆشەنی ئینسانی یەوە بەتێکۆشانێکی یەکگرتووانەی جەماوەری بەرێتە پێشەوە و چیتر حیزبەکانیش نەتوانن یاری بە خواست و هەست وداواکارییە ڕەواکانی خەڵکی ناڕازی بکەن .
Leave A Reply

Your email address will not be published.