ڕاگەیاندراوی ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران لەبارەی تێرۆری ئەندامێکی حیزب لە شاری هەولێر

0
کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان!
ئەندامان و لایەنگرانی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران!
ئەنجومەن و ڕێکخراوە مرۆڤدۆستەکان!
بەداخ و کەسەرەوە ڕادەگەیەنین ئەندامێکی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوی سیامەند شابۆیی، کوڕی قادر، لەدایکبووی ١٣٦٥ی هەتاوی، خەڵکی گوندی شاوانێ سەر بە شاری شنۆ، بەدەستی مرۆڤکوژ و بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامیی ئێران تێرۆر کراوە.
سیامەند شابۆیی کە لە دوێنێ‌ سێشەممەوە دیار نەمابوو، دوای ئاگادارکردنەوەی لایەنە پێوەندیدارەکان و گەڕان بەدوای ناوبراودا، بەداخەوە دوانیوەڕۆی چوارشەممە ٢١ی پووشپەڕ تەرمی بێ‌گیانی لە دەوروبەری شارۆچکەی بەحرەکە لە نیزیک هەولێر دۆزرایەوە.
تێرۆری کاک سیامەند شابۆیی لە نیزیک هەولێر لە کاتێک‌دایە کە ڕۆژی هەینی، ١٦ی پووشپەڕیش دوو ئەندامی دیکەی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران بە ناوەکانی لوقمان ئاجی و عادڵ موهاجیر (ناسراو بە سەرباز) لە گوندی هەڵشۆی سەر بە شاری قەڵادزێ بە دەستی تێرۆریستەکانی کۆماری ئیسلامی شەهید کران.
وێڕای مەحکوومکردنی ڕفاندن و تێرۆری هاوڕێمان کاک سیامەند شابۆیی بەدەستی بەکرێگیراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران، داوا لە دەوڵەتی عێراقی فیدراڵ و حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین ڕێگا نەدەن جارێکی دیکە و وەک پێشوو ڕێژیمی تاران ئەم وڵاتە بکاتە مەیدانی تەڕاتێنی تیمە تێرۆریستەکانی و تیرۆریزمی دەوڵەتیی کۆماری ئیسلامی دیسان ببێتەوە هەڕەشە بۆ سەر گیانی تێکۆشەرانی سیاسی و ئەندام و لایەنگرانی حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان.
بۆیە بەتایبەت داوا لە لایەنە سیاسی، ئەمنییەتی و یاساییەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان دەکەین لە پێوەندی لەگەڵ ئەم کردەوە تێرۆریستییانەی کۆماری ئیسلامیی ئێراندا بێ هەڵوێست نەبن و بە گرتنەبەری ڕێوشوێنی ئەمنییەتی و یاسایی هەم بکەرانی ئەم جینایەتانە لەقاو بدەن و هەم ڕێ لە دووپاتبوونەوەیان بگرن. هاوکات داوا لە وڵاتان و کۆڕ و کۆمەڵە سیاسی و مرۆڤدۆستەکان و ڕێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ دەکەین ئەم تاوانە تێرۆریستییانەی ڕێژیمی کۆماری ئیسلامیی ئێران مەحکووم بکەن و بە گوشارخستنە سەر رێژیمی ئێران تێچووی کردەوە تێرۆریستییەکانیان لەسەر زیاد بکەن.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران وێڕای دەربڕینی داخ و کەسەری خۆی سەبارەت بە ڕووداوە دڵتەزێن و خەمناکە، سەرەخۆشی لە بنەماڵەی شەهید سیامەند شابۆیی، کەسوکار و هاوڕێیان و هاوسەنگەرانی دەکات.
نەفرەت لە تێرۆر و ڕێژیمی تیرۆریست‌پەروەری کۆماری ئیسلامیی ئێران.
ناوەندی تەشکیلاتی حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران
٢١ی پووشپەڕی ١٤٠٢ی هەتاوی
Leave A Reply

Your email address will not be published.