دەبێت ئەو ئەقڵە کورتە نۆژەنبکرێتەوە، نەک ئەو کەلاوەیە!

0

١– پەرلەمانتارێک نووسیبووی ئەو کەلاوەیەی قوتابییە یەکەمەکەی چەمچەماڵ نۆژەندەکەنەوە، بیری چووە سەرەتا دەبێت ئەو ئەقڵ و ڕوانینە نۆژەنبکرێتەوە، بواری پەروەردە و ئەو هەرێمەی کردە کەلاوە! یەکەمبوونی ئەو کچە لەو کەلاوەیەدا پێی گوتن: کۆشک و قوتابخانە تایبەتی و بازرگانییەکانتان، لە ناوەوەڕا کەلاوەن و داڕزیون، وەلێ رۆح و بڕوای من لەنێو کەلاوەدا کۆشکێکی جوان و بڵند و دەبریسکێتەوە. لی کوان سەرۆکی سەنگافورە دەڵێت: من پەرچووم لە سەنگافورە نەخوڵقاند، بەڵکو داهاتی وڵاتم خستە خزمەت فێربوون و پێگەیاندن و پێگەی مامۆستام بردە بەرزترین پێگە لە کۆمەڵگەدا، ئەوە سەنگافورەی ئەمڕۆی دروستکرد، نەک من.

٢- لەو هەرێمەی ئێمە هەر لەسەرەتای راپەڕین داهاتیان خستە خزمەت حزب و شەڕی چەکداری، وێستاش هەر شەڕی حزب و گەورەکردنی خێڵ و هێزی چەکدار و پیرۆزکردنی دیوەخان! بواری فێرکاری و پەروەردە و مامۆستاش دیارە چییان لێکرد! گەیشت بە شەق تێهەڵدان و سووکایەتی پێکردنی مامۆستاش! سەیرکەن بزانن رێکخراو و بارەگای حزبەکان زۆرترە، یان قوتابخانە؟! مامۆستا زۆرترە یان چەکدار؟! کادیری حزبی رێزلێگیراوترە یان مامۆستا؟ مووچەی مامۆستا زۆرترە، یان مووچەی سیاسی و حزبییەکان؟ لەوە ماڵوێرانتر چییە حزبی نەبیت ناکرێیتە بەڕێوەبەر و یاریدەدەری قوتابخانە، ناکرێیتە سەرۆک زانکۆ و بەرپرسی بەشێکی هەرە خوارەوەش. ماڵوێرانتر ئەوەیە کۆمیتە و ناوچە و لق و مەڵبەند مەرجەعی یەکلاکەرەوەی پێدانی ئەو پێگانە بن! بە راست بەو بەحزبیکردنەی پەروەردە و قوتابخانە و زانکۆکان سەنگافورەتان دروستکرد؟

٣– مامۆستایەک پاش زیاتر لە ٤٠ ساڵ خزمەت، خانەنشین کراوە بە ٦٠٠ یان ٧٠٠ هەزار دینارێک، وەلێ پەرلەمانتار بە چوار ساڵ بە حەوت هێندەی مامۆستا دابەستە دەکرێ! هەزارانی دی بە ناوی سەمەرە بە چوار و پێنج هێندەی خانەنشینی مامۆستایەک خانەنشین دەکرێت. مووچەی مامۆستا لە مووچەی زۆر چینی دی کەمترە، سەدان وانەبێژ بە مووچەی ٣٠٠ هەزاری مانگانە خەون بە دامەزراندنەوە دەبینن، بەڕاست ئەو ئەقڵە کورت و سیاسەتە سەنگافورە دروستدەکات؟!

٤- یەکەمبوون لە نمرە شتێک نییە، ئەگەر پەرە بە بەهرە و تواناکان نەدرێت، کوالێتی خوێندن و زانکۆکان بەرزنەکرێتەوە و زەمینەی پێشخستنی پیشە و داهێنان و هەلی کار نەڕەخسێندرێت. ئێستا نێزیکی ٣٠٠ هەزار دەرچووی دانەمەزراوی زانکۆ و پەیمانگا بوونەتە لەشکرێکی گەورەی بێکار، بە سەدان یەکەمی ساڵانی پێشتری تێدان، ئیدی یەکەمبوون ئەوەیە بەر بەو کارەسات و گەرەلاوژەیە بهێندرێت.

سیستەمێکی سیاسی، زانکۆیەک، بەرهەمی هەرێمەکەی هەر نەوت و بەرخۆری و بە مووچەخۆرکردنی خەڵک بێت، کشتوکاڵ و پیشەسازی، بازاڕی ناوخۆ و بەرهەمی داڕووخابێت، لەڕاستیدا هەرگیز یەکەم نابێت و یەکەمەکانیشی هەناسەسارد و دڵشکاو دەبن.

محەمەد چۆمانی

Leave A Reply

Your email address will not be published.